عەدنان کەریم خانەنشین بوو

6 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
Primary Asset

 سبەى

عەدنان کەریم هونەرمەندی گەورەی کورد و مامۆستاى زانکۆى سلێمانى ماڵئاوایی لە زانکۆ کرد و خانەنشین بوو.

رۆژى چوارشەممە، مامۆستایانی کۆلێجی هونەرەجوانەکانى زانکۆى سلێمانى لە بەشی شێوەکاری مەراسیمێکی ماڵئاوایی و ڕێزلێنانیان بۆ عەدنان کەریم سازکرد.

لە مەراسیمەکەدا چەپکە گوڵی سوپاس و پێزانینى پێ بەخشرا.

عەدنان کەریم لە ساڵی ١٩٦٣ لە کەرکوک لەدایکبووە، لەبنەڕەتدا خەڵکی گوندی ژاژڵەی سەر بە ناوچەی شارباژێڕە، بەڵام بەھۆی سیاسەتی ڕاگواستن و بەعەرەبکردنی ڕژێمی بەعسەوە خانەوادەکەى چوونەتە سلێمانی و ھەر لەوێ ماونەتەوە.

عەدنان کەریم ساڵی ١٩٨٥ بەشی وێنەکێشانی لە پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی سلێمانی تەواوکردووە. لە ساڵی ١٩٩١دا کوردستانی جێھێشتووە.

سەرەتای کاری ھونەریی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ تیپی موسیقای سلێمانی بە گۆرانیی دەسماڵێ. پاشان لە ساڵی ١٩٨٠دا، گۆرانیی کازیوەی لەگەڵ تیپی موسیقای سلێمانی تۆمارکرد بۆ شانۆگەریی زەلکاو، کە بەرھەمێکی شانۆیی تیپی شانۆی پێشڕەوی کوردی بوو لە سلێمانی.

ساڵی ١٩٨٣، گۆرانیی شەوی تاریک و بێدەنگی تۆمار دەکات لە ئامادە کردنی ئەنوەر قەرەداغی. لە ھەمان ساڵدا پەیوەندی کردووە بە تیپی مۆسیقای نەورۆزەوە کە سەر بە تیپی موسیقای سلێمانی بوو و عوسمان محەممەد سەرپەرشتی دەکرد.

لە ساڵی ١٩٨٩ دا لەگەڵ ھەندێ ھونەرمەندی تردا تیپی مۆسیقای کۆمەڵەی ھونەرەجوانەکان دادەمەزرێنن. لە ساڵی ١٩٩١ دا لە کۆڕەوە گەورەکەی کورددا بەرەو ڕۆژھەڵاتی کوردستان کەوتە ڕێ و لە شاری مھاباد بۆ ماوەیەک جێگیر بوو. لەو ماوەیەدا چەندین کاری ھونەری لەگەڵ ھونەرمەندانی موسیقی ناوچەی موکریاندا ئەنجامدا وەک عود ژەن و چەندین بەرھەمی ھونەری یان بۆ ھونەرمەندانی وەک محەممەد ماملێ، محەممەد دانش، ئەحمەد ئیسلامی، ئیسماعیل شاھی و ھەندێک ھونەرمەندی تۆمارکرد. لە ساڵی ١٩٩٢ چووە وڵاتی سوید و درێژەیدا بەکاری ھونەری و یەکەم بەرھەمی لە دەرەوەی کوردستان کاسێتی بیرتان دەکەم بوو کە لە شاری لیل ی فەرەنسی تۆمار کرا و حەوت گۆرانی لە خۆ گرتبوو. لەوانە چوار گۆرانیان ئاوازی ھونەرمەند ڕزگار ئیسماعیل و گۆرانییەکانی ھەڵەبجە، کۆچ، ئازادی لە ئاوازی عەدنان کەریم خۆی بوو.

لە ساڵی ١٩٩٤–١٩٩٥ لە سوید چووە بەر خوێندن و بۆ ماوەی ساڵێک کۆرسی تەکنیکیی تۆمارکردنی دەنگ و موسیقاى خوێند، ساڵی ١٩٩٥ بەرھەمی ڕازى لە سەر کاسێت بڵاوکردەوە.

ساڵی ١٩٩٦ یەکەم بەرھەمی خۆی لەسەر سیدی بەناوی شەوی یەڵدا بڵاوکردەوە  کە مۆسیقای ئەم بەرھەمە لە سلێمانى لە لایەن تیپی موسیقای کۆمەڵەی ھونەرەجوانەکان ئامادە کرا و پاشان لە سوید ھونەرمەند عەدنان کەریم دەنگی خۆی لە سەر تۆمار کرد.

لە ساڵی ١٩٩٩ دا ئەلبومی ئەڕۆی ئۆغرى هێنایە بەرھەم و غەمگین فەرەج ئەرکی دابەشکردنی دەگرێتە ئەستۆ.

لە ساڵی ٢٠٠٠ کۆنسێرتێکی تایبەت لە ھۆڵی کۆنسێرت ھاوسی شاری ستۆکھۆلم پێشکەش کرد. لە ساڵی ٢٠٠٢ دوو کۆنسێرت لە شاری یۆتۆبۆری و شاری سوتۆکھۆڵم پێشکەش کرد بە ھاوکاری گرووپی "ئاگری زیندوو"، ھەر لە ھەمان ساڵدا ئەلبۆمی «شنەی با» بڵاو کردەوە کە گۆران کامیل و فەرھاد محەممەد و غەمگین فەرەج دابەشکردنی موسیقایان بۆ ئەنجام داوە.

لە ساڵی ٢٠٠٤ کۆنسێرتی شاری لەندەن لە ھۆڵی شازادە ئێلیسابێت پێشکەش کرد ھەر لە ھەمان ساڵدا لە وڵاتی ھۆڵەند کۆنسێرتێکی ترى پێشکەشکرد. ساڵی ٢٠٠٥ لە شاری سنە لە ھۆڵی زانکۆی کوردستان کۆنسێرتێکى ئەنجامدا. ھەر لە ھەمان ساڵدا ئەلبومی تاڤگەیەک لە عیشقى بڵاوکردەوە. ئەم بەرھەمە بە سەرپەرشتی گۆران کامیل و ھونەرمەند حسێن زەھاوی ئەنجام درا و لە ستودیۆ بێل تۆمارکرا. ھەر لە ھەمان ساڵدا لە فێستیڤاڵێک لە لە لەندەن لەگەڵ گرووپی ئاگری زیندوودا بەشداریکرد. ھەر لە ساڵی ٢٠٠٥ بەشدار بوولە فیستیڤاڵی «رێ ئۆریانتال» کە ساڵانە لە شاری ستۆکھۆڵم بە بەشداری چەندین ھونەرمەندانی نەتەوەکانی جیهان نمایش دەکرێ.

لە ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ گروپی کامکاران ئەلبومی ئەمشەوى بڵاو دەکاتەوە کە لە تاران تۆمار کراوە. لە بەھاری ٢٠٠٧ دا لەگەڵ تارا جاف کۆنسێرتێکى لە لەندەن پێشکەشکرد. لە ھاوینی ٢٠٠٧ لەگەڵ گرووپی کامکاران چوار کۆنسێرت لە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی و سێ کۆنسێرت لە تاران پێشکەشکرد.

لە مانگی شوباتی ٢٠٠٨ بەشداریکرد لە فێستیڤاڵێک لە وڵاتی کینیا. هەمانساڵ لەگەڵ تارا جاف کۆنسێرتێکى لە کتێبخانەی شاژنی وڵاتی دانیمارک لە شاری کۆپنھاگن بە سەرپەرشتی تی ڤی کوردان پێشکەشکرد. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی