شەڕ و پێکدادانی قورس دەستیپێکردووە .. لە سوریا چی روودەدات؟

#سوریا#شەڕو ئاڵۆزی#روبەڕوبوونەوەی چەکداری
یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لە سێ پارێزگای سوریا شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان چەکدارانی حکومەتی دیمەشق و ژمارەیەک گروپی چەکدار کە دەوترێت سەر بە بەشار ئەسەدن و لە پێکهاتەی عەلەوییەکانن دەستی پێکردووە
  • تائێستا زیاتر لە 70 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون
Primary Asset

سبەی

لە سێ پارێزگای سوریا شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان چەکدارانی حکومەتی دیمەشق و ژمارەیەک گروپی چەکدار کە دەوترێت سەر بە بەشار ئەسەدن و لە پێکهاتەی عەلەوییەکانن دەستی پێکردووە، تائێستا زیاتر لە 70 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

لە دوێنێ پێنجشەممەوە، شەڕی پێکدادانی قورس لەنێوان چەکدارانی ئیدارەی نوێی دیمەشق و ژمارەیەک چەکدار لە پارێزگاکانی لازقیە و تەرتوس و چەند گەڕەکێکی شاری حمس دەستی پێکردووە، کە زۆرینەیان سەر بە مەزهەبی عەلەویین.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، تەنها لە پێکدادانەکانی شاری جەبلە و دەوروبەری لازقیە 48 کەس کوژراون، 28 کەسیان لە لایەنگرانی رژێمی پێشووی بەشار ئەسەدن، 20 کەسیش لە هێزەکانی ئاسایشی سەر بە ئیدارەی دیمەشق بوون.

دوای روداوەکانی ئەو پارێزگایە، ئیدارەی ئاسایش بڕیاریدا تا کاتژمێری 10ـی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەنێت، ئەوەش بەپێی ئاژانسی هەواڵی سانای سوری.

لەلایەکی دیکەوە، لە بەشێک لە گەڕەکە عەلەوی نیشینەکانی حمسیش شەڕو پێکدادان لەنێوان چەکدارانی دیمەشق و گروپێکی چەکدار رویدا کە بەلایەنگریی رژێمی ئەسەد تۆمەتبار دەکرێن، بەوهۆیەوە لەو پارێزگایەش قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندرا.

لە پارێزگای تەرتوسیش، شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان گروپە چەکدارەکانی ئەو شارە و چەکدارانی دیمەشق رویدا و بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و بریندار لە هەردوولا کەوتەوە.

هێزەکانی ئاسایشی سەر بە ئیدارەی دیمەشق رۆژی پێنجشەممە بڵاویان کردەوە؛ لە ناوچەکانی رۆژئاوای سوریا، روبەڕووی ژمارەیەک چەکدار بونەتەوە کە سەر بە رژێمی پێشووی بەشار ئەسەدن، کە لەلایەن سوهێل حەسەن یەکێک لە گەورە ئەفسەرانی سەردەمی بەشار ئەسەدەوە سەرۆکایەتی دەکرێن.

ئاژانسی هەواڵی سانای فەرمی سوریا، پشت بەستن لە زانیارییەکانی بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای لازقیە بڵاوی کردەوە: گروپە چەکدارەکان کە لایەنگری رژێمی روخاوی بەشار ئەسەدن هێرش دەکەنە سەر خاڵەکانی پشکنین و کاروانی ئۆتۆمبێلەکان لەناوچە جەبلە و بەهۆی شەڕو پێکدادان سەریان هەڵداوە.

لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی ئەلعەرەبیە بڵاوی کردەوە: کاروانێکی سەربازیی دیمەشق لە سەر رێگای سەرەکیی حەلەب- لازقیە کەوتونەتە بۆسەی ژمارەیەک چەکدارەوە و شەڕو پێکدادان رویداوە.

لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سوریاش، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی سوەیدا و حەمما، دروزییەکانی ئەو ناوچەیە ئەنجومەنێکی سەربازییان پێکهێناوە بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکانی خۆیان و بە هیچ شێوەیەک ئامادەنین بچنە پاڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع و داوای ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەریی دەکەن بۆ پارێزگاکانیان.

لەیەکەم کاردانەوەشدا حکومەتی ئیسرائیل پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو پێکهاتەیەی سوریا راگەیاند و هەڕەشەی ئەوەیکرد، ئەگەر چەکدارانی سەر بە ئەحمەد شەرع نزیکی ناوچەکە ببنەوە روبەڕوویان دەبنەوە و رێگە نادەن ئەو پێکهاتەیەی سوریا روبەڕوی کۆمەڵکوژی ببنەوە.

روانگەی سوری 14 کاتژمێر شەڕ بەردەوام بووە

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، شارەکانی تەرتوس، بانیاس، جەبلە و لازقیە زۆرینەی لەلایەن چەکدارانی دیمەشقەوە کۆنترۆڵ کراوەتەوە، بەڵام دەوروبەر و کەنارەکانی ئەو ناوچەیە ژمارەیەکی زۆر چەکداری سەر بە رژێمی پێشووی تێدایە و زیاتر لە 14 کاتژمێر روبەڕوبوونەوە لەنێوان هەردوولادا بەردەوام بووە، بەتایبەتی لە شاری جەبلە و دەوروبەری.

ئاماژەی بەوەکردووە؛ هێزێکی زۆری چەکدارانی وەزارتەکانی ناوخۆ و بەرگری دیمەشق گەیشتونەتە ناوچەکە، بەتایبەتی بۆ ناوچە کەنارەکانی سوریا، لە لازقیە و تەرتوس و لە شەڕو پێکدادانەکاندا زیاتر لە 70 کەس کوژراون.

بەپێی روانگەی سوری، ناوچەی قەرداحە بە تەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی دیمەشق دەرهێنراوە و ژمارەیەک گوند و شارۆچکەی دیکەی لازقیەش لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەوە کۆنترۆڵ کراوە.

تورکیا هێز دەنێرێت

هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ناوچە کەنارییەکانی سوریا، شەوی رابردوو سوپای تورکیا لە رێگەی دەروازەی باب کاروانێکی گەورەی ئۆتۆمبیلی سەربازیی بۆ روبەڕوبوونەوەی چەکداران و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرە عەلەوییەکان رەوانەی ناوچەکانی شەڕ و ئاڵۆزیی لە سوریا کرد.

لە ئاسمانی ناوچەکەش تورکیا بە فڕۆکەی سەربازیی چەندین ناوچەی بۆردومان کرد، ئەوەش ناڕەزایەتییەکانی گەورەی لێکەوتەوە و بەدەستوەردانی راستەوخۆی تورکیا لە دۆخی نوێی سوریا لە قەڵەمدرا و بە مەترسی لەسەر ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە و تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەقەڵەم دەدرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2026 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی