رای حزبەکانی تورکیا سەبارەت بە "پرۆسەی ئاشتی" لەگەڵ کورد جیاوازە

#تورکیا#پەکەکە#پرۆسەی ئاشتی#کورد#دەم پارتی#مەهەپە#جەهەپە#ئاکپارتی
8 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • لیژنەی "هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراتی" کە پەرلەمانی تورکیا بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر" پێکیهێناوە و کورد بە پرۆسەی ئاشتی ناویدەبات، خۆی بۆ قۆناغی دووەمی پرۆسەکە ئامادە دەکات.
  • 11 حزبی تورکیا کە بەشدارن لە لیژنە پەرلەمانییەکە راپۆرتی خۆیان ئامادە کردووە، کە خۆی دەبینێتەوە لە پێشنیاز و چوارچێوەی یاسایی لەگەڵ ئەو هەنگاوانەی پێویستە لەمەودوا بنرێن.
  • هەر بە وتەی سەرچاوەکان، پارتی دادوگەشەپێدان "ئاکپارتی" کە بە هۆشدارییەوە لەگەڵ هەنگاوە یاساییەکان مامەڵە دەکات، چاوەڕێی راگەیاندنی هەڵوێستی سوریایە سەبارەت بە پابەندبوونی هەسەدە بە رێککەوتنی 10 ی ئاداری 2025 سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سوپای نوێی سوریا.
Primary Asset

کۆبوونەوەی لیژنەکە

سبەی

لیژنەی "هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراتی" کە پەرلەمانی تورکیا بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر" پێکیهێناوە و کورد بە پرۆسەی ئاشتی ناویدەبات، خۆی بۆ قۆناغی دووەمی پرۆسەکە ئامادە دەکات.

11 حزبی تورکیا کە بەشدارن لە لیژنە پەرلەمانییەکە راپۆرتی خۆیان ئامادە کردووە، کە خۆی دەبینێتەوە لە پێشنیاز و چوارچێوەی یاسایی لەگەڵ ئەو هەنگاوانەی پێویستە لەمەودوا بنرێن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە حزبە جیاوازەکانی بەشدار لە لیژنەکە دزەیان کردووە، راپۆرتەکانیان جیاوازی تێدایە لەبارەی پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" لەگەڵ چوارچێوە یاساییەکەی کە پێویستە هەنگاوی بۆ بنرێت، چاوەڕوانیش دەکرێت گفتوگۆی راپۆرتی 11 حزبەکە لە نیوەی دووەمی کانوونی دووەمی داهاتوو بکرێت.

نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە سەرۆکایەتی لیژنەکە دەکات، رۆژی چوارشەممە 17-12-2025 لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیا کۆبۆوە کە بەشدارن لە لیژنەی "هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراتی".

دوای کۆبوونەوەکە 11 حزبەکە رایانگەیاند راپۆرتەکانیان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و چوارچێوە یاساییەکەی تەواو کردووە، بڕیاریشیاندا لیژنەیەک بۆ تێكەڵکردنی راپۆرتەکان و ئامادەکردنی یەک راپۆرتی گشتیی پێکبهێنن، تا دواتر رادەستی نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی بکەن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی لیژنەی ""هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراتی" کرا کە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم وادەکەی کۆتایی یەت، کاتی درێژکردنەوەکەش رەنگە بۆ ماوەی دوو مانگ بێت.

هەڵوێستێکی هەستیارانە

سەرچاوەکان لە پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا ئاشکرای دەکەن، ئامادەکردنی راپۆرتێکی هاوبەش باشترین رەفتاری نمونەیی لیژنەکە دەبێت، بەڵام لە دۆخی نەگەیشتن بە رێککەوتن دەکرێت هەر لایەنێکی سیاسی بە جیا بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو.

هەر بە وتەی سەرچاوەکان، پارتی دادوگەشەپێدان "ئاکپارتی" کە بە هۆشدارییەوە لەگەڵ هەنگاوە یاساییەکان مامەڵە دەکات، چاوەڕێی راگەیاندنی هەڵوێستی سوریایە سەبارەت بە پابەندبوونی هەسەدە بە رێککەوتنی 10 ی ئاداری 2025 سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سوپای نوێی سوریا.

هەروەها ئاکپارتی نایەوێت هەنگاوی متمانەپێکراو بۆ پرۆسەکە بنێت، تا بەرپرسانی باڵای حکومەتی تورکیا لەوانەش هەواڵگری و ئاسایشی نەتەوەیی دڵنیایی دەدەن لەوەی پرۆسەی "چەکدانانی پەکەکە" تەواو بووە. ئەمەش بەوتەی سەرچاوە تورکییەکان.

سەبارەت بە ئەندامانی پەکەکە کە بەوتەی بەرپرسانی تورکیا لە "تاوان" تێوەگلاون، ئاکپارتی پێی وایە پێویستە یاسای سزادانی تورکیا جێبەجێ بکرێت، بەڵام دەکرێت سزاکان سوک بکرێن بەشێوەیەک رای گشتیی نەجوڵێنێت.

مافی هیوا

بەڵام پارتی نەتەوەیی تورکیا "مەهەپە" لە راپۆرتەکەیدا باس لە یاسایەکی تایبەت بە پرۆسەکە دەکات، دوای دڵنیابوونەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا لە کۆتاییهاتنی "پەکەکە"، هەروەها دواخستنی حوکمی پەیوەست بەو ئەندامانەی پەکەکە کە نەخۆشن یاخود بەتەمەنن، لەگەڵ هەنگاو نان بۆ ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان، لەوانەش سەڵاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و کۆتایی هێنان بە سیستمی "قەییوم" کە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای ئەوروپا بگونجێت پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ و دادگای دەستوریی.

سەبارەت بە مافی هیوا، کە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لەکاتی دەستپێشخەرییەکەی بۆ "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر" لە 22 ی تشرینی یەکەمی 2024 پێشکەشیکرد، راپۆرتەکە ئاڕاستەیەکی هاوتای لەگەڵ ئاڕاستەی پارتی دەسەڵاتدار نیشان داوە، لەو روەوە کە بە مانای ئازادکردنی زیندانیان نییە، بەڵکو کورت دەبێتەوە لە دوبارە هەڵسەنگاندنی سیستمی جێبەجێکردنی سزاکان، سەرچاوەکان وای بۆ دەچن لە دۆخی دەستەبەربوونی ئەو مافە کە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی 2014 بڕیاری لێداوە سەبارەت بەو کەسانەی 25 ساڵی تەمەنیان لە زیندانی هەتاهەتایی بەسەر بردووە، بەوشێوەیەش 230 زیندانیی سودمەند دەبن لێی لەوانەش عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.

چاکسازیی دیموکراتی

پارتی دیموکراتی و یەکسانیی گەلان "دەم پارتی" لە راپۆرتەکەیدا پرۆسەکەی ناوناوە "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" هاوشێوەی ناونانی ئۆجەلان بۆ پرۆسەکە، نەک "تورکیای بێ تیرۆر" کە حکومەت ناوی لێناوە.

دەم پارتی لە راپۆرتەکەیدا دوای دانانی "یاسای ئاشتی" دەکات لەگەڵ گرەنتی "هاوڵاتی یەکسان" و پێداچوونەوە بە حوکمە ناوخۆییەکان لەسەر حسابی دەوڵەتی نەتەوەیی، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە سیستمی "قەییوم" لەسەر شارەوانییەکان کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی بەشێکیان دوورخراونەتەوە، لەگەڵ رێگەدان بە فێربوونی زمانی دایک "کوردی" و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی کە بنەماکەی یەکسانی بێت و لە دەستوردا جێگە بگرێت.

دەم پارتی داوای جێبەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی دادگای ئەوروپاش دەکات بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەگەڵ دادگای دەستوری تایبەت بە ئازادکردنی زیندانیانی سیاسیی، هەروەها گرەنتیکردنی "مافی هیوا" بەشێوەیەک عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بگرێتەوە.

بەڵام پارتی گەلی کۆماریی "جەهەپە" کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە، لە راپۆرتەکەیدا پێشنیازی کردووە هەمواری 29 ماددەی دەستوری بکرێت و چاکسازیی دیموکراتییان تێدا بکرێت، بۆ ئەوەی لە رووی یاساییەوە "کێشەی کورد" چارەسەر بکرێت و ببێتە جێگرەوەی یاسای پرۆسەی ئاشتی.

بە هەمانشێوەی دەم پارتی، جەهەپەش داوا دەکات دانانی قەییوم کۆتایی پێبهێنرێت و زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن، لە سەروو هەمووشیانەوە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی دوورخراوەی شارەوانی ئیستانبوڵ، کە بەتۆمەتی گەندەڵی و چەند تۆمەتێکی دیکە لە ئاداری 2025 ەوە دادگایی کردنی دەستیپێکردووە و لە زینداندایە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی