
سوپای تورکیا لانیکەم بەدرێژایی 660 کیلۆمەتر رێگای بۆ بەستنەوەی بنکە سەربازییەکانی دروستکردووە
سبەى
تورکیا لەماوەى شەش ساڵدا بە خێرایی ئامادەیی سەربازی خۆی لەخاکى هەرێمى کوردستان فراوانترکردووە و ناوچەیەکى قەدەغەکراوى دروستکردووە، بەشێوەیەک تا کۆتایی ساڵى رابردوو لانیکەم 136 بنکەى سەربازی هەمیشەیی دروستکردووە.
بە سودوەرگرتن لە وێنەی مانگی دەستکرد کە لەلایەن شارەزایانەوە شیکراونەتەوە، لەگەڵ ڕاپۆرتە مەیدانییەکان و سەرچاوەکان، سوپای تورکیا تا مانگی کانوونی دووەمی 2024 لانیکەم 136بنکەى سەربازی هەمیشەیی لەخاکى هەرێمى کوردستان دروستکردووە، ئەوەش بەپێی پێگەى بی بی سی.
تورکیا لەڕێگەی تۆڕی بەرفراوانی بنکە سەربازییەکانییەوە، بە شێوەیەکی کاریگەر دەستى بەسەر زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە خاکی هەرێمى کوردستان و عێراقدا گرتووە و ناوچەیەکى قەدەغەکراوى بە نزیکەیی لەتەواوى سنورەکانى لەگەڵ هەرێم و عێراق دروستکردووە کە لە هەندێک ناوچە دەگاتە قوڵایی 40 کیلۆمەتر.
وێنەکانى مانگى دەستکرد دەریدەخەن، سوپای تورکیا لانیکەم 660 کیلۆمەتر ڕێگای بۆ بەستنەوەی بنکە سەربازییەکانی دروستکردووە. ئەم ڕێگایانە بووەتە هۆی بڕینی دارستانەکان و کاریگەرى هەمیشەیی لەسەر زەوی چیاکانى هەرێم بەجێهێشتووە.
هەرچەندە دروستکردنى بەشێک لەو بنکانە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان، بەڵام 89%یان لە دوای ساڵی 2018 ەوە دروستکراون، ئەو ساڵەی کە تورکیا دەستیکرد بە فراوانکردنی ئامادەیی سەربازی خۆی لە هەرێمى کوردستانی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو.

سوپای تورکیا لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا یەکەم بنکەی خۆی لەسەر خاکى هەرێمى کوردستان دامەزراند و لەو کاتەوە کار بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆی دەکات.
یەکێک لەو بنکانە بنکەی سەرەکی سوپاى تورکیایە لە سنورى ئامێدى، کە دیواری کۆنکرێتی پتەوى هەیە کە تواناى بەرگەگرتنى تەقینەوەى هەیە، لەگەڵ بوونى تاوەرەکانی چاودێری و پەیوەندییەکان، شوێنی جوڵەی زرێپۆش.
لەنزیک ناحیەی کانی ماسی، تیمی بی بی سی ئای بە چاوی خۆیان چاودێری ئەوەیان کرد کە چۆن هێزەکانی تورکیا بە شێوەیەکی کاریگەر پاسەوانی سنووری عێراقیان ناچارکردووە بکشێنە دواوە، کە بەرپرسیارن لە پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی عێراق.
لەچەند شوێنێک پاسەوانی سنوور لەناو خاکی عێراق جێگیربوون، راستەوخۆ بەرانبەر هێزەکانی تورکیا، بەڵام نەیانتوانی بگەنە هێڵی سنووری بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوە ڕوونەدات.
بە ئاشکرا حکومەتی عێراق ئیدانەی بوونی سەربازی تورکیای لە ناوخۆی وڵاتەکەی کردووە. بەڵام لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە، دانی بە هەندێک لە داواکارییەکانی ئەنقەرەدا ناوە.
لە ساڵی 2024 هەردوولا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد بۆ هاوکاریکردن لە شەڕی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەبێ بوونى هیچ سنووردارکردنێک بۆ بوونی هێزەکانی تورکیا لە ناوخۆی عێراق.
عێراق بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان و ئاسایشی ئاو پشت بە تورکیا دەبەستێت، لەکاتێکدا دابەشبوونە سیاسییە ناوخۆییەکان توانای حکومەتی عێراقی لاوازکردووە بۆ ئەوەی هەڵوێستی پتەوی هەبێت لەبارەى بەزاندنى سنورەکەیەوە.
لە هەمانکاتدا دەسەڵاتدارانى هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئەنقەرەدا هەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و هەندێ بەڵگەنامە لەبارەى قوربانیانى مەدەنى بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە، وەک یارمەتیدانى ئەو وڵاتە سەیر دەکرێت بۆ دەربازبوونى لە لێپرسینەوە لەو هێرشانە.
کامەران عوسمان ئەندامى تیمى رێکخراوى سی پی تى کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە و بەدواداچوون بۆ قوربانییە مەدەنییەکان دەکات، دەڵێت "لە زۆربەی بەڵگەنامەکانی مردندا، تەنها هۆکارەکەى بە تەقینەوە دەنووسرێت، پێموایە حکومەتی هەرێمی کوردستان نایەوێت تورکیا بەرپرسیار بکات لەوەی لێرە دەیکات".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختدەکاتەوە، ژمارەیەک قوربانی ململانێی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە "شەهیدى مەدەنی" دانراون و کەسوکارەکانیان مافی قەرەبووکردنەوەیان هەیە. بەڵام هەندێک لە کەسوکارى قوربانیان دواى ساڵانێک هێشتا قەرەبوو نەکراونەتەوە.
