138 هەزار پێشمەرگە لە 11 فیرقەدا؛ یەکخستنەوەى پێشمەرگە بە کابینەى داهاتوو دەسپێردرێت

#پێشمەرگە
یەک ساڵ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • وەزیرى پێشمەرگە رایگەیاند، هێزى یەکگرتووى پێشمەرگە کە بڕیارى لەسەر دراوە 138 هەزار پێشمەرگە دەبێت، کە لە 11 فیرقە و دوو هێزى پشتیوانى یەک و دوو، دوو فەرماندەیی ناوچەیی سەربازى پێکدەهێنرێت
Primary Asset

هێزەکانى 80 ى پارتى و 70 ى یەکێتى گەورەترین دوو هێزى دەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگەن

سبەى

یەکخستنەوەى تەواوەتى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بە کابینەى داهاتوو دەسپێردرێت، وەزیرى پێشمەرگە دەڵێت 138 هەزار پێشمەرگە لە 11 فیرقەى سەربازیدا رێکدەخرێن، ئەمەریکاش جەختدەکاتەوە دەبێت پێشمەرگە لەژێر کۆنتڕۆڵى حکومەتدا بێت نەک حیزب.

هەنگاوەکانى پڕۆسەى یەکگرتنەوەى هێزى پێشمەرگە لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان چڕکرانەوە، دواى ئەوەى بەپێی لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا، کۆتایی ساڵى 2026 دیاریکرا بۆ تەواوکردنى پڕۆسەکە، لەبەرانبەر بەردەوامى هاوکارییەکانى ئەمەریکا و هاوپەیماناندا.

شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى پێشمەرگە رۆژى دووشەممە لە مەراسیمى پلاتفۆرمى دیجیتاڵى وەزارەتى پێشمەرگە لە هەولێر رایگەیاند، بەپێی لێکتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ پنتاگۆن دەبێت کۆتایی 2026 بگەنە ئەنجامى کۆتایی و هەموو هێزەکان بخرێنە ژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگەوە.

وتیشى هێزى یەکگرتووى پێشمەرگە کە بڕیارى لەسەر دراوە 138 هەزار پێشمەرگە دەبێت، کە لە 11 فیرقە و دوو هێزى پشتیوانى یەک و دوو، دوو فەرماندەیی ناوچەیی سەربازى پێکدەهێنرێت. هیواشى خواست لە کابینەى داهاتوودا کۆتایی بەو پڕۆسەیە بهێنرێت و هێزێکى یەکگرتووى نیشتمانى پێکبهێنرێت.

بەپێی لێکتێگەیشتنى نێوان وەزارەتى پێشمەرگە و پنتاگۆن کە ساڵی 2016 واژۆکرا و ساڵى 2022 نوێکرایەوە، کە تا کۆتایی ساڵی 2026  بەردەوام دەبێت، ئەمەریکا لە ناردنى هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و ساڵانە 25% لەو بڕە پارەیە کەمدەکرێتەوە. 

ئەو بڕە پارەیە مانگانە دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار و لەلایەن وەزارەتى پێشمەرگەوە وەک هاوکاریی دەدرێتە ئەو هێزانەى کە یەکیانگرتووەتەوە.

وەزیرى پێشمەرگە وتى "هاوکارییەکان بەردەوامە و ئەوەش دەکەوێتە سەر بەردەوامى پڕۆسەى چاکسازی و یەکگرتنەوەى هێزەکان".

لەبارەى دابینکردنى سیستمى بەرگرى ئاسمانى، وەزیرى پێشمەرگە جەختیکردەوە، هەنگاوى جددى نراوە لەو بارەیەوە و بەڵێنیش لەو بارەیەوە بە پێشمەرگە دراوە.

لە لێکتێگەیشتنەکەدا، پنتاگۆن دوو مەرجى داناوە بۆ بەردەوام بوونى هاوکارییەکان بۆ هێزەکانى پێشمەرگە لەدواى کۆتایی هاتنى، کە بریتین لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، چاکسازیی و ریفۆرم.

ستیڤن بیتنەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان رۆژى دووشەممە لە مەراسیمى پلاتفۆرۆمى دیجیتاڵى وەزارەتى پێشمەرگە لە هەولێر لە وتارێکیدا جەختی لەسەر هەڵوێستى وڵاتەکەى لەبارەى یەکگرتنەوەى پێشمەرگە کردەوە و رایگەیاند، دەبێت پێشمەرگە لەژێر فەرمانى حکومەتدا بێت نەک حزبەکان.

هێزەکانى 80 ى پارتى و 70 ى یەکێتى، گەورەترین دوو هێزى دەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگەن کە ژمارەیان گەیشتووەتە 125 هەزار کەس، بەشێکیان لە چوارچێوەی لیوا هاوبەشەکان و بەشەکەی دیکەیان بەسەر هێزەکانی 80ی 70ی و چەند یەکە و لیوایەکی دیکەی سەر بە بەرپرسانی ئەو حیزبانەدا دابەش بوون.

رۆژى 16 ى نیسانى 2025، بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە پەراوێزى بەشداریکردنى لە دیدارى ئەمەریکى لە سلێمانى جەختیکردەوە، پڕۆسەى رێکخستن و یەکگرتنەوەى پێشمەرگە بەردەوامە، بەڵام لە تموحى ئەواندا نییە و خاوى تێدەکەوێت، بەهۆى پێکهێنانى حکومەت و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق.

وتیشى لەساڵى 2026 یاداشتى لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ هاوپەیمانان کۆتایی دێت بۆ رێکخستن و یەکگرتنەوەى پێشمەرگە ئەگەر تا ئەو کاتە پڕۆسەکە کۆتایی بێت چانسیان هەیە بۆ نوێکردنەوەى یاداشتەکە.

بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق کە لە ساڵی 2005 لە راپرسی سەرتاسەری پەسەندکراوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان دامەزراوەی بەرگری نیشتیمانی سەر بە هەرێمی کوردستانە و بەهێزەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان ناسێنراوە، کە بەشێکە لە سیستمی بەرگری عێراق.

بگەرێ لە سبەی
    2026 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی