لە مەکۆی سەرەکی ده‌بێت لە گردی زەرگەتە.. بزوتنەوەی گۆڕان سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی ئەنجامدەدات

#بزوتنەوەی گۆڕان#جڤاتی نیشتیمانی#مەکۆی سەرەکی#سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی
7 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 مانگ نوێ کراوەتەوە
زانا داود
Primary Asset

لۆگۆی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان

سبه‌ی

بزوتنەوەی گۆڕان، سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی لە مەکۆی سەرەکی لە گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی ئەنجامدەدات و جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەكه‌ ده‌ڵێت، پاش هەنگاوە قانونی و رێکخراوەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و پاڵپشت بە بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە رۆژی شەممە 5ـی 4ـی 2025، كۆنفرانسه‌كه‌ ئەنجامدەدات.

جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان راشیگه‌یاندووه‌، "سەرجەم گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی راستەقینە کە پابەندبوون بە بەرنامەی سیاسیی گۆڕان و کەلەپوری نەوشیروان مستەفا و دەستوری ناوخۆوە، ئامادەکاری تەواو بکەن و هەمو ئەندامانی دەستەی گشتی (الهیئة العامة) بانگهێشت ده‌کەین بۆ بەشداریی کۆنفرانسی نیشتیمانی لە رۆژی دیاریکراودا ئامادەبن".

دەقی راگەیەندراوی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لەو بارەیەوە:-

‏‎راگەیەندراوی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان

‏‎هاونیشتیمانیان و گۆڕانخوازانی بەڕێز

‏‎هەڵسوڕاو و دڵسۆزانی بزوتنەوەی گۆڕان

‏‎سەرکەوتنتان پیرۆز بێت!

‏‎پیرۆزبایی لە هەمو گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەکەین کە چەند رۆژێک پاش ساڵیادی راپەڕینی گەلی کورد، کە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری بو، دواتر ئەندازیاری گۆڕانکاری و دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان بو، پشت ئەستور بە یارمەتی خوای گەورە و لێبڕاوی گۆڕانخوازان، هەڵسوڕاوان و ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی لە (بەرەی دەستور) حەق بەسەر باتڵدا زاڵ بو و تاجی سەرکەوتنی کردە سەری.

‏‎ وەفادار بە بەڵێنمان کە هەمو رێگەیەکی قانونی، سیاسی و رێکخراوەی بگرینەبەر دژ بە کودەتا و هەڵگەڕانەوە لە دەستوری ناوخۆی گۆڕان لە شەش مانگی رابردودا بە هەوڵێکی بێوچان موئامەرەی کودەتاچیەکان هەڵوەشایەوە.

‏‎بە هەموان رائەگەیەنین بزوتنەوەی گۆڕان پاڵپشت بە بڕیاری فەرمانگەی پارتە سیاسییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە رۆژی شەممە، 5ـی 4ـی 2025، کاتژمێر 10ـی بەیانی، سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی لە مەکۆی سەرەکی لە گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی ئەنجام ئەدات. بڕیاری کۆمسیۆن پاش هەنگاوە قانونی و رێکخراوەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دێت.

‏‎لەم رێگەیەوە سەرجەم گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی راستەقینە کە پابەند بوون بە بەرنامەی سیاسی گۆڕان و کەلەپوری نەوشیروان مستەفا و دەستوری ناوخۆوە ئامادەکاری تەواو بکەن و هەمو ئەندامانی دەستەی گشتی (الهیئة العامة) بانگهێشت ئەکەین بۆ بەشداری کۆنفرانسی نیشتیمانی لە رۆژی دیاریکراودا ئامادەبن.

‏‎جارێکی دیکەش پیرۆز بێت تاجی سەرکەوتن.

‏‎هاوپێچ دەقی بڕیارەکە.

‏‎جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان

27ـی 3ـی 2025

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی