لەدەستدانى زیاتر لە 122 هەزار دەنگ؛ سبەى بژاردەکانى ئۆپۆزسیۆن و سەربەخۆکان بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانى بڵاودەکاتەوە

#ئۆپۆزسیۆن#هاوپەیمانى
25 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 25 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەپێی ئەو خەمڵاندنانەى لایەنەکان لەکۆبوونەوەکاندا خستوویانەتەڕوو، لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن و دەرەوەى پارتى و یەکێتى لەحاڵەتى پێکهێنانى هاوپەیمانیدا دەتوانن لەنێوان 15-17 کورسی پەرلەمانى داهاتووى عێراق بەدەستبهێنن، لەکاتێکدا ئەگەر بەجیا بەشدارى بکەن 10-12 کورسی بەدەستدەهێنن.
Primary Asset

سبەى

لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن و ژمارەیەک لە کەسایەتییە سەربەخۆکان لە هەرێمى کوردستان پرسی پێکهێنانى هاوپەیمانیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى کۆتایی ئەمساڵى پەرلەمانى عێراق یەکلانەکردەوە و چەند بژاردەیەکیان گەڵاڵەکردووە لەو بارەیەوە و بڕیارە لەدوو رۆژى داهاتوودا پرسەکە بەتەواوى یەکلابکەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە لەبارەگاى مەڵبەندى یەکگرتوو لە سلێمانى، نوێنەرانى هەریەکە لە لایەنەکانى نەوەى نوێ، یەکگرتوو، بەرەى گەل، سەربەخۆکان کۆبوونەوە، لە سێیەم کۆبوونەوەى لەو شێوەیەدا لەو بارەیەوە، لەکاتێکدا بەرەى هەڵوێست لە گفتوگۆکانى دروستکردنى هاوپەیمانێتییەکە کشاوەتەوە و کۆمەڵى دادگەریش بەشدارى لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆدا نەکرد.

بژاردەکان

لەکۆبوونەوەکەدا چەند بژاردەیەک گەڵاڵەکران و بڕیارە لایەنەکان لەدوو رۆژى داهاتوودا وەڵامى کۆتایی خۆیان لەو بارەیەوە رادەستى لیژنەى پەیوەندیدار بە دروستکردنى هاوپەیمانێتییەکە بکەن.

ئەبوبەکر هەڵەدنى بەشداربووى کۆبوونەوەکە و یەکێک لەو کەسایەتییە سەربەخۆیانەى هەوڵى سەرخستنى پێکهێنانى هاوپەیمانییەکە دەدەن بە سبەى راگەیاند، بژاردەکان پەیوەستن بە شێوازى پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکە، سەرۆکى قەوارەکە، سەرۆکى لیستەکان لە پارێزگاکان، دابەشکردنى کورسییەکان.

وتیشى بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکە رەچاوى قورسایی و دەنگ و رێکخستن و پێگەى حزبەکان کراوە و بڕیارە لەدوو رۆژى داهاتوودا حزبەکان وەڵامى کۆتایی خۆیان بدەنەوە لەبارەى بژاردەکانەوە و پرسەکە یەکلا بێتەوە.

بەپێی ئەو خەمڵاندنانەى لایەنەکان لەکۆبوونەوەکاندا خستوویانەتەڕوو، لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن و دەرەوەى پارتى و یەکێتى لەحاڵەتى پێکهێنانى هاوپەیمانیدا دەتوانن لەنێوان 15-17 کورسی پەرلەمانى داهاتووى عێراق بەدەستبهێنن، لەکاتێکدا ئەگەر بەجیا بەشدارى بکەن 10-12 کورسی بەدەستدەهێنن.

ئەبوبەکر هەڵەدنى پێیوایە، لەئەگەرى پێکنەهێنانى هاوپەیمانیدا هیچ لایەنێکیان ناتوانن دەنگەکانى پێشوویان بەدەست بهێننەوە، بۆیە چارەسەر پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکە لەبەرژەوەندى کۆکردنەوەى دەنگى ناڕازیدا.

بەشدارینەکردنى کۆمەڵ

لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆى لایەنەکاندا کۆمەڵى دادگەرى بەشدارى نەکرد، بەپێی زانیارییەکانى سبەى، کۆمەڵ لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆنى ئاگادارکردووەتەوە کە هۆکارى بەشدارینەکردنیان بوونى تێبینى بووە لەسەر کۆبوونەوەکە و سەرقاڵ بوونیانە بەکۆنگرەوە.

لەبارەى بەشدارینەکردنیان لە کۆبوونەوەکە، کۆمەڵى دادگەرى لە راگەیەنراوێکدا جەختیکردەوە، لە گفتوگۆکانی دروستکردنی هاوپەیمانێتى نەکشاونەتەوەو سوورن لەسەر دروستکردنی بەئاڕاستەی بەرژەوەندی گشتی خەڵک. 

لەدەستدانى زیاتر لە 122 هەزار دەنگ

یوسف محەمەد سادق سەرۆکى خولى پێشوترى پەرلەمانى کوردستان و یەکێک لەکەسایەتییە سەربەخۆکان، رۆژى دووشەممە دواى کۆبوونەوەى لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن ئاماژەى بەوەدا، هەندێ لایەن پێویستدەکات بگەڕێنەوە بۆ بۆچوونى سەرکردایەتیان، بەڵام ئەوان پێیان وایە دەبێت لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن هەست بە بەرپرسیارێتى بکەن، چونکە سیستمى سانتلیگۆى هەموارکراو هاوپەیمانى لەرووى ژمارەییەوە دەسەپێنێت.

 رونیشیکردەوە، ئەگەر لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بە پەرتەوازەیی بچنە هەڵبژاردنەوە تەنها لە هەولێر 72 هەزار و 550 دەنگ و لە سلێمانیش 50 هەزار دەنگى ناڕازیی دەفەوتێنن، هەروەها لە دهۆکیش کورسی دەفەوتێنن.

هەر لەبارەى پێکهێنانى هاوپەیمانییەوە، مەکتەبی سیاسی یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان رۆژى دووشەممە بڕیاریدا لەسەر بەردەوام بوونى کارەکانى لیژنەى لیژنەی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و دروستكردنی لیستێكی فراوان بۆ هەڵبژاردن.

تا ئێستا تەنها جوڵانەوەى نەوەى نوێ بەئاشکرا خواستى خۆى بۆ پشکەکانى لەئەگەرى پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکە راگەیاندووە و رۆژى یەکشەممە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، سەرۆکى هاوپەیمانێتییەکە بەمافى خۆى دادەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەیی بۆ دەستبەرداربوون لەو پۆستە نیشانداوە بەمەرجێک بە کۆى دەنگى لایەنەکان دیارى بکرێت، هەروەها دەڵێت ئامادەن دەستبەرداری سەرۆکى هاوپەیمانێتییەکە لەبەشێک لە پارێزگاکان ببن و جەختیشدەکاتەوە لەسەر تەوافوقى نەوەى نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو بۆ هەر بڕیارێکى هاوپەیمانێتییەکە.  

هیمداد شاهین وتەبێژى جوڵانەوەى نەوەى نوێ رۆژى دووشەممە بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند، هەندێ "مەرجى تەعجیزى" و هەیە مافى خۆيانە کە قبوڵى نەکەن، بەبێ ئەوەى زانیاریی لەبارەى مەرجەکانەوە ئاشکرابکات.

لاى خۆیەوە، بەختیار شاوەیس وتەبێژى بەرەى گەل بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند، بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنى کۆتایی و پێکهێنانى هاوپەیمانى.

بەشێک لەو لایەنانە لە خولى پێشووى پەرلەمانى عێراق ئەزموونێکى دیکەى هاوپەیمانیان تاقیکردەوە بەناوى هاوپەیمانى هیوا، هاوپەیمانێتییەکەى ئێستاش ئەگەر سەربگرێت دەبێتە تێکەڵەیەک لە لایەنەکانى ئەوکاتى پێکهێنەرى هاوپەیمانێتییەکە و هێزە نوێیەکانى ئۆپۆزسیۆن.

هاوپەیمانێتییەکە لە ساڵى 2021 بەبەشدارى 15 پەرلەمانتارى بزوتنەوەى گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو و ژمارەیەک ئەندامى سەربەخۆ پێکهێنرا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی