حزبەكانی رۆژهەڵات: پابەندین بە چۆڵكردنی بارەگاكانمان؛ عێراق سەرجەم چالاكی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران قەدەغە دەكات

#عێراق#ئێران#هەرێمی کوردستان#حزبەکانی رۆژهەڵات
19 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 19 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • كەناڵی عەرەبیەی عێراق، لە زاری چەند سەرچاوەیەك بڵاویكردەوە: عێراق بڕیاریداوە سەرجەم چالاكی حزب و رێكخراوە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەسەر خاكەكەی قەدەغە بكات. "سبەی" بۆ پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكە پەیوەندی بە سەرچاوەیەكی ئەمنیی باڵای هەرێمی كوردستانەوە كرد، ئەو سەرچاوەیە وتی "بەڵێ بڕیارەكە ڕاستە" بەڵام هیچ زانیارییەكی دیكەی لەوبارەیەوە نەخستەڕوو.
Primary Asset

وێنەی هەردوو نوسراوەکەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق

سبەی

عێراق سەرجەم چالاكی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە خاكەكەی قەدەغە دەكات، بەرپرسی یەكێك لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش دەڵێت "ئێمە نەتەوەیەكگرتووەكان مافی چالاكی سیاسیی پێداوین بەڵام هیچ چالاكییەكی سەربازی و سیاسیمان لە عێراق نییە"، سەرچاوەیەكی ئەمنیش بڕیارەكەی عێراق پشتڕاست دەكاتەوە.

كەناڵی عەرەبیەی عێراق، لە زاری چەند سەرچاوەیەك بڵاویكردەوە: عێراق بڕیاریداوە سەرجەم چالاكی حزب و رێكخراوە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەسەر خاكەكەی قەدەغە بكات.

"سبەی" بۆ پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكە پەیوەندی بە سەرچاوەیەكی ئەمنیی باڵای هەرێمی كوردستانەوە كرد، ئەو سەرچاوەیە وتی "بەڵێ بڕیارەكە ڕاستە" بەڵام هیچ زانیارییەكی دیكەی لەوبارەیەوە نەخستەڕوو.

بەپێی بەڵگەنامەیەكی نوسراو، كە واژۆی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقی لەسەرە و ڕۆژی 24-4-2025 دەرچووە، سەرجەم ئەو حزبە ئۆپۆزسیۆنانەی لەسەر خاكی عێراقن چالاكی سیاسی و سەربازی و ئابوری و تەنانەت كۆمەڵایەتیشیان لێ قەدەغەكراوە". 

"لە بنەڕەتدا چالاکیمان لە هەرێمی کوردستان نییە"

هاوكات سەرچاوەیەك لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە "سبەی" وت:"بەپێی رێككەوتنی نێوان عێراق و ئێران و حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارە چالاكییەكانیشمان لێ قەدەغە بكرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا ئێمە هیچ چالاكییەكی سەربازی و سیاسیمان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق نییە".

وتیشی:"پابەندین بەو مۆڵەتەی بۆمان دیاریكراوە تا لە زرگوێز و زرگوێزەڵە و بانە گەورە بگوازینەوە، بەڵام ئەو كەمپەی لە سورداش بۆمان دروستكراوە هەموو پێداویستییەكانی تێدا نییە تا خێزان و منداڵەكانمان بنێرین بۆی، داواكارین تا 10 ی ئەم مانگە پێداویستییەكانی بۆ دابین بكرێت".

نەتەوەیەکگرتووەکان بەڵێنی چی پێداون؟

بەوتەی ئەو سەرچاوەیەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، "نەتەوەیەكگرتووەكان و خودی جێنین پلاسخارت كە لە گەڵیدا كۆبوونەتەوە بەڵێنی پێداون كە چالاكی سیاسییان لێ قەدەغە ناكرێت و مافی ژیانیان پارێزراو دەبێت، بەڵام ئێمە ئەوە بەدوور دەزانین چونكە هیچ كەس لە هەرێم ژیانی پارێزراو نییە تا ئێمە ژیانمان پارێزراو بێت، بۆیە لەبری ئەوە خۆمان خۆمان دەپارێزین".

لە ناوچەكانی زڕگوێز، بانە گەورە و زڕگوێزەلە لەنزیك سلێمانی، حیزبەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، رێكخراوی كوردستانی حیزبی كومۆنیستی ئێران (كۆمەڵە)، كۆمەڵەی شۆڕشگێرانی كوردستانی ئێران، چەندین بارەگایان هەیە و نزیكەی دوو ساڵە داوای چۆڵكردنی ئەو بارەگایانەیان لێ دەكرێت.

زانیاریی نوێ لەبارەی چۆڵکردنی بارەگاکانیان

بەگوێرەی رێككەوتنی دوو قۆڵیی بەغداد و تاران، كە هەرێمی كوردستانیش تێیدا بەشدارە، داوای چۆڵكردنی بارەگای حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە سنووری سلێمانی كراوە.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان عێراق و ئێران و هەرێمی كوردستان كە ئاداری 2023 لەنێوانیان واژۆكرا، دەبێت ئەو بارەگایانە و خانەوادەی پێشمەرگەكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بگوازرێنەوە بۆ كەمپی سورداش لە سنوری قەزای دووكان لە پارێزگای سلێمانی.

هەرچەندە لە دوو ساڵی رابردوودا بەشێكی خێزانەكانی ئەو سێ لایەنەی كۆمەڵە چوونەتە كەمپی سوورداش، بەڵام وەكو بەرپرسەكانیان دەڵێن"كەمپەكە لەبارنییە بۆ هەموو بارەگا و خێزانەكان و كەموكورتی زۆرە و تەواو نەكراون".

ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتر و لە چوارچێوەی هەمان رێككەوتندا، حیزبەكانی كۆمەڵە و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران سنورەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان چۆڵكرد، پاساوی ئێران بۆ چۆڵكردنی ئەو كەمپ و بارەگایانەی كۆمەڵەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە نزیك سلێمانی ئەوەیە، گوایە سنوورەكە بۆ هێرش دژی ئەو وڵاتە بەكار دەهێنن.

ئەو شوێنانەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێشتر تێیاندا جێگیربوون و چۆڵیانكردن، لە سنوری قەزای سیدەكان بوون لە پارێزگای هەولێر، بە تایبەتی لە گەرووی زین و بەربزێن، ئێستا هێزی پاسەوانی سنوور تێیاندا جێگیر بووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی