
چەند کۆچبەرێک بە بەلەم دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا
سبەی
پڕۆژەی هاوكاری هاوبەشی فەڕەنسا و بەریتانیا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو كۆچبەرانەی بە بەلەم لە رێگەی كەناڵی ئینگلیزەوە دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا، بەهۆی ئاڵۆزییە ناوخۆییەكانی فەڕەنسا شكست دەهێنێت.
بی بی سی لە سەرچاوە جیاوازەكانەوە زانیویەتی، حكومەتی فەرەنسا پاشەكشەی كردووە لە بەڵێنەكەی ئەمدواییەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توند لەگەڵ ئەو كۆچبەرانەی لە رێگەی بەلەمی بچوكەوە هەوڵدەدەن لە رێگەی كەناڵی ئینگلیزەوە بگەنە خاكی بەریتانیا.
ئاڵۆزیی و گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ئەم دواییە لە فەرەنسا، رۆڵێكی سەرەكییان گێڕاوە بۆ ئەو گۆڕانكارییە، بەڵام ئەم پاشەكشەیە زیانێكی گەورە دەگەیەنێت لە هەوڵەكانی حكومەتی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو كۆچبەرانەی بە لێشاو هەوڵدەدەن بە شێوەیەكی نایاسایی لە رێگەی بەزاندنی كەناڵی ئینگلیزەوە بگەنە وڵاتەكە.
ژمارەی ئەو كەسانەی بەرەو بەریتانیا دەپەڕنەوە، ئەمساڵ زیادی كردووە
ژمارەی ئەو كەسانەی لە كەناراوەكانی فەرەنساوە و لە رێگەی كەناڵی ئینگلیزەوە بەرەو بەریتانیا دەپەڕنەوە، ئەمساڵ زیادی كردووە، بەپێی دوایین ئامارەكان لەمساڵدا زیاتر لە ٣٦ هەزار و ٧٠٠ كەس بەم بەلەمانە چوونەتە ناو بەریتانیا.
حكومەتی بەریتانیا لە ژێر فشاردایە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە كەناڵی ئینگلیز دەپەڕنەوە بۆ وڵاتەكەیان، هەروەها حكومەتی بەریتانیا بەڵێنی داوە رووبەڕووی باندەكانی قاچاخچێتی مرۆڤ ببێتەوە كە ئەو جۆر گەشتانە ڕێكدەخەن.
لە كاتێكدا حكومەتی بەریتانیا ناڕەزایەتی خۆی لە دواخستنەكانی فەرەنسا بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی دەربڕیوە، بی بی سی لە چەند سەرچاوەیەكەوە لە فەرەنسا زانیویەتی، پڕۆژە دەریاییەكەی فەرەنسا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو كۆچبەرانەی بە بەلەم هەوڵی پەڕینەوە لە ئاوەكانی فەڕەنسا بۆ گەیشتن بە بەریتانیا دەدەن شكستی هێناوە.
لای خۆشییەوە بەرپرسانی ئاسایشی دەریایی فەرەنسا، لە كەناڵی ئینگلیز بە بی بی سی یان ڕاگەیاندووە، پڕۆژە نوێیەكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەلەمی نەفەرهەڵگر هێشتا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە و رانەگیراوە.
چارەنووسی پڕۆژەكە لە هەموو كاتێك زیاتر نادیارە
دوابەدوای گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی حكومەتی فەرەنسا و دەستلەكاركێشانەوەی برۆنۆ ڕێتایۆ وەزیری ناوخۆی حكومەتی فەرەنسا، كە لایەنگری سەرەكی جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژە نوێیە بوو، چارەنووسی پڕۆژەكە لە هەموو كاتێك زیاتر نادیارە.
ئەوەش لە كاتێكدایە، پۆلیسی فەرەنسا بە دەگمەن رووبەرووی ئەو بەلەمە پڕ لە كۆچبەرانە دەبێتەوە، چونكە ئەمە مەترسییەكی گەورە بۆ سەرنشینانی بەلەمەكە و هێزەكانیش دروست دەكات.
لە چەند مانگی رابردوودا حكومەتی بەریتانیا هەوڵێكی تایبەتی داوە بۆ هاوكاری لەگەڵ فەرەنسا، بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی لێشاوی كۆچبەرانی نایاسایی كە بە بەلەم دەچنە ناو وڵاتەكەوە.
لە میانی كۆبوونەوەی هاوینی ئەمساڵی نێوان ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا و كییە ستارمەر، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، پرسی كۆچبەری نایاساییش لە سەرووی بەرنامەی كارەوە بوو.
هەردوو وڵات ڕێككەوتن لەسەر پلانێك گەڕاندنەوەی كۆچبەرانی نایاسایی بە شێوەیەكی هاوبەش، بەپێی ئەم پلانە حكومەتی بەریتانیا پەنابەری شایستە لە فەرەنسا وەردەگرێت لە بەرامبەر ئەو كۆچبەرانەی كە بە بەلەم لە فەرەنساوە گەیشتوونەتە بەریتانیا و داواكاری مافی پەنابەرییان رەتكراوەتەوە.
بەپێی دوایین ئامارەكان ٤٢ كەس كە بە شێوەیەكی نایاسایی چوونەتە بەریتانیا، بە پێی ئەم ڕێككەوتنە گەڕێنراونەتەوە بۆ فەرەنسا.
کۆچبەرێک دووجار بە بەلەم دەچێتە بەریتانیا
حكومەتی بەریتانیا بەڵێنی دابوو كە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە كۆچبەران لە گەشتە مەترسیدارەكان بە بەلەمی بچووك بەسەر كەناڵی ئینگلیزدا رابگرێت، بەڵام كاتێك بەریتانیا و فەرەنسا بۆ یەكەمجار لە مانگی تەمموزدا پلانەكەیان ڕاگەیاند، هەندێك لە رێكخراوە خێرخوازیەكانی پەنابەران رەخنەیان لەم هەنگاوە گرت و رایانگەیاند: "تاكە رێگە بۆ ڕێگریكردن لە گەشتە مەترسیدارەكان، دابینكردنی رێگای سەلامەتی ڕاستەقینەیە بۆ پەناخوازان".
بەڵام رەتكردنەوەی فەرەنسا لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی دەریایی پێویست، بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو بەلەمانەی لە رێگەی كەناڵی ئینگلیزەوە دەپەڕنەوە، گوشارەكانی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكان و رای گشتی بۆ سەر حكومەتی بەریتانیا زیاتر دەكات.
لە چەند رۆژی رابردوودا باس لەوە دەكرا، كۆچبەرێك كە بە بەلەم چووەتە بەریتانیا و بەپێی ئەم پلانە رەوانەی فەڕەنسا كراوە، دوای كەمتر لە مانگێك جارێكی دیكە بە بەلەم چووەتەوە بەریتانیا.
ئەو كۆچبەرە كە بی بی سی زانیویەتی پیاوێكی ئێرانییە، سەرەتا لە شەشی ئاب دەستگیركراوە و دواتر لە ١٩ی ئەیلول، بە رێككەوتنێكی نوێ رەوانەی فەرەنسا كراوە. پاشان لە ١٨ی ئۆكتۆبەر بۆ جاری دووەم بە بەلەم كەناڵی ئینگلیزی بەزاندووە و چووەتە بەریتانیا.
ئەو كۆچبەرە بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی وتووە " بەهۆی ئەوەی لە فەرەنسا ژیانی لە مەترسیدایە، هاتۆتە بەریتانیا". لەبەرامبەردا بەرپرسانی حكومەتی بەریتانیا وێرای پشتڕاستكردنەوەی هەواڵەكە، رایانگەیاندوە كە بۆ جاری دووەم ئەو هاوڵاتییە ئێرانییە لە وڵاتەكەیان دیپۆرت و رەوانەی فەڕەنسا دەكەنەوە.
