سبەى
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بەشدارى حزبەکان لە هەڵبژاردن دەبەستێتەوە بە مەرجى ئاشکراکردنى راپۆرتى دارایی لەبارەى داهات و خەرجی، هاوکات مەرجەکانى دیاریکردنى کارمەندانى سەر سندوقى دەنگدانى راگەیاند.
جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆن رایگەیاند، بەپێی یاساى حزبەکان، پێویستە سەرجەم حزبەکان راپۆرتى دارایی خۆیان لەکۆتایی هەر ساڵێکدا ئاشکرابکەن، کە وردەکاریی خەرجى و داهاتى تێدا بێت و لە رێگەى ژمێریارێکى یاساییەوە پیشکەشى فەرمانگەى کاروبارى حزبەکان بکرێت.
وتیشى دواتر فەرمانگەى کاروبارى حزبەکان راپۆرتەکە بۆ دیوانى چاودێرى دارایی بەرزدەکاتەوە، پاشان چاودێرى دارایی بە راپۆرتێک رەوانەى پەرلەمانى عێراق و ئەنجومەنى وەزیران و کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى دەکات.
سەبارەت بە کردنەوەى دەرگاى پێشکەشکردن بۆ کارمەندى سەر سندوقەکان، وتەبێژى کۆمسیۆن ئاماژەى بەوەکرد، سبەینێ لینکى پڕۆسەکە کارادەکرێت و پێویستە ئەو کەسانەى داواکارى پێشکەش دەکەن تەمەنیان لەنێوان 19-55 ساڵدا بێت و خەڵکى ئەو پارێزگایە بن کە داواکارى لێ پێشکەش دەکەن و ئەولەویەتیش بۆ فەرمانبەرانە.
بەپێی مەرجەکان، کەمترین بڕوانامە بۆ فەرمانبەرانى دەوڵەت کە دەیانەوێت ببنە کارمەندى سەر سندوق ئامادەییە، بۆ دەرچووانی دانەمەزراویش دیبلۆمە. هەروەها پیێویستە ئەو کەسانە خاوەنى کارتى بایۆمەترى بن، نابێت پێشینەى سزادانیان هەبێت لەلایەن کۆمسیۆنەوە. هەروەها نابێت خزمى نزیکى کاندیدەکانى هەمان بازنە بن.