لەماوەی مانگێكدا؛ نزیكەی شەش هەزار حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق تۆماركراوە

#عێراق#جیابوونەوە#هاوسەرگیری
18 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • دادگای عێراقی تۆماركردنی زیاتر لە 5800 حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەرانی (جگە لە هەرێمی كوردستان) لەماوەی مانگێكدا راگەیاند.
Primary Asset

سبەی

دادگای عێراقی تۆماركردنی زیاتر لە 5800 حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەرانی (جگە لە هەرێمی كوردستان) لەماوەی مانگێكدا راگەیاند.

بەپێی ئامارێكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، لەماوەی مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، 5800 هاوسەر لە عێراق جیابوونەتەوە، پشكی شێری ئامارەكەش بەر بەغدادی پایتەخت دەكەوێت بەوپێیەی لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە زۆرترینی پارێزگاكانی عێراقە.

بەپێی ئامارەكەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، ژمارەی ئەو كەسانەی لە مانگی تشرینی دووەمی 2025 دا هاوسەرگیرییان كردووە زیاتر لە 26129 كەس بووە، بەڵام حاڵەتەكانی جیابوونەوەش 5805 بووە.

هەر بە گوێرەی ئەو داتایە، بەغدادی پایتەخت زۆرترین حاڵەتی هاوسەرگیری و جیابوونەوەشی تێدا تۆماركراوە، سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافەی بەغداد، 3961 گرێبەستی هاوسەرگیری تێدا تۆماركراوە لەگەڵ 1239 حاڵەتی جیابوونەوە، دادگای تێهەڵچوونەوەی بەری كەرخی بەغدادیش 3132 گرێبەستی هاوسەرگیری و 920 جیابوونەوەی تێدا تۆماركراوە.

پارێزگای نەینەوا لە ریزبەندی دووەم پارێزگای عێراق دێت، بە تۆماركردنی 2819 گرێبەستی هاوسەرگیری و 389 حاڵەتی جیابوونەوە، پارێزگای بەسرەش پلەی سێیەمی گرتووە و 2324 گرێبەستی هاوسەرگیری و 637 حاڵەتی جیابوونەوەی تێدا تۆماركراوە.

پارێزەر حازم ردێنی، جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی ستراتیژی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، رۆژی چوارشەممە (10ـی كانوونی یەكەمی 2025) بە بۆنەی رۆژی جیهانی مافەكانی مرۆڤەوە رایگەیاند: ئاماژەكان دەری دەخەن لە نێوان ساڵانی 2024-2025 وێنەیەكی ئاڵۆزی دۆخی مافی مرۆڤ پیشان دەدەن لە عێراقدا، لە روی ئاسایشەوە كردەوە تیرۆریستییەكان بە رێژەی 38% كەمیانكردووە، لەبەرامبەردا رووداوەكانی توندوتیژی كۆمەڵایەتی بە رێژەی 12% زیادیانكردووە. ئەوەش دەخوازێت سیاسەتێكی چاكسازی و خۆپارێزی كۆمەڵایەتی پەیڕەوبكرێت بۆ پاراستن و پاڵپشتی ئاسایشی كۆمەڵایەتی.

سەبارەت بە دۆسیەی ژنان، ناوەندی ستراتیژی مافی مرۆڤ بڵاوی كردەوە، ساڵی 2024 زیاتر لە 13 هەزار و 200 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆماركراوە، بەراورد بە ساڵی 2023 بە رێژەی 8% زیادیكردووە.

هەر لەو ساڵەدا 9000 حاڵەتی خراپ سودوەرگرتن لە ئابوری منداڵان تۆماركراوە بۆ دەستدرێژی و توندوتیژی، 11%ـی حاڵەتی خۆدزینەوە و بەجێهێشتنی خوێندنی منداڵان تۆماركراوە، ئەوەش هەڕەشە و مەترسییە لەسەر ئایندەی نەوەی نوێ و گەنجان و پێویستی پڕۆژەیەكی حكومی بۆ كەرتی پەروەردە و پارێزگاری لێكردنی زیاتر دەكات.  

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی