سەربازێکی ئەمەریکی لە سوریا
سبەی
ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ی ئەمەریكی لەزاری چەند بەرپرسێكی ئەمەریكا بڵاویكردووەتەوە، سوپای ئەمەریكا ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستیكردووە بە كشانەوەی سەدان سەرباز لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها كاردەكات بۆ داخستنی سێ بنكەی سەربازی لە كۆی هەشت بنكە.
بەوتەی بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریكا، سوپای ئەمەریكا پلانی ئەوەیە ژمارەی سەربازەكانی لە سوریا لە دوو هەزار سەربازەوە بۆ نزیكەی 1400 سەرباز كەم بكاتەوە، وە دوای چەند مانگێك فەرماندەكانی ئەمەریكا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەكەن كە ئایا زیاتر ژمارەی هێزەكانیان كەم بكەنەوە یاخودنا.
ئەو بەرپرسە سەربازییانەی ئەمەریكا ئەوەشیان خستووەتەڕوو "سەركردەكانی ئەمەریكا پێشنیازی ئەوەیان كردووە كە 500 سەرباز بەلانیكەم لە سوریا بمێننەوە".ئاماژەیان بەوەشداوە كەمكردنەوەی ژمارەی سەربازەكان بە پشت بەستن بووە بە پێشنیازی سەركردە مەیدانییەكان بە داخستنی چەند بنكەیەك و بەهێزكردنی ئەوانی دیكە، بۆ ئەوەش ڕەزامەندی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا "پێنتاگۆن" یان وەرگرتووە.
وەك ئەو بەرپرسانەی ئەمەریكا باسیان كردووە، ئەو هێزانەی دەمێننەوە، ژمارەیەك سەربازی ئاسایی و هێزی تایبەتن، ئەوەش بەمەبەستی پێشكەشكردنی هاوكاری بە هێزەكانی سوریای دیموكرات لە پرۆسەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئیدارەدانی بەشێك لە زیندانەكانی سوریا.
پێشتر رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی هەواڵەكەی بڵاوكردەوە
دوو ڕۆژ لەمەوبەر، رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە: ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ڕۆژی سێشەممە ئیسرائیلی ئاگاداركردەوە كە لە ماوەی دوو مانگدا دەست بە كشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەكانی لە سوریا دەكات.
رۆژنامەكە لەزاری بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلەوە گواستییەوە، ئیسرائیل پێیوایە ئەم هەنگاوە تەنها دەبێتە هۆی كشانەوەی بەشێكی هێزەكانی ئەمەریكا، بەڵام هێشتا لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكانی كاردەكات بۆ ئەوەی رازییان بكات كە هێزەكانیان لە سوریا بمێننەوە.
ئەو بەرپرسە وتی: "ئیسرائیل پێشبینیدەكات كشانەوەی ئەمەریكا ئارەزووی توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنی سوریا زیاد بكات و بەم شێوەیەش گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و توركیا لە ئەگەری كشانەوەی ئەمەریكا زیاتر دەبێت".
بەگوێرەی ڕۆژنامەكە "ئیسرائیل هێشتا فشار دەخاتە سەر واشنتۆن بۆ دواخستنی كشانەوە لە سوریا، چونكە ترسی ئەوەی هەیە توركیا دەست بەسەر سەروەت و سامانی ستراتیژی زیاتر لە سوریادا بگرێت ئەگەر ئەمەریكا بكشێتەوە".
دوو مانگ لەمەوبەر، كەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمەریكی لەزاری دوو سەرچاوەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا پنتاگۆنەوە بڵاویكردبووەوە، پنتاگۆن سەرقاڵی ئامادەكردنی رەشنوسی پلانی كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی ئەمەریكایە لە سوریا.
2000 سەربازی ئەمەریكی لە سوریا
لە مانگی كانوونی دووەمی 2024 پنتاگۆن ڕایگەیاند كە نزیكەی دوو هەزار سەربازی ئەمەریكا لە سوریا جێگیركراون، ئەوەش زیاترە لەو ژمارە فەرمیانەی كە پێشتر وەزارەتەكە ڕایانگەیاندبوو.
لەو ژمارەیە 1100 سەربازیان لەلایەن پنتاگۆنەوە بە هێزی كاتی ناوبران، 900 سەربازەكەی دیكەش بە هێزی سەرەكی.
پنتاگۆن هۆكاری زیادكردنی هێزەكانی لە سوریا بۆ پێشهاتە خێراكانی ئەم دواییەی سوریا گەڕاندبووەوە.
بەوتەی بەرپرسێكی پنتاگۆن بۆ ئێن بی سی، رەنگه ژمارەی سەربازانی ئەمەریكا زۆر زیاتر بێت لەوەی كه پنتاگۆن رایگەیاندووە.