پۆست بەرانبەر پۆست؛ بارزانى رێککەوتنى پارتى و یەکێتى خێرا دەکات

#یەکێتى#پارتى
22 ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • نزیکەى مانگێکە دانوستانەکانى پارتى و یەکێتى بۆ پێکهێنانى حکومەت وەستاون، دواى دوایین کۆبوونەوەیان لە 18 ى ئازار کە تێیدا لەسەر دواڕەشنوسی دیدگای هاوبەش بۆ پێکهێنانی حکومەت رێککەوتن.
Primary Asset

نزیکەى مانگێکە دانوستانەکانى پارتى و یەکێتى بۆ پێکهێنانى حکومەت وەستاون

سبەى

چاوەڕواندەکرێت هەفتەى داهاتوو دانوستانەکانى پارتى و یەکێتى بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى کابینەى نوێ دەستپێبکەنەوە، دواى پەیامە بەپەلەکەى بارزانى بۆ هەردوو حزب بە ئامانجى رێککەوتنیان لەو بارەیەوە.

نزیکەى مانگێکە دانوستانەکانى پارتى و یەکێتى بۆ پێکهێنانى حکومەت وەستاون، دواى دوایین کۆبوونەوەیان لە 18 ى ئازار کە تێیدا لەسەر دواڕەشنوسی دیدگای هاوبەش بۆ پێکهێنانی حکومەت رێککەوتن.

سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دانوستانەکانى یەکێتى و پارتى رۆژى پێنجشەممە بە سبەى راگەیاند، هەفتەى داهاتوو شاندى باڵاى پارتى و یەکێتى کۆدەبنەوە و دانوستانەکان بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت دەستپێدەکەنەوە، دواى پەیامەکەى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى لەو بارەیەوە.

بارزانى رۆژى چوارشەممە لەوتارێکدا لەپێشانگاى نێودەوڵەتى هەولێر بۆ کتێب ئاماژەى بەوەکرد، بۆ پێکهێنانى حکومەت تا ئێستا هەنگاوى باش نراوە بەڵام هێشتا ماوە و پێویستە هەرچى زووتر حکومەت پێکبهێنرێت و پارتى و یەکێتى پەلەبکەن لە پێکهێنانى، چونە قەیرانى گەورەتر لە رێگەیە.

ناکۆکییەکان لەسەر چەندین پۆست، لەناویاندا پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى و وەزارەتى ناوخۆ، وادەى دەستپێکردنەوەى دانوستانەکانى پارتى و یەکێتى بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ دواخستبوو، بەڵام بەوتەى سەرچاوەکە هەردوولا نەرمیان نیشانداوە بۆ چارەسەرى ناکۆکییەکانیان لەو بارەیەوە.

رونیشیکردەوە، بەئەگەرى زۆرەوە پارتى بە داواکاریی یەکێتى رازى دەبێت بۆ گرەنتیدان لەبارەى پشتیوانیکردنى یەکێتى بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتى، لەبەرانبەر مانەوەى پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى و وەزارەتى ناوخۆ لەدەستى پارتیدا کە یەکێتى لەکۆبوونەوەکانى پێشوو داوایدەکردن. بەو پێیە لەکۆى چوار سەرۆکایەتی، سەرۆکایەتییەکانى هەرێم و حکومەت و ئەنجومەنى دادوەرى بۆ پارتى، پەرلەمان بۆ یەکێتى دەبن، لەگەڵ پۆستەکانى جێگرى سەرۆکى هەرێم و حکومەت بۆ یەکێتى.

بەوتەى سەرچاوەکە، هەروەها لەکۆبوونەوەى هەفتەى داهاتوودا وردەکاریی پرسی پێکهێنانى یەکلیستی هەردوو حزب بۆ هەڵبژاردنى کۆتایی ئەمساڵى پەرلەمانى عێراق تاوتوێ دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانى سبەى، لە کابینەى نوێ شەش وەزارەت بۆ یەکێتى یەکلابوونەتەوە کە پێشمەرگە و داراییان تێدایە ئەگەر لە دانوستانەکاندا گۆڕانکارییان تێدا نەکرێت. هەروەها سێ وەزارەت لە پشکى پارتى دەدرێن بە سێ لایەنى دیکە، بەشێوەیەک وەزارەتی ڕۆشنبیری دەدرێتە پارتی چاکسازی تورکمانی بەسەرۆکایەتى مونا قەهوەچى، وەزارەتی شەهیدان بۆ پارتى سۆسیال دیموکرات بەسەرۆکایەتى محەمەدى حاجى مەحمود، وەزارەتێکیش بۆ کریستیانەکان.

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان کە هاوکات جێگرى سەرۆکى پارتییە، رۆژى سێشەممە له‌ په‌راوێزى سه‌ردانه‌کەیدا بۆ ئيمارات لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان، هۆکارى سەرەکى دواکەوتنى دەستپێکردنەوەى دانوستانەکانى گەڕاندەوە بۆ جەژنی نەورۆز و رەمەزان، لەگەڵ ئەوەشدا جەختیکردەوە کە لەسەر "رێچكەیەكی دروست" ده‌ڕۆن بۆ ئەوەی بتوانن حكومەت پێكبهێنن. 

وتيشى "دانوستانەكانمان بۆ ئەوەیە كە بە زووترین كات حكومەت پێكبهێنرێت، بەڵام هیچ دید و نییەتێك نییە كە بكەوێتە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەوە نە لەناو پارتی هەیە و نە لەناو یەكێتیش هەیە. با بزانین ئەم گفتوگۆیانه‌ پەنا بەخوا بە زووترین كات دەستپێبكرێنەوە و كابینەی نوێ پەنا بەخوا پێكدەهێنرێت".

یەکێتى و پارتى لە رەشنوسەکەى نێوانیاندا پۆستەکانیان بەسەر سێ ئاستدا دابەشکردووە، پۆستە باڵاکان، وەزارەتە سیادییەکان، وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان، سەربارى دیاریکردنى دەسەڵاتەکان، بەتایبەتى دەسەڵاتى جێگرى سەرۆکى حکومەت کە یەکێتى داواى زیادکردنى دەکات.

خاڵێکى دیکەى رەشنوسەکە تایبەتە بە شێوازى هەڵبژاردنى سەرۆک وەزیران کە بۆ مەسرور بارزانى یەکلایی بووەتەوە، هەردوولا رێککەوتوون سەرۆک وەزیران لەپەرلەمانەوە هەڵنەبژێردرێت بەڵکو دواى راسپاردنى لەلایەن سەرۆکى هەرێمەوە تەنها کابینەکەى بخرێتە دەنگدانەوە بەمەبەستى متمانەپێدان پێی.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە یەکی ساڵی 1992ی هەموار کراو، دەسەڵاتی پەرلەمانە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران) کە ئەویش دەسەڵاتی ناولێنانی ئەندامانی هەیە لەنێو ئەندامانی پەرلەمان و دەرەوەیدا.

هەروەها بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2014ی هەمواری سێیەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پاش ناونانی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاریی لە ماوەیەکدا کە لە 30 رۆژ تێپەڕنەکات.

نزیکەى شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و چوار مانگ بەسەر یەکەم دانیشتنى خولى نوێی پەرلەمانى کوردستان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانى حکومەت و هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان و سەرۆکى هەرێم رێکنەکەوتوون.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی