توێژینەوەیەک پەروەردەی ئایینی بە تەندروستی جەستەیی باشتر لە تەمەنی پیریدا دەبەستێتەوە

#ئایین#تەندروستی
9 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، ئەو کەسانەی لە کەشێکی ئاینیدا دەژین، لە تەمەنی پیریدا کەمتر رووبەڕووی ئاستەنگییەکانی پەیوەست بە تەندروستی دەبنەوە. هەروەها پێشبینی کردووە تا ساڵی 2050، ژمارەی کەسانی سەرو تەمەن 60 ساڵ بگاتە زیاتر لە 2 ملیار و 100 ملیۆن کەس.
Primary Asset

بەساڵاچوویەک لە فنلەندا

سبەی

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، ئەو کەسانەی لە کەشێکی ئاینیدا دەژین، لە تەمەنی پیریدا کەمتر رووبەڕووی ئاستەنگییەکانی پەیوەست بە تەندروستی دەبنەوە. هەروەها پێشبینی کردووە تا ساڵی 2050، ژمارەی کەسانی سەرو تەمەن 60 ساڵ بگاتە زیاتر لە 2 ملیار و 100 ملیۆن کەس.

زانکۆی هیلسنکی لە فینلەندا، توێژینەوەیەکی لەسەر کاریگەرییەکانی ژیان و پەروەردەبوون لە کەشی ئایینیدا کردووە و لەکۆتایشدا گەیشتووە بەو دەرئەنجامەی، ئەو کەسانەی لەو کەشەدا ژیاوون، لە تەمەنی پیریدا کەمتر رووبەڕووی ئاستەنگی تەندروستی و چالاکی بە وێنەی خۆگۆڕینی جلوبەرگ و خۆشتن بوونەتەوە.

لە توێژینەوەکەدا کە زیاتر لە 10 هەزار کەسی سەرو تەمەنی 50 ساڵ لە 28 وڵاتی ئەوروپاوە بەشداریان تێدا کردووە، دەرکەوتووە کە ئایینداری زیاتر لە نێو خێزان و گروپە کەم داهاتەکاندا بەربڵاوە، بەو پێیەی هەندێکیان روویان لە ئایین کردووە وەک ئامرازێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناخۆشی و سەختییەکان. ئەم پەروەردەکردنەش وادەکات بە باشی بتوانن رووبەرووی ئاڵنگارییە جیاوازەکانی ژیان ببنەوە، بەتایبەتی لە رووی ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە.

شو ژۆنگ، کە توێژەرە لە زانکۆی هێلسنکی دەڵێت: "لەکاتێکدا ئایین رەنگە هەندێک سوودی تەندروستی پێشکەش بکات، بەڵام بە تەواوی مەترسییە تەندروستییەکان کەم ناکاتەوە، کە لە ئەنجامی بێبەشبوونی درێژخایەن لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دروست دەبن".

وەبەرهێنان لە کاتی منداڵیدا

توێژەران وایدەبینن کە چارەسەرەکە تەنها لە بەرەوپێشبردنی کەشی ئاینیی نییە، بەڵکو وەبەرهێنان لە خۆشگوزەرانی منداڵان بکرێت. هەروەها یارمەتیدانیان لە تێپەڕاندنی ئاستەنگییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە سەرەتاییەکان، پێش ئەوەی تەمەنی منداڵی و هەرزەکاری تێبپەڕێنن.

لە بەشێکی توێژینەوەکەدا باس لەوە کراوە "وەبەرهێنان لە چاودێری کۆمەڵایەتی منداڵان و کۆمەڵگەی گەورەساڵان، یەکێکە لە کاریگەرترین رێگاکان بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی تەندروستتر".

توێژینەوەکەی زانکۆی هیلسنکی کە لە گۆڤاری Social Science & Medicine بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دانیشتوانی جیهان بە خێرایی پیر دەبن، پێشبینیش دەکات ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵەوەیە تا ساڵی 2050 بگاتە زیاتر لە 2 ملیارو 100 ملیۆن کەس.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی