
سبەى
هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت لە هەولێر کۆبوونەوە، بۆ تاتوێکردنى پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەى نەوت.
ئومێد سەباح سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم رۆژى یەکشەممە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کارو چالاکییەکانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت کرا، هەردوولا پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت تاوتوێکرد، لە بەرامبەردا گوێ لە بیروڕای کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت گیرا.
سەرەڕاى چەند گەڕێکى دانوستان، چارەنوسى پڕۆسەى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان بەنادیارى ماوەتەوە و کۆمپانیاکانى نەوت، پاراستنى گرێبەستەکانیان و رێککەوتنێک گە گەرەنتى شایستەکانى رابردوو و دااهاتوویان بکات کردووەتە مەرجى دەستپێکردنەوەى بەرهەمهێنان و رادەستکردنى بە کۆمپانیاى سۆمۆ بە مەبەستى هەناردەکردنى.
هەفتەى رابردوو وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندبوو، سەرۆك وەزیران داوایكردووە پەلە بكرێت لە گفتوگۆكانی تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، لەکاتێکدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان کێشەکەى بە “سیاسی” ناوبرد.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە دیداری سلێمانی ئاماژەى بەوەکردبوو، كۆمپانیاكانی نەوتیان لە هەرێمی كوردستان دڵنیا كردووەتەوە لە ڕێگەی واژۆ كردنی نوسراوێكی فەرمی لەلایەن وەزیری دارایییەوە كە بەڵێنی داوە پارەی كۆمپانیاكان دابین بكات.
لەبەرامبەردا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كێشەی سەرەكیی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان بە “سیاسی” ناوبرد و ئاماژەى بەوەکردبوو، كۆمپانیاكانی نەوت داوای دەستەبەركردنی مافەکانیان دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەى بەرهەمهێنان و بەهۆى راگرتنى پڕۆسەکەوە 23 ملیار دۆلار زیانیان كردووە.
لاى خۆیەوە، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە دیداری ئەمەریكی لە سلێمانی رایگەیاند، ئەوان چەند مانگێكە ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و ئەركی خۆیان لەو بارەیەوە جێبەجێ كردووە، بەڵام جۆرێك لە سستی هەیە لەلایەن بەغدادەوە و هیوادارن ئەوەش چارەسەر بكرێت، چونكە دواخستنی زیاتری ئەو پڕۆسەیە بەپلەی یەكەم زیان لە گەنجینەی عێراق دەدات پاشان هەرێمی كوردستان.
سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و فرۆشتنی، پێشەوا هەورامانی وتی "ئەوە ئێمە نین كە دەبێت رازی بین لەو بارەیەوە، بەڵكو دەبێت كۆمپانیا نەوتییەكان رازی بن كە ئێمە گرێبەستمان لەگەڵیاندا هەیە".
بەپێی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد كە لە هەمواری یاسای بودجەدا جێگیركرا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و لە 17 ی شوبات چووە بواری جێبەجێكردنەوە، پێویستە هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان لەماوەی 60 رۆژدا لایەنێكی نێودەوڵەتی دەستنیشان بكەن بۆ دیاریكردنی تێچووی راستەقینەی نەوتی هەرێم بەپێی كێڵگەكان، ئەگەریش لەو ماوەیەدا رێكنەكەون پرسەكە دەدرێتە دەست محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بۆ یەكلاكردنەوەی.
ئەو وادەیە لە 17ی نیسان كۆتایی هات و هێشتا هەردوولا نەگەیشتوون بە رێككەوتن لەو بارەیەوە، سەرەڕای چەند گەڕێكی دانوستان لەنێوانیاندا.
لە هەمواری بودجەدا 16 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم دیاریكراوە، تا ئەو كاتەی لایەنێكی نێودەوڵەتی سەربەخۆ تێچووی راستەقینە دیاری دەكات.
بەغداد 46 هەزار بەرمیلی رۆژانەی دیاریكردووە
لەدانوستانەكانی تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، بەغداد 46 هەزار بەرمیلی رۆژانەی دیاریكردووە بۆ پێداویستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەرێم داوای 115 هەزار بەرمیل دەكات، كە دەكاتە 14%ی كۆی بەرهەمەكانی نەوت لە پارێزگاكانی عێراق.
رۆژی 23 ـی شوباتی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بەپێی بڕی بەردەست رایگەیاند.
وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی 28 ی شوباتی دیاریكرد بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) پڕۆسەكە دەستیپێنەكردەوە.
بڕیارە وەزارەتی نەوتی عێراق لە قۆناغی یەكەمی هەناردەكردنەوەی نەوت، 185 هەزار بەرمیل لە هەرێمی كوردستان وەربگرێت، دواتر بەشێوەیەكی قۆناغبەندی بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبكرێتەوە.
