سبەى
دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق، 20 دەروازەى سنورى لەهەرێمى کوردستان بە “نایاسایی” دادەنێت و دەڵێت لەلایەن هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمەوە دانیان پێدا نەنراوە، سەربارى بوونى شەش دەروازەى دیکە کە تەنها لەلایەن هەرێمەوە دانیان پێدانراوە و بەغداد بە “نایاسایی“ دایاندەنێت.
رائید مالیکى ئەندامى پەرلەمانى عێراق نوسراوێکى دەستەکەى بڵاوکردووەتەوە کەمێژووەکەى دەگەرێتەوە بۆ ساڵى 2023 لەبارەى ژمارەى دەروازە یاسایی و نایاساییەکانى هەرێمى کوردستان و تێیدا سەرۆکى دەستەکە ئاماژەى بەوەکردووە، لە هەرێمى کوردستان شەش خاڵى سنورى لەلایەن هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمەوە دانیان پێدا نراوە کە پێکهاتوون لە، ئیبراهیم خەلیل، باشماخ، پەروێزخان، حاجى ئۆمەران، فڕۆکەخانەکانى هەولێر و سلێمانى.
ئاماژە بەوەشکراوە، شەش دەروازەى دیکە لە هەرێمى کوردستان هەن کە هێشتا عێراق دانى پێدا نەناون و تەنها هەرێم دانى پێدا ناون و بریتین لە، کێلێ، سەیران بەن، پشتە، تەوێڵە، سەرزیرى، سیمالکا.
لەگەڵ ئەوەشدا دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق دەڵێت، 20 دەروازەى دیکەى سنورى بوونیان هەیە کە لەلایەن هیچکام حکومەتى عێراق و هەرێمەوە دانیان پێدا نەنراوە.