لۆگۆی بزوتنەوەی گۆڕان
سبەی
دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، سێیەمین كۆنفرانسی گۆڕان لە گردی زەرگەتە و لەكاتی خۆیدا ساز دەكرێت.
دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ئەندامانی سێیەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاگادار دەكاتەوە "ئامادەكارییەكانی كۆنفرانس بەردەوامە و گەیشتونەتە دوا قۆناغەكان، پشت بە خوا لەكات و شوێنی خۆی لە ڕۆژی شەممە بەرواری پێنجی نیسانی 2025 لە هۆڵی كۆنفرانسەكان لە گردی زەرگەتە كۆنفرانس سازدەكرێت".
دوێنێ دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، ئامادەكارییەكانیان بۆ بەستنی سێهەمین كۆنفرانسی نیشتمانی پاڵپشت بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران تەواوكردووە.
دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێكی نوسراودا، ئاماژەی بە چەند بڕیارێكی ئەنجومەنی كۆمسیاران كردووە، یەكەمیان بڕیاری ژمارە چوارە لە كۆنوسی ئاسایی ژمارە شەش لە ڕێكەوتی 11-2-2025 نوسراوی فەرمانگەی پارت و ڕێكخراوە سیاسییەكان ژمارە (507) لە ڕێكەوتی 20-2-2025 .
دووەم بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران كە دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی پێاوە، بڕیاری ژمارە یەكە لە كۆنوسی ئاسایی ژمارە نۆ لە رێكەوتی 4-3-2025 بۆ هەمان بابەت كە بەستنی كۆنفرانسە بەو مەرجەی وادەكەی لە 10-4-2025 تێپەڕنەكات.
دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووە "وەكو بزوتنەوەی گۆڕان سەرجەم ئامادەكارییەكانمان بۆ بەستنی كۆنفرانس تەواوكردووە، پابەند بە هەموو ئەو كاتانەی لە بڕیارەكانی سەرەوەدا ئاماژەی پێدراوە، فەرمانگەی پارت و رێكخراوەكان لە نوسراوی ژمارە (875) لە رێكەوتی 26-3-2025 بەستنی كۆنفرانسی بۆ رۆژی شەممە رێكەوتی 5-4-2025 كاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانی لە مەكۆی سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان- گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی و لە هۆڵی كۆنفرانسەكان دیاریكردووە.
دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان دەشڵێت "رەچاوی سەرجەم بۆنە ئایینی و نیشتمانییەكانمان كردووە، لە هەڵبژاردنی رۆژ و كاتی گونجاو بۆ بەستنی كۆنفرانسەكە، پاڵپشت بە دواین بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران".
"لە ئێستاوە رێكەوتی 3-4-2025 بانگهێشتی بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارت و رێكخراوەكان، هەر لیژنەیەك كە نوێنەرایەتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات لە بەغداد بەمەبەستی ئامادەبوون و سەرپەرشتیكردنی پرۆسەكە، هەروەها سەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای شارستانی بانگهێشت دەكەین، بەمەبەستی ئامادەبوون و چاودێریكردنی بەڕێوەچوونی كاروبارەكانی سێهەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكەمان لە پارێزگای سلێمانی لە ڕۆژی شەممە رێكەوتی پێنجی نیسانی 2025 كاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانی لە مەكۆی سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان- گردی زەرگەتە- هۆڵی كۆنفرانسەكان". دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان وا دەڵێت.