
خولی پێشووی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق
سبەی
دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و لە سەروو هەوویانەوە سێ سەرۆکایەتییەکە چڕتر دەکرێتەوە، یەکێک لەسیناریۆکان رێککەوتنە لەسەر پۆستی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بە یەک پاکێج و لە ناو یەک سەبەتەدا، لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکانی شیعە، سوننە و کورد. لەکاتێکدا جەمسەرەکانی ناو هەرسێ پێکهاتە سەرەکییەکە ناکۆکی ناوخۆییان هەیە و ناتوانن لەسەر پۆستەکان رێککەوتن بکەن.
رۆژی (14ـی کانوونی یەکەمی 2021) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پەسەند کرد و ئاراستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی کرد بۆ جێبەجێکردنی. دوو رۆژ دواتر سەرۆک کۆماری عێراق رۆژی 29ـی كانوونی یەكەمی وەكو وادەی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریكرد.
بەپێی دەستوری عێراق، دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین پەرلەمانتاری هەڵبژێردراو ئەنجام دەدرێت و پێویستە لەیەکەم دانیشتندا، دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێن کە پێکهاتوون لە سەرۆک و دوو جێگر، بەپێی نەریتی سیاسی سەرۆک لە پێکهاتەی سوننە و دوو جێگرەکەی کورد و شیعەن.
10 رۆژ دەرفەت لەبەردەم سوننەکاندا ماوە
ئەنجومەنی سیاسی سوننەکان کە سێ لیست و سەرکردەی سیاسی ئەو پێکهاتەیە رایانگەیاندووە، کۆبونەوەکانیان چڕترکردووەتەوە بۆ یەکلایی کردنەوەی پۆستەکە کە بەرکەوتەی ئەوانە، بەڵام تائێستا لەسەر یەک بەربژێر رێککنەکەوتوون.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاوی کردەوە، حیزبی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی وەکو خاوەن زۆرترین کورسی پێکهاتەی سوننەکان ئەو پۆستە بە شایستەی خۆی دەزانێت و بە فەرمی محەمەد حەلبوسی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە، هەرچەندە چاوەڕوان دەکات کورد و سوننە دژی بەربژێرکردنی حەلبوسی بن.
بەربژێری جێگرەوە موسەننا سامەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزمە کە یەکێکە لە سەرکردەکانی سوننە و چانسی وەرگرتنی پۆستەکەی زیاترە.
بە بنبەست گەیشتنی شیعەکان
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاوی کردەوە، سەرکردە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دەستەوەستانن لە دیارکردنی بەربژێری کۆتایی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دانوستانەکانیان گەیشتووەتە بنبەست. لەگەڵئەوەی سورن لەسەر دیاریکردنی کەسایەتییەک بتوانێت دۆسیەی گروپە چەکدارەکان یەکلایی بکاتەوە، بەتایبەتی ئەو گروپانەی باڵی سیاسییان کورسی پەرلەمانی بردوەتەوە.
دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، چوارچێوەی هەماهەنگی داوایکرد لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێن و جەختی لەسەر بەردەوانی گفتوگۆ و دانوستانی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە لەوبارەیەوە.
ئەو بەیاننامەیە لەکاتێکدابوو، سەرجەم گفتوگۆکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیارکردنی بەربژێری شیعە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بێئەنجام بوون و گەیشتوونەتە بەستەڵەکێکی سیاسی.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکان ئاشکرای کردووە، رەنگە بە ناچاری چوارچێوەی هەماهەنگی پەنا ببەنەوە بەر سەرۆک وەزیرانێکی دووبارە، وەک ئاماژەیەک بۆ نوری مالیکی و محەمەد شیاع سودانی.
هەرچەندە پێشتر سەرچاوەکانی ناو چوارچێوەی زانیارییان بۆ میدیاکان دزەپێکردبوو، کە رەنگە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو کەسێکی چاوەڕوان نەکراوبێت.
کوردیش پەرتەوازەیە
هەرچەندە یەکێتی و پارتی تائێستا هیچ کۆبونەوەیەکی فەرمییان لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە نەکردووە کە بەرکەوتەی کوردە، کۆبونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردووی نێوانیان بەهەمانشێوە بێئەنجام بوو، بەهۆی ناکۆییەکانیان لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمارى داهاتووى عێراق، هەردوولا پۆستەکە بە مافى خۆیان دادەنێن.
کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ـی کانوونی یەکەمی 2025) رایگەیاند: دواى رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى هەردوو حکومەتى هەرێم و عێراق، کاندیدى خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دیارى دەکەن.
پێشتریش فوئاد حسێن ئەندامى مەکتەبى سیاسی پارتى رۆژى سێشەممەی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى "حەدەس" ئاماژەى بەوەدابوو، پارتی پێشنیازی کردووە پێویستە کاندیدێکى پارتی پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، لەکاتێکدا یەکێتى پۆستەکە بە مافى خۆى دادەنێت.
جەختیکردبووەوە، ئەو پۆستە مافى یەکێتى نییە، چونکە لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری ئێستا کە ئەندامی یەکێتی بوو لە کێبڕکێکى بوون بەسەرۆک کۆمار رکابەری یەکێتی کرد و بە پشتیوانى پارتی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
تۆپی سێ سەرۆکایەتییەکە لە یەک سەبەتەدا
یەکێک لە سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان ئەوەیە، بەربژێرانی هەر سێ پۆستە سەرەکییەکە بکرێتە یەک پاکێج و سەبەتەوە و لە پشتی پەردەوە رێککەوتنیان لەسەر بکرێت و دواتر بخرێنە هۆڵی پەرلەمانەوە بۆ پەسەندکردنی.
بەوتەی فورات تەمیمی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، ئەو بنەمایە رەنگە سەرکەوتوو نەبێت بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستە باڵاکان دەوڵەت، چونکە هەرسێ پێکهاتەکە ناکۆکی ناوخۆییان هەیە و چاوەڕوان دەکرێت کاندیدی جیاواز بۆ پۆستەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆک کۆمار هەبن.
ناکۆکی ناو جەمسەرە سەرەکییەکان
دانوستانی نێوان هێزە سیاسییە سەرەکییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ تائێستا بەردەوامە، ئەوەی لە پشت پەردەوە دەگوزەرێت نیشانی دەدات جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان جەمسەرە جیاوازەکانی سێ پێکهاتەکە بۆ سازان لەسەر بەربژێرەکانیان بۆ ئەو پۆستانەی بەرکەوتەیانە.
بەوتەی تەمیمی، پەنابردن بۆ یەک سەبەتە لە رێگەی رێککەوتنێکی گشتگیرەوە دەبێت، تیایدا سێ ناو پێشنیاز بکرێت و بەیەک پاکێج پاڵپشتی بکرێن و دەنگیان لەسەر بدرێت، ئەوەش ئەگەرێکی دوورە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا هەیە.
سازانی پێكهاتەكان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان
بەپێی نەریتی سیاسی و سازانی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی كورد، شیعە و سوننە و دەرئەنجامی كۆتایی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، شیعەكان كە ئێستا زۆرینەیان لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا كۆبونەتەوە، پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرن، سوننەكانیش كە زۆرینەیان لە ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی كۆبونەتەوە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەركەوتەی ئەوانە، لایەنە كوردییەكانیش كە تائێستا هیچ هاوپەیمانی تەنانەت كۆبونەوەیەكیشیان ئەنجامنەداوە، سەرۆك كۆمار بەركەوتەی ئەوانە.
