ئایا پەکەکە بۆ ئەوە دروست بوو دەست بکات بە خەباتی چەکداری؟

#پەکەکە#خەباتی چەکداری
19 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 19 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • هەرچەند خەڵکانێکی زۆر لەگەڵ ناوهێنانی پەکەکەدا، یەکسەر مێشکیان بۆ لای خەباتی چەکداری دەچێت، بەڵام دامەزرێنەرانی ئەو پارتە هەمیشە ئاماژەیان بەوە داوە بە مەبەستی چەک هەڵگرتن لە دژی حکومەتی تورکیا پەکەکەیان دانەمەزراندووە، بەڵکوو دەستگیرکردن، خستنە زیندان و ئەشکەنجەدان و کوشتنی زۆربەی ئەندامانیان ئەوانی ناچار بە چەک هەڵگرتن کردووە، هەر بۆیەیش شەش ساڵ دوای دامەزراندنی پەکەکە دەستیان بە خەباتی چەکداری کردووە لە دژی تورکیا.
Primary Asset

سبەی

هەرچەند خەڵکانێکی زۆر لەگەڵ ناوهێنانی پەکەکەدا، یەکسەر مێشکیان بۆ لای خەباتی چەکداری دەچێت، بەڵام دامەزرێنەرانی ئەو پارتە هەمیشە ئاماژەیان بەوە داوە بە مەبەستی چەکهەڵگرتن لە دژی حکومەتی تورکیا پەکەکەیان دانەمەزراندووە، بەڵکو دەستگیرکردن، خستنە زیندان و ئەشکەنجەدان و کوشتنی زۆربەی ئەندامانیان ئەوانی ناچار بە چەکهەڵگرتن کردووە، هەر بۆیەیش شەش ساڵ دوای دامەزراندنی پەکەکە دەستیان بە خەباتی چەکداری کردووە لە دژی تورکیا.

یەکێک لەو سەرکردانەی پەکەکە کە ئاماژە بەوە دەدات جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)یە.

جەمیل بایک لە کتێبی "مێژووێک لە ئاگر" کە لە ساڵی 2008 چاپ کراوە سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەوان بە مەبەستی چەکهەڵگرتن لە دژی حکومەتی تورکیا پەکەکەیان دانەمەزراندووە، بەڵکو دەستگیرکردن، خستنە زیندان و ئەشکەنجەدان و کوشتنی زۆربەی ئەندامانیان ئەوانی ناچار بە چەکهەڵگرتن کردووە.

هەر بۆیەیش دەسپێکی خەباتی چەکداریی پەکەکە لە دژی حکومەتی تورکیا بۆ 15ی ئابی 1984 واتا شەش ساڵ دوای دامەزراندنی پارتەکە دەگەڕێتەوە.

بە مەبەستی نیازپاکی و دەرخستنی ئەوەی کە پەکەکە لەگەڵ شەڕی چەکداریدا نییە و دەیەوێت کێشەی کورد لە تورکیا بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە چارەسەر ببێت، چەندین جار ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاندووە.

وەک ئەوەی گەورە بەرپرسانی پارتەکە و خودی ئۆجەلان ئاماژەی پێ دەدەن، پەکەکە هەمیشە لەو باوەڕەدا بووە شێوازی خەبات فرەڕەهەندە و ناکرێت لە شتێکدا قەتیس بکرێت.

بۆیەیش چەکهەڵگرتن و خەباتی چەکداری تەنها یەکێکە لە ڕەهەندەکانی ئەو خەباتە فرەڕەهەندەی پەکەکە دەستی پێ کردووە.

 خەباتی پەکەکە لە هەمان کاتدا هەم داکۆکیکردن بووە لە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی گەلی کورد لە باکوری کوردستان کە دوای کودەتاکەی 1980 هێندەی دیکە دووچاری پاکتاوکردن و تواندنەوە بوویەوە، هەم خەباتی داکۆکیکردن بووە لە مافەکانی ژن و یەکسانی جێندەری بەتایبەت لە کۆمەڵگای کوردی کە دەوڵەتی تورکیا بە مەبەست هەموو هەوڵێکی داوە کۆمەڵگای کوردی لە باکوری کوردستان بەرەوپێش و مەدەنییەت نەچێت، هەم خەباتی خەڵکی ڕەنجدەر و کرێکار و جوتیار بووە، بۆیەیش یەکەم گولـلەی تەقێندراوی پەکەکە بەرامبەر دەرەبەگەکانی ناوچەی سیوەرەک بوو لە پارێزگای ڕها لە 1979. 

لە خەباتی شاخەوە بۆ خەباتی شار

پەکەکە هەر لە دامەزراندنیەوە خۆی وەک ئامرازێک زانیووە بۆ سەرخستنی ئەم خەباتە فرەڕەهەندە و بۆ ئەو مەبەستەیش هاوشێوەی خەباتی چەکداری، دەستی داوەتە خەباتی مەدەنی و لە شار بە ئیلهاموەرگرتن لە تێزەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەو ئاراستە سیاسییە لە تورکیا و باکوری کوردستان بە ڕۆڵی خۆی هەستاوە کە ئێستا دەم پارتی نوێنەرایەتی دەکات.

ئەمە لە کاتێکدا بەر لە دامەزراندنی پەکەکە، کوردپەروەرانی باکوری کوردستان حزبێک نەبوو لەژێر یەک چەتردا کۆیان بکاتەوە و هەر یەکە و لە حزبێکدا چالاک بوون. 

بۆ نموونە ئەحمەد تورک لە سەرەتا لە ڕیزی جەهەپە بە سەرۆکایەتی بولەنت ئەجەوید و دواتر پارتی داد بە سەرۆکایەتی سلێمان دەمیرێڵ و شەرەفەدین ئێلچی سەرەتا لە ڕیزی پارتی داد و دواتر لە ڕیزی جەهەپەدا کاریان دەکرد.

هەرچەند ئەو دوو سیاسەتمەدارە و چەندین سیاسەتمەداری کوردپەروەری دیکەیش لە ڕیزی ئەو پارتانەدا داکۆکییان لە مافەکانی نەتەوەکەیان دەکرد، بەڵام نەک هەرگیز داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد نەبووه‌ بەشێک لە سیاسەتی ئەو پارتانە، بەڵکو بەم هۆیەوە ئەو سیاسەتمەدارانە دووچاری لێپێچینەوە کران و لەو پارتانەیش دەرکران.

بۆیە خەباتی سیاسیی کوردانی باکوری کوردستان تاکو ساڵی 1990 و دامەزراندنی پارتی ڕەنجی گەل (هەپ)، خەباتێکی ڕێکخراو و یەکگرتوو و خاوەن ئامانج نەبوو.

تاکو ئەوکاتە خەباتی سیاسیی کورد خەباتی تاکەکەسی بوو و لەناو جوڵانەوە چەپ و سۆسیالیستییەکانیشدا کە کوردەکان کاراکتەری سەرەکی بوون تیایدا، دۆزی کورد ئامانجی سەرەکیی خەبات نەبوو.

بەڵام لە دوای هێنانەسەرپێی ئەو جوڵانەوە سیاسییە کە مێژووەکەی بۆ هەپ دەگەڕێتەوە و ئێستا دەم پارتی درێژەی پێ دەدات، بەرە بەرە دۆخی کورد بۆ جۆرێکی دیکە گۆڕاوە.

هەرچەند بە هۆی داکۆکیکردن لە گەلەکەی و بە پاساوی ئەوەی کە گوایە "ئەندامی پەکەکەن" بەردەوام ئەو جوڵانەوە سیاسییە دووچاری کێشە کراوەتەوە و زیندانەکانی تورکیا پڕکراون لە ئەندامانی، بەڵام هەرگیز ئەمە چۆکی بە سیاسییەکانی کورد دانەداوە و ساردی نەکردوونەتەوە لە خەباتی مەدەنی.

لە دامەزراندنی یەکەم پارتی کوردییەوە تاکو ئێستا چەندین پارتی کوردی داخراون و دوای داخستن، هەمان ئەو سیاسییە کوردانە حزبی دیکەیان بە ناوی دیکەوە دامەزراندووە.

لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ

 خەباتی پەکەکە لە شاخ و خەباتی ئەو ئاراستە سیاسییە لە شار، چەندین جار حکومەتی تورکیای ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە کردووەتەوە کە لەو وڵاتە کێشەی کورد هەیە و پێویستی بە چارەسەرکردنە.

هەرچەند یەکەم هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بۆ سەردەمی تورگوت ئۆزال، سەرکۆماری ئەوکاتی تورکیا لە 1993 دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی مردنی گوماناوی ئۆزال'ەوە کێشەکە چارەسەر نەکرا.

هەوڵی دووەمیش بۆ ئەمە بۆ ساڵی 2013 دەگەڕێتەوە کە لەو کاتەدا پرۆسەی ئاشتی ڕاگەیەندرا و لە ماوەی دوو ساڵدا تورکیا و باکوری کوردستان بوژانەوەیەکی زۆریان بە خۆیانەوە دیت. بەڵام ئەمە لە دوو ساڵ زیاتر بڕی نەکرد و جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان لە نێوان تورکیا و پەکەکە هەڵگیرسایەوە.

بە سوودوەرگرتن لە هەڵەکانی هەردوو قۆناغی پێشوو، دوایین قۆناغی پرۆسەی دانوستانەکان بە دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە لە 22ی تشرینی یەکەمی 2024ەوە دەستی پێ کرد.

عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش لە 27ی شوباتی 2025 بە دەم داواکارییەکە هات و داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە هاوکات ڕەخساندنی زەمینەیشی بۆ ئەمە لە لایەن تورکیاوە بە پێویست زانی، پەکەکەیش 12ی ئایار ڕایگەیاند کۆتایی بەو شێوازەی خەبات دەهێنێت، چەک دادەنێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.

بۆچی پەکەکە کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت؟

هەرچەند ئەو بڕیارەی پەکەکە ژمارەیەکی زۆر لە خەمخۆرانی کوردی نیگەران کردووە و بەشێکیان بە "شکست" و "خۆڕادەستکردن" ناوی دەبەن، بەڵام بە ئاوڕدانەوە لە دۆخی کورد لە باکوری کوردستان بەر لە دامەزراندنی پەکەکە تاکو ئێستا و ئەو دۆخەی ئێستا پەکەکە تیایدایەتی شتی دیکە بەدی دەکرێت.

هۆکاری سەرەکیی دامەزراندنی پەکەکە کۆتاییهێنان بوو بەو هەموو ستەمکارییەی لە کورد دەکرا، نکۆڵی لە بوونی دەکرا، قسەکردن بە کوردی و ئەنجامدانی هەر جۆرە چالاکییەک بە کوردی قەدەغە بوو، بە کورد دەگوترا تورکی چیایی، کورد لە سەرەتاییترین مافی خۆی بێبەش بوو، زۆربەی کورد نەدەوێران ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان ئاشکرا بکەن، بەڵام ئێستا دۆخەکە بە جۆرێکی دیکەیە.

هەرچەند ئێستایش کورد لە باکوری کوردستان و تورکیا لە زۆر ماف بێبەشە و هیچ مافێکی بەپێی دەستور و یاساکانی تورکیا گرێنتی نەکراوە، زیندانەکانی تورکیا پڕن لەو کوردانەی بەهۆی داکۆکیکردن لە مافەکانی نەتەوەکەیان خراونەتە زیندان؛ بەڵام لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە چاوەڕێ دەکرێت، هەنگاوی گرنگ بنرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە.

لەگەڵ قۆناغی پێشووی ئاشتی ژمارەیەک هەنگاوی گرنگ نراوە، بۆ نمونە دەوڵەتی تورکیا کەناڵێکی ئاسمانی کردەوە کە بە زمانی کوردی بەرنامەکانی پەخش دەکات، وانەی کوردی وەک وانەی بژاردە خراوەتە ناو پڕۆگرامی خوێندنەوە، بەشی کوردی لە ژمارەیەک لە زانکۆکانی باکوری کوردستان کراونەتەوە، کۆی ئەوانیش بەشێک بوون لەو ئامانجە سەرەکییانەی پەکەکە لەپێناویدا دامەزراوە.

هەرچەند لە دوای کۆتایی هێنان بە قۆناغی پێشووی پرۆسەکە لە 2015، حکومەتی تورکیا بە توندترین شێوە کەوتە وێزەی ئەو جوڵانەوە سیاسییەی ئەوکات هەدەپە و دەبەپە نوێنەرایەتییان دەکرد و تەنانەت هاوسەرۆکانی گشتیی ئەوکاتی هەدەپە و چەندین پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانییشیان خستنە زیندان، زۆربەی ئەو میدیایانە داخران کە بە کوردی پەخشیان دەکرد، بەڵام زەبروزەنگ و توندوتیژی نەیتوانی چۆک بە کوردانی باکوری کوردستان دابدات و ئەو جوڵانەوە سیاسییە کە ڕۆژانێک نەیدەتوانی بەربەستی لە سەدا 10 تێبپەڕێنێت و بۆ ئەوەی بگاتە پەرلەمان لەگەڵ پارتە تورکییەکاندا هاوپەیمانی دەبەست، یان وەک کەسایەتی سەربەخۆ ئەندامەکانی خۆیان بۆ پەرلەمان کاندید دەکرد، ئێستا سێیەم کاریگەرترین پارتی سیاسییە لە تورکیا. ئەوە لە کاتێکدا هەر جوڵانەوەیەکی سیاسی دیکە بەم جۆرە دووچاری گوشارخستنە سەر بووایە، ئێستا ئێسقانیشی نەمابوو و دەبووه‌ بەشێک لە مێژوو.

بە لێکدانەوەی تەواوی ئەم ڕاستییانە و نەمانی هاوسەنگی هێز و هێرشە درۆنییەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە لە باشوری کوردستان، گیانلەدەستدانی زۆرێک لە سەرکردە و بەرپرسانی پەکەکە بەهۆی هێرشە درۆنییەکان، داگیرکردنی زۆربەی ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان لەگەڵ باکوری کوردستان لەلایەن تورکیا و کەمبوونەوەی ژمارەی گەریلاکان لە باکوری کوردستان بۆ خوار 100 کەس و ئەگەری هێرشی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، دەردەکەوێت خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بڕیارێکی خوێندنەوە بۆ کراوە و بە ئاسانی نەدراوە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی