سبەی
ئەمڕۆ 5ـی ئازار، 34 ساڵ بەسەر راپەڕینی خەڵکی کوردستان دژی رژێمی بەعس تێدەپەڕێت، کە لە 5ـی ئازاری 1991 لە رانیەوە بە بەشداری سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان بە پشتیوانی پێشمەرگە دەستیپێکردو به رزگاركردنی كهركوك و سهرجهم ناوچهكانی تر كۆتایی هات و تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا.
دەروازەی راپەڕین
دەڤەری راپەڕین، لە روی کارگێڕییەوە ئیدارەیەکی سەربەخۆی ھەیە بەناوی (ئیدارەی راپەڕین) کە سێ قەزا و هەشت ناحیە لەخۆدەگرێت: قەزاکانی (رانیە، قەڵادزێ و حاجیاوا) و ناحیەکانی (چوارقوڕنە، بێتواتە، سەرکەپکان، سەنگەسەر، ژاراوە، ھێرۆ، ھەڵشۆ و ئیسێوە).
رانیە دەکەوێتە باکوری خۆرئاوای شاری سلێمانی و نزیکەی 130 کیلۆمەتر لە سلێمانییەوە دورە، بە شاخەکانی کێوەڕەش و حاجیلە و ئاسۆس دەورە دراوە، رانیە بە دەروازەی راپەڕین بەناوبانگە ئەوەش دواى ئەوەى یەکەم چەخماخەى راپەڕینەکەی ساڵی 1991 لەو شارەوە لێدرا و بوو بە دەروازەی راپەڕین بۆ سەرجەم شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان.
دواى چەندین ساڵ زوڵم و زۆرداری رژێمی بەعس دژی خەڵکی کوردستان، هاوڵاتیانی کوردستان بە ئیرادەیەکی نوێوە هاتنە سەرشەقام و بە هەوڵ و خەباتیان کە بۆ ژیانێكی ئازادو سهربهستانە بو، لهماوهی كهمتر له مانگێكدا سهرجهم شارەکانی ههرێم به كهركوكهوه ئازادکران، بهڵام دواتر رژێمی بەعسی دەسەڵاتداری ئەوکات بهشێكی زۆری شاره گهورهكانی كهركوك و سلێمانی و ههولێر و دهۆكی داگیركردهوه، بۆ دهربازبونیش له دڕندهیی رژێمی سهدام گهلی كورد لهكۆڕهوێكی ملیۆنیدا بهرهو ناوچه سنورییهكانی ئێران و توركیا كۆچیان كرد، کە دواتر بڕیاری 688ـی ئهنجومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتی لێکەوتەوە، كه بههۆیهوه ناوچهی "ئارام" له سهروی هێڵی پانی 36 بۆ پاراستنی گهلی كوردستان دیاریكرا.
هەر لە دەرئەنجامەکانی راپەڕیندا، بۆ یەکەمجار کورد پشتیوانیەکی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا، کە بوە هۆی دروستبونی کیانێکی ئیداری و ناوچەیی لە باشوری کوردستان.
ساڵەها بو کورد بەدەستی حیزبی بەعس خوێنی دەڕژا، ئەو ئازادیەی دوای راپەڕین بۆ کورد دروست بو، دەسکەوتێکی ناوازە بو.
دوای راپەڕین یەکەم هەڵبژاردن لە ناوچە کوردستانییە ئازادکراوەکان ئەنجامدرا و دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان پێکهاتنی یەکەم پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ بەرهەم هات.
بەڵام دواتر شەری ناوخۆی چەند ساڵەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پاڵپشتیی ژمارەیەکی حیزبی تر لەو لایەنانەی شەڕی، بەشێکی زۆری دەستکەوتەکانی لەناوبرد و تائێستاش هەرێمی کوردستان گیرۆدەی لێکەوتەکانی ئەو شەڕەیە. ئەگەر بەباشی هەرێمی کوردستان ئیدارە بدرایە دەبوە هەوێنی دروستبونی ناوچەیەکی دیموکراسی لە ناوچەکە.
شەهید عەلی نەبی
شەهید عەلی نەبی، کە یەکەم کەس بو بەشداریی راپەڕینەکەی کرد، بە دەنگی خۆی باس لە چۆنێتی دەستپێکردنی راپەڕین دەکات
بەپێی دەنگەکەی عەلی نەبی، هەرچەندە نەوشیروان مستەفا، کە ئەوکات سەرپەرشتی دەستپێکردنی راپەڕینی دەکرد و هەر خۆی پلانی راپەڕینی دانابوو کە 7ـی مانگی ئازاری داناوە بۆ دەستپێکردنی راپەڕین، بەڵام خۆیان وادەکەیان پێشخستوەو لە رۆژی 5ـی ئازاردا دەستیان پێکردوە.
عەلی نەبی دەڵێت: بۆیە وادەکەمان پێشخست، چونکە رژێم هەستی بەوە کردبو کە جموجۆڵ لە ئارادایە و ئەگەری راپەڕینی خەڵک هەیە، بۆیە هێزێکی زۆریان لە ناوچەکە کۆکردبوەوە، هێزی زیاتریان دەهێنا، ئێمەش بۆ ئەوەی رژێم فریای هێنانی هێزی تر نەکەوێت، وادەی راپەڕینەکەمان پێشخست.
ئەندازیاری راپەڕین
راپەڕین؛ دەنگ هەڵبڕینی جەماوەری گەلی باشوری کوردستان بو، دوای دەیان ساڵ خەباتی سیاسی و چەکداری، کە لەلایەن نەوشیراون مستەفاوە تەواوی وردەکاریی و بەرنامەکانی ئامادەکرابو. بۆیە راپەڕین سەرەتایەکی گرنگ بو بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و خۆبەڕێوەبردن.
لەو چوارچێوەیەدا، نەوشیروان مستەفا، هەر لەیەكەم ساتەوەختی راپەڕین و دوای كۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی بەعس، سەرقاڵی داڕشتنی بناغەكانی دەوڵەتی هاوڵاتی و دامەزراوەیی بون، هەنگاوی یەكەم هەوڵیاندا كەسە حیزبییەكان بە تەنها وڵات بەڕێوەنەبەن، بەڵكو كەسانی شارەزاو تەكنۆكرات بەشداریی پێبكرێت بۆ بەگەڕخستنی دامودەزگاكان و دواتریش ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دامەزراندنی حكومەتێكی بەرپرس كە لەئاستی داخوازی و چاوەڕوانی خەڵكدا بێت.
نەوشیروان مستەفا لە چاوپێکەوتنێکیدا سەبارەت بە راپەڕین ئاماژەی بەوەکردبو "ئێمە ساڵی 1991 راپەڕینمان کرد، گەنجێک کە لەدایکبوی 1991ـە ئێستا مافی دەنگدانی ھەیەو پێویستی بەوەنییە ئێمە راپەڕینی پێ بفرۆشینەوە، ئەو گەنجە ئێستا پێویستی بە ژیانێکی خۆش، سەفەر، ژیانێکی شەرافەتمەندانەیە و ناکرێ ئێمە تەنھا باسی مێژوی بۆ بکەین، دەبێت ھەوڵی باشکردنی ژیانی بدەین".
هەر سەبارەت بە راپەڕین، نەوشیروان مستەفا دەڵێت: "خەڵک هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی راپەڕین بوە. بەڵام بەرهەمی راپەڕین بۆ خاوەنە راستەقینەکەی نەبو کە خەڵکە.
مام جەلال: نەوشیروان مستەفا سەرکردەی فعلی راپەڕین بو
خوالێخۆشبو جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق لە بیرەوەرییەکانیدا جەخت لەو راستییە دەکاتەوە کە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، سەرکردایەتی فعلی راپەڕینی ساڵی 1991ـی کردوە.
لە کتێبی (دیداری تەمەن) کە باس لە بیرەوەرییەکانی خوالێخۆشبو جەلال تاڵەبانی دەکات و لەلایەن سەڵاح رەشیدەوە ئامادەکراوە و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کێ رۆڵی سەرەکی بینی لە راپەڕینی ساڵی 1991دا، جەلال تاڵەبانی دەڵێت: دەوری سەرەکی راپەڕین هی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و رێکخستنەکانی ناوەوەی یەکێتی و مەفرەزەکانی ناوەوەبون و ئەوان رێبەرە فعلییەکەبون کە لە مەیدانەکەدابون، سەرکردایەتی فعلی راپەڕینەکەش کاک نەوشیروان مستەفا بو.
سەبارەت بە کەرکوک و رزگارکردنی ئەو شارە لە دەستی رژێمی بەعس، جەلال تاڵەبانی وتی: "بەڵێ کەرکوک بەهێزێکی سەرەکی یەکێتی کە رێبەرەکەی کاک نەوشیروان بو رزگارکرا.