سبەی
بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ئاشکرایان کرد؛ لە هەنگاوەکانی کۆتایی بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبێکی ئەتۆمی نزیک بونەتەوە، کە زۆر لە بۆمبەکانی سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەم بەهێزترە و 24 هێندەی ئەو بۆمبەی کە هێرشیمای لە ژاپۆن پێکرایە ئامانج بەهێزتر و وێرانکارترە.
تۆڕی فۆکس نیوز، پشت بەستن بە زانیاریی بەرپرسانی ئیدارەی نیشتیمانی ئاسایشی ئەتۆمی بڵاوی کردەوە، بۆمبەکە لە جۆری (B61-13)ـەیە و بەمنزیکانە تەواودەکرێت و رادەستیان دەکرێت.
بەپێی ئەو سەرچاوانە بڕیاربوو بۆمبە ئەتۆمییەکە تا کۆتای ساڵ تەواو بکرێت، بەڵام پەلەیان کردووە لە تەواوکردنی و 7 مانگ پێش وادەی خۆی ئامادەی دەکەن.
پرۆسەی دروستکردن و پەرەپێدانی بۆمبەکە لەسەردەمی دەسەڵاتی جۆ بایدن و لە ساڵی 2023 دەست بە پەرەپێدانی کراوە، کە چەندین تایبەتمەندی بۆ زیادکراوە، لەوانە، بە ئامانجگرتنی ئامانجی سەربازیی وردو و دیاریکراو و ئامانجی قورس و ناوچەی بەرفراوان.
بۆمبە نوێیەکە، کۆپییەکی پەرەپێدراوی بۆمبی (B61)ـی ناسراوە و تواناکەی 360 کیلۆ تۆنە، لەکاتێکدا ئەو بۆمبەی لە هێروشیمای پێدرا تواناکەی 15 کیلۆ تۆن و بۆمبەکەی ناکازاکیش 21 کیلۆتۆن بوو.
تاقیگەکانی ساندیای نیشتیمانی کە بۆمبە ئەتۆمییەکەیان پەرەپێداوە، رایانگەیاندووە: پرۆگرامی بۆمبی (B61-13) پێش وادەی دیاری کراوی خۆی تەواو دەکرێت و رادەستی لایەنی پەیوەندیداری ئەمەریکا دەکرێت.
ئاماژەیان بەوەکردووە؛ پڕۆژەکە بە هاوبەشی لەگەڵ تاقیگەی لۆس ئەلامۆسی نیشتیمانی و ئیدارەی نیشتیمانی ئاسایشی ئەتۆمی پەرەپێدراوە و ئاڵنگارییەکی یەکلاکەرەوە و پێداویستییەکی گرنگی نیشتیمانیی بووە و لە کۆتاییدا توانیویانە ئامانجەکەیان بەدەستبهێنن.