دادگای فیدراڵی
سبەی
دادگای فیدراڵی عێراق رایگەیاند سكاڵایەكیان لەسەر دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پێگەیشتووە و داوا دەكەن خەرجكردنی بەردەوام بێت، هەروەها لە بانكە فیدراڵییەكان تەوتین بكرێت.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 1-6-2025 بڵاویكردەوە، ژمارەیەك لە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان سكاڵایەكیان پێشكەش كردووە تا وەزارەتی دارایی عێراق پابەند بێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەویش لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ ساڵەكانی 2023 و 2024 كە بەپێی دەقی بڕیارەكە دەڵێت پێویستە پێدانی مووچە بە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و بەدوور بگیرێت لە كێشە داراییەكانی نێوان بەغداد و هەولێر.
دەقی راگەیەندراوەكەی دادگای فیدراڵی عێراق نوسیویەتی: "ئەمڕۆ سكاڵایەكمان لەلایەن چەند فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستانەوە پێگەیشت و داوا دەكەن پێدانی مووچە لەكاتی خۆیدا بەردەوام بێت، ئەویش بەپێی بڕیاری دادگا ژمارە 224 كە یەكخراوە لەگەڵ بڕیاری 269 ی فیدراڵی/ 2023 لە 21-2-2024".
دادگای فیدراڵی دەشڵێت "فەرمانبەران داوایانكردووە "فەرمانێكی سالاری" دەربكرێت بۆ پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عێراق بە خەرجكردنی مووچە و جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی، هەروەها پابەندكردنی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵ و سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە تەوتین كردنی فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەتەكان و خانەنشینان و تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی لە بانكە فیدراڵییەكان كە لەدەرەوەی هەرێم كاردەكەن و پشكی هەرێمیان بەپێی بودجە بۆ بنێردرێت".
دادگای فیدراڵی دەشڵێت "سكاڵاكە بە ژمارە 104 ی فیدراڵی /2025 وەرگیراوە و بەزووترین فەرمان سالاری بۆ دەردەكرێت".
لەوبارەیەوە، سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق نوسیویەتی "ئەو سكاڵایەی ئەمڕۆ چەند فەرمانبەرێك تۆماریان كرد زۆر بە وردی و جوانی ئامادەكراوە، هیچ لایەنێك خاوەنی نییە".
دەشڵێت "سوپاس بۆخوا دادگا یەكسەر سكاڵاكەی وەرگرت و قەناعەتیشی بەوەكرد ئەمری وەلائی دەربكات بۆ بەردەوامیی پێدانی مووچە".