کەرتی غەززە
سبەی
ئازادکردنی هاوڵاتیی ئەمەریکی ئیدان ئەلیکزاندەر لەلایەن حەماسەوە، دواین پێشهاتی نێوان حەماس و ئیسرائیلە، پێش ئەوە حکومەتی ئیسرائیل هەڕەشەی توندی لە حەماس کردووە بەوەی دەست بە ئۆپەراسیۆنەکان دەکەنەوە. حەماس بە ئازادکردنی هاوڵاتییە ئەمەریکییەکە دەیەوێت سۆزی ئەمەریکییەکان بە دەستبهێنێت و هێرشەکانی ئیسرائیل رابگرێت.
دوای زیاتر لە 500 رۆژ هاوڵاتییەکی ئەمەریکی لەلایەن حەماسەوە ئازادکرا. ئازادکردنی بارمتەکە لەم کاتەدا هاوکاتە لەگەڵ سەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە ئەمەریکییەکەدا، حەماس داوای ئاگربەستی لە ئیسرائیل کردووە، بەڵام داواکەی رەتکراوەتەوە، چونکە وەک بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل رایگەیاندووە، "ئیسرائیل داوای دەستبەجێ ئازادکردنی نیوەی بارمتەکان دەکات". بەرپرسەکەن دەشڵێت: "حەماس هەوڵدەدات، کۆنترۆڵکردنی تەواوی غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دوابخات، ئازادکردنی هاوڵاتییە ئەمەریکییەکە دواین کارتی فشاریانە".
ئیسرائیلییەکان راشیانگەیاندووە، ئازادکردنی هاوڵاتییە ئەمەریکییەکە کاریگەری لەسەر رێگەدان بە هاوکارییە مرۆییەکان نابێت، هەروەها کاریگەری لەسەر ئاگربەستیش نابێت.
سەبارەت بە ئازادکردنی هاوڵاتییە ئەمەریکییەکە و سەردانیی نەکردنی ترەمپ بۆ ئیسرائیل، حکومەتی ئیسرائیل بە فەرمی رایگەیاندووە کە هیچ کەلێنێک لە نێوان ئیدارەی ترەمپ و حکومەتەکەی نەتەنیاهۆدا نییە، دەشڵێن: "ئاگربەست ناکرێت هەتا حەماس خۆیبەدەستەوە نەدات و سەکردەکانیان کەرتی غەززە جێنەهێڵن".
سەبارەت بە لایەنی ئەمەریکی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پابەندە بە پلانەکەی خۆی، داوای لە ئیسرائیل کردووە شاندی دانوستانکاریان بنێرن بۆ دەوحە بۆ گفتوگۆ، نەتەنیاهۆ رازی بووە، بەڵام رایگەیاندووە، "ئەوە دواین هەلی حەماسە، پێش دەستپێکردنی هێرشی گشتگیر و بەرفراوان بۆ سەر کەرتی غەززە".
سەبارەت بە ئازاکردنی ئەلیکزاندەر، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، "لە ترسی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل ئازادیان کردووە، ئەوە دواین هەلییان بوو بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان".
بەپێی وتەی بەرپرسانی حکومەتی ئیسرائیل، ئازادکردنی بارمتە ئەمەریکییەکە بەبێ هیچ مەرجێک، بۆ ئەوە بووە کە پشتیوانی ئەمەریکییەکان بەدەستبهێنن، چونکە دەزانن هەڕەشە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل رژدە.
دوێنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، "لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، شتانێک روودەدەن لە غەززە کە پێشتر نەبینراوە"، مەبەستی ئەوەیە کە هێرشەکانی ئەمجارەی سوپای ئیسرائیل بێپێشینە دەبن.
چاوەڕێدەکرێت ئازادکردنی بارمتە ئەمەریکییەکە و سەردانی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل رانەگرێت، چونکە داواکارییەکانی حەماس و ئیسرائیل زۆر لە یەکەوە دوورن، چاوەڕوانناکرێت بە ئاسانی بگەنە رێککەوتن، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سوپای ئیسرائیل هێرشەکانیان دەستپێدەکەنەوە.