
خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی زمانی دایک
سبەی
دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند 25 هەزار مامۆستا دادەمەزرێنن، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا ڕایگەیاند بەپێی بەدەستهێنانی بەرزی نمرە لە ئەزموونی شایستەبوون بۆ فەرمانبەری گشتی لە 2024، 15 هەزار مامۆستا دادەمەزرێنن.
لەو خشتەیەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا ڕایگەیاندووە تەنیا شەش مامۆستای کوردی وەردەگیرێن کە پێنجیان بۆ شێوەزاری کوردیی سەروو (کرمانجی) و یەکێکیشیان بۆ شێوەزاری دملی (کرمانجکی، زازاکی)یە.
ئەوا لە کاتێکدایە 623 مامۆستای تورکی و 29 مامۆستای زمان و ئەدەبی تورکی و 757 مامۆستای ئینگلیزی دادەمەزرێندرێن.
لە کاتێکدا کورد دووەم گەورەترین نەتەوەیە و کوردی دووەم زمانی دایکە زۆرترین خەڵک قسەی پێ بکات لە تورکیا و باکوری کوردستان، کەچی تەنیا شەش مامۆستای زمانی کوردی دادەمەزرێندرێن، لە بەرامبەردا نۆ مامۆستای زمانی ڕووسی دادەمەزرێندرێن.
ئەو بڕیارە نوێیە لە کاتێکدایە قۆناغێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردی بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە دەستی پێ کردووە، ئاک پارتیی دەسەڵاتداری تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات لە ماوەی 23 ساڵەی حوکمڕانی ئەودا کۆتایی بە سیاسەتی نکۆڵیکردن، پاکتاوکردن و تواندنەوەی کورد هێندراوە.کەچی تەنیا شەش مامۆستای کوردی دادەمەزرێندرێن، بۆ گوتنەوەی وانەی هەڵبژێردراوی زمانی کوردی.
کێشەیەکی بەردەوام و چارەسەرنەکراو
لە 2012ەوە وانەی زمانی کوردی وەک وانەی هەڵبژێردراو لە کاتەگۆری زمانە زیندووەکان خراوەتە ناو بەرنامەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیاوە.
لە کاتێکدا لە پۆلەکانی 5،6، 7 و 8ی بنەڕەتی خوێندنی زمانی تورکی ناچارییە، کەچی خوێندنی زمانی کوردی ئارەزوومەندانەیە و ئەگەر ژمارەی قوتابییان بگەنە ژمارەی پۆلێک هەفتەی دوو کاتژمێر بە یەکێک لەو دوو شێوەزارە کوردییە وانە دەخوێنن.
لە 2021 سێ مامۆستای کوردی (دوو بۆ شێوەزاری کوردیی ناوەندی و یەکێک بۆ شێوەزاری دملی)، لە 2022 دوو مامۆستای کوردی؛ لە 2023، 50 مامۆستای کوردی (35 بۆ کوردیی ناوەندی و 15 بۆ دملی) و 2024، 10 مامۆستای کوردی بۆ هەردوو شێوەزارەکە دامەزرێندران.
