
سبەی
ئەو وادەیەی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع دانرابوو، کەمتر لە دوو هەفتەی ماوە، هێشتا هیچ یەکێک لە بڕگەکانی بە تەواوەتی جێبەجێ نەکراوە، چەندین رێگریی لەبەردەم رێککەوتنەکەدان، دەستی دەرەکی و فشاری تورکیا لە سەروو هەمو بەربەستەکانەوەیە. حکومەتی کاتی سوریاش ئیرادەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نییە و باوەڕی بە مافی پێکهاتەکان و بەشدارییان نییە و دەیەوێت حکومەتێکی ناوەندی بەهێز دروست بکات.
رۆژی (10ـی ئاداری 2025) بە چاودێریی ئەمەریکا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا رێککەوتننامەیەکی هەشت خاڵیان ئیمزاکرد، وەک نەخشەڕێگایەک بۆ تێکەڵکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئاسایشی ناوخۆ بە حکومەت و وەزارەتی بەرگری سوریا، کۆتایی ئەمساڵ وەک دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دانرابوو، بەڵام تائێستا بڕگەکانی جێبەجێنەکراوە و شاندی دانوستانی رۆژئاوای کوردستان و هەسەدەش گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی کاتی راگرتووە.
هەنگاوی نوێ پێش کۆتایی ساڵ
دوێنێ چوارشەممە (17ـی کانوونی یەکەمی 2025) پێگەى ”963+” ى سورى لەزارى سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە: هێزەکانى سوریاى دیموکرات و حکومەتى سوریا گەیشتوون بە تەوافوق لەبارەى پڕۆسەى تێکەڵکردنى هەسەدە لەگەڵ سوپاى سوریا.
وتیشى: "میکانیزمى تێکەڵکردنەکە لەچەند رۆژى کەمى داهاتوودا رادەگەیەنرێت".
یەک بە یەکی خاڵەکانی رێککەوتنەکە و هۆکاری جێبەجێنەکردنی
خاڵی یەکەمی رێککەوتنەکە تایبەتە بە گرەنتی مافی سەرجەم سورییەکان بۆ نوێنەرایەتی و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای توانا و لێهاتووی، بەبێ رەچاوکردنی پاشخانی نەتەوەیەیی و ئیتنیکی.
لە خاڵی دووەمدا هاتووە: کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنی دەوڵەتی سوریایە و مافی هاوڵاتیبوون و سەرجەم مافە دەستورییەکانیان گەرەنتی دەکرێت.
تائێستا هیچ کام لەو دوو خاڵە سەرەکییە جێبەجێنەکراوە، حکومەتی کاتی بەبێ بەشداریی پێکهاتەکان و تەنها لە بەرپرسانی دەستەی تەحریر شام و هاوبەشەکانیان پێکهێنرا، دەستوری کاتی نوسرایەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کرا، بەبێ بەشداریی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە کورد تیایدا زۆرینەیە، ناوچەکانی باشوری سوریا بەتایبەتی سوەیدا کە دروزییەکان زۆرینەن هەڵبژاردنیان تێدا نەکرا.
لە سەر دەستی چەکدارانی حکومەتی کاتی قەتڵوعامی دروز و عەلەوییەکان ئەنجامدرا، بەوتەی بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان ئەوە پەیامێک بوو بۆ کورد، کە دواتر نۆرەی ئەوانە، بەڵام بەهێزی هەسەدە و ئیرادەی رۆژئاوای کوردستان ئەو پلانە سەری نەگرت.
بە رای شارەزایانی سیاسی، حکومەتی ئێستا زیاتر بەرەو تاکڕەویی و یەکڕەنگی دەچێت و گرنگی بە بەشداریی پێکهاتە سەرەکییەکانی کورد، عەلەوی، دروزی، مەسیحی و پێکهاتە ئیتنی و ئاینییەکانی دیکە نادات. ئامانجیەتی حکومەتێکی ناوەندی بەهێز درووست بکات.
ئاگربەست و شەڕی بەردەوام
خاڵی سێیەمی رێککەوتنەکە، ئاگربەست لە سەرانسەری سوریا رادەگەیەندرێت، تائێستا ئەو بڕگەیەش بە کردەیی جێبەجێنەکراوە، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق ناوبەناو هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و پێکدادانی چەکداریی روودەدات، لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک هێرشکرایە سەر هەسەدە لە نزیک بەنداوی تشرین و لەناوچەکانی سنوری دێرەزورییش پێکدادانی پچڕ پچڕ هەیە، لە چەند ناوچەیەکیش هێرشکراوەتە سەر عەلەوی و دروزییەکان.
مانگی رابردوو لە شاری حومس، چەکدارە بەدەوی و کۆچەرییە عەرەبەکان هێرشیان کردە سەر عەلەوییەکان و ژمارەیەک خانو و باڵەخانە و ئۆتۆمبێلیان سوتاند.
تێکەڵکردنی هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری
خاڵی چوارەمی رێککەوتنەکەی تایبەت بە تێکەڵکردنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریا، لە ناویاندا دەروازە سنورییەکان، فڕۆکەخانەکان، کێڵگەکانی نەوت و غاز.
تائێستا زۆرترین دانوستان لەسەر و خاڵە کراوە، چەندین کۆبونەوە و دانوستان لەنێوان شاندی دانوستانی رۆژئاوای کوردستان و شاندی سەربازیی هەسەدە کراوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
هەرچەندە بڕیاربوو هەسەدە وەک سێ فیرقەی سەربازی بۆ پاراستنی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بچێتە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستانیش ببنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام تائێستا رێککەوتنی کۆتایی رانەگەیەندراوە.
مەرکەزی و لامەرکەزی
کێشەیەکی سەرەکی بەردەم تێکەڵکردنەوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، دیدی هەردوو لایە بۆ بەڕێوەبردن، داواکاریی سەرەکی کورد حکومەتی ناناوەندییە و پێداگرە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی جێبەجێبکرێت، تەنانەت بۆ ناوچەکانی باشور و کەناراوەکانیش بۆ پاراستنی دروز و عەلەوی و پێکهاتەکانی دیکەی سوریا.
لەبەرامبەردا حکومەتی کاتی سوریا، دەیەوێت ئیدارە و دەسەڵاتێکی ناوەندی هاوشێوەی رژێمی پێشووی سوریا جێبەجێبکات و باوەڕی بە سیستمی ناناوەندی (لامەرکەزی) نییە.
سێ فیرقەکەی هەسەدە
مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاندووە: رێککەوتنى 10ـى ئادار بنەماى سوریایەکى نوێیە و پێشکەوتن هەیە بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە لە ساڵى نوێدا.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی جیروسلام پۆستی ئیسرائیلی، مەزڵوم عەبدی رایگەیاند: هەسەدە لە 100 هەزار چەکدار پێکهاتووە کە 70 هەزاریان شەڕڤانن و ئەوانەى دیکەش ئەندامى هێزەکانى پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانن.
ئاماژەى بەوەشکردبوو، ئاڵنگاریی گەورەیان لەبەردەمدایە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان، "چۆن دەتوانن لیوایەکی ژنان (یەپەژە) تێکەڵ بە سوپای سوریا بکەین لە کاتێکدا سوپای سوریا لیوا ژنانیان نییە؟ ئێمە ناتوانین ژنە شەڕڤانەکان دووربخەینەوە."
خاڵێکی سەرەکی ئەوە بوو کە ئایا هەسەدە وەک یەکەیەکی یەکگرتوو لە سوپای نوێدا دەمێنێتەوە یان هێزەکە هەڵدەوەشێتەوە و ئەندامەکانی تاک بە تاک لە سوپای نوێدا دادەنرێن.
ئەبو عومەر ئیدلیبى فەرماندەى لیواى باکورى هەسەدە پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى عەرەبییە ئاماژەى بەوەدابوو، رێککەوتنێکى زارەکى لە نێوان سەرۆکى سوريا و جەنەڕاڵ مەزڵومدا هەیە کە تێیدا رەزامەندی دەربڕدراوە لەسەر تێکەڵکردن و یەکخستنى هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سێ فیرقە و سێ لیوادا لەناو وەزارەتی بەرگریی سوریا.
باسى لەوەکردبوو، لیژنەیەکى هەسەدە ناوەکانی پێشکەش بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە کە پێکهاتوون لە 70 ناوی فەرماندەی ریزى یەکەم لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، لیستەکە ئێستا لای وەزارەتی بەرگری لەسەر مێزى دانوستانە.
لیستەکە ناوى ئەو فەرماندانەى هەسەدە لە خۆ دەگرێت کە بەشداریان لەشەڕى دژى داعش کردووە. بەشێک لەو کەسانە فەرماندەکانى ئەو سێ فیرقە سەربازییە دەبن کە تێکەڵى سوپاى سوریا دەبن و پێکدێن لە، فیرقەى جەزیرە، فورات و دێرەزوور.
لیستەکە هەروەها ناوى فەرماندەکانى سێ لیواى تایبەتى سەر بە فەرماندەیی ئەرکانى سوپا لە خۆدەگرێت و 30%ـى ئەو فەرماندانە دەبنە بەشێک لە دەستەى ئەرکانى سوریا.
یەکێک لەو لیوایانە تایبەت دەبێت بە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و بەهەماهەنگى لەگەڵ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کاردەکات لەسەرتاسەرى خاکى سوریا.
گەرەنتی گەڕانەوەی ئاوارەکان
خاڵی پێنجەمی رێککەوتنەکە، گەرەنتیکردنی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە و کۆچبەرانی سوریایە بۆ شارو گوندەکانیان و پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتی سوریاوە.
ئەم خاڵەش پێشکەوتنی ئەوەتۆی بەخۆیەوە نەبینیووە، تائێستا زۆرینەی ئاوارەکانی، عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ئەو ناوچانە لەژێر دەستی گروپە چەکدارەکانی حکومەتی کاتی سوریادان، بەڵام لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەدەبرێن و کۆنترۆڵ دەکرێن.
ئاوارەکانی عەفرین
دوابەدوای ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە، ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان داوایان کردووە بە چاودێریی نێودەوڵەتی ئاوارەکانی عەفرین بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و گەرەنتی پاراستنی ماف و سەلامەتییان بکرێت.
ساڵی 2018، تورکیا پاڵپشتی گروپە چەکدارە توندڕەوەکانی سوڵتان موراد و فیرقەی حەمزەی کرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری عەفرین و بەهۆیەوە زیاتر لە 300 هەزار کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە ئاوارە بوون، بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ، دوای دەستبەسەرداگرتنی عەفرین هەڵمەتێکی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و نیشتەجێکردنی هەزاران خێزانی عەرەب دەستیپێکردووە، سەرەڕای شێواندنی جوگرافیای ناوچەکە و بڕینەوەی دەیان هەزار داری زەیتون، کە سیما و ناسنامەی عەفرین بوو.
بەدران چیاکورد، راوێژکاری ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاشکرای کرد: رێککەوتنەکە لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق، سەرجەم بوارەکانی کارگێڕیی، ئاسایش، خزمەتگوزاریی، خوێندن و پەروەردە دەگرێتەوە.
وتیشی: "قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکە پەیوەستە بە شاری حەلەب، قۆناغەکانی دیکە گرەنتی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرینە بۆ سەر زێدی خۆیان، بۆ ئەوەش دانوستانەکان بەردەوام دەبێت تا ئەو ئامانجە بەدی دەهێنرێت".
دوابەدوای ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە، مۆڵەتی تا 15ـی نیسان درایە گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەتایبەتی هێزەکانی نوخبە و عەمەشات و حەمزە، بۆ چۆڵکردنی عەفرین و بەجێهێشتنی شارەکە و رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی بە ئیدارەی ئاسایشی ناوخۆی سوریا. بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە و ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە کامپ و ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ماونەتەوە.
روبەڕبونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد
خاڵی شەشەمی رێککەوتنەکە تایبەتە بە پاڵپشتی دەوڵەتی سوریا بۆ روبەڕوبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و سەرجەم ئەو هەڕەشانەی کە مەترسیین لە ئاسایش و یەکێتی سوریا.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم خاڵەش، هەسەدە هەر لەسەرەتاوە هێڵی یەکەمی بەرگری بووە دژی رژێمی سوریا و داعش، سەرەڕای ئەوە لە چەند رۆژی رابردوودا، هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە حکومەتی کاتی پاڵپشتی داعش دەکات بۆ هێرشکردنە سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (19ـی تشرینی دووەمی 2025) ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، تیایدا چەکدارێکی داعش دەردەکەوێت کە لەناو بنکەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشقەوە درۆنی چاودێریی و هێرشبەر بەرەو سەنگەرەکانی شەڕڤانان ئاڕاستە دەکات. تیمێک پڕۆسەی چاودێرییەکەیان ئەنجامداوە کە بیانیین و لە ریزەکانی داعشن و لە بنکەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق و بەرامبەر هێڵی بەرگری هەسەدە کارەکەیان ئەنجامداوە.
هەسەدە بڵاوی کردەوە، ئەو پێشهاتانە زۆر بە روونی نیشانی دەدەن، کە ژمارەیەک لە گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق هەماهەنگی چەکدارانی داعش دەکەن. لە رێگەی بنکەکانیان و نزیک هێڵی بەرگری هەسەدە پڕۆسەی چاودێریی و هێرشی درۆنی ئەنجام دەدەن. هاوکاریی داعش دەکەن بۆ بەهێزکردنەوەی تواناکانیان لە رابردوو مەترسیدارترن.
گوتاری رقئامێز و هەڕەشە و پشێوی
لە خاڵی حەوتەمی رێککەوتنەکەدا هاتووە: بانگەشەکانی دابەشکردن و گوتاری رقئامێز رەتدەکرێتەوە لەگەڵ رێگریی لە هەوڵەکانی نانەوەی ئاژاوە لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا.
بۆ ئەم خاڵەش هێشتا زەمینەسازیی بۆ جێبەجێکردنی نەکراوە، بە ئاشکرا ژمارەیەک لە گروپە چەکدارەکان هەڕەشە لە کورد و هەسەدە و پێکهاتەکانی دیکە دەکەن.
لە سەروبەندی ساڵیادی کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد لە رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، گروپە چەکدارە سورییەکانی ناو سوپای سوریا و لایەنگرانی تورکیا بە ئاشکرا هەڕەشەیان لە هەسەدە و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کرد.
ژمارەیەک بەرپرس و پلەداری سوپای سوریا دەرکەوتن لە یادەکەدا، بەتایبەتی ئەبو عەمشە، هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەی جزیرەیان دەکرد، وەک ئاماژەیەک بۆ روبەڕوبونەوەی هەسەدە و دەستبەرسەرداگرتنی ئەو بەشەی رۆژئاوای کوردستان.
دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە
خاڵی هەشتەم و کۆتایی رێککەوتنەکە، تایبەتە بە کارکردنی لیژنەکان بۆ جێبەجێکردنی بەند و خاڵەکانی رێککەوتنەکە لە ماوەیەکدا کە لە کۆتایی ئەمساڵ تێپەڕنەکات.
لەئێستادا کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ کۆتایی ساڵ و تائێستا هەنگاوی کردەیی لەسەر زەوی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە نەنراوە، تەنها پرسی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا و میکانیزمەکانی گفتوگۆ و دانوستانیان لەبارەوە کراوە. بەبێ ئەوەی خاڵەکانی دیکە هیچ پێشکەوتنێک بەخۆیەوە ببینێت.
تورکیا رێگری سەرەکییە
زۆرینەی بەرپرسانی هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا چەندین جار جەختیان کردووەتەوە کە تورکیا رێگریی سەرەکییە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و دەستوەردان لەو پرسە دەکات.
دوو هەفتە لەمەوبەر ساڵح موسلیم ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، رایگەیاند: پێشئەوەی بچێتە واشنتن، ئەحمەد شەرع لەگەڵ شاندی دانوستانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کۆبوەوە و لیژنە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی 10ـی ئادار درووستکرا، بۆ ئەوەی نیشانی بدات نەرمی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەمەریکاش دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، باسی رێککەوتنی سوریا و ئیسرائیل هاتە ئاراوە، بەڵام دواتر هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنران.
ساڵح موسلیم، رەخنە لە بەرپرسانی تورکیا دەگرێت بەوەی بەردەوام جەخت لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار دەکەنەوە، بەڵام لە پشت پەردەوە سیاسەتی دژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پەیڕەو دەکەن، دیمەشق بە تەواوەتی لەژێر کاریگەری تورکیادایە، هەرچی تورکیا بیەوێت دەیکات، گروپەکانی سەر بە تورکیا هەندێکجار هێرش دەکەنە سەر سنوورەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەوان دەیانەوێت شەڕ لە دێرەزوور و شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بکەن. ئەو گروپانە تا ئەمڕۆ پشتیوانی لە تورکیا وەردەگرن و هەوڵی درووستکردنی ئاستەنگ دەدەن.
شەیبانی و شەرع لە دەرەوە ئاراستە دەکرێن
ساڵح موسلیم ئەوەی خستووەتەڕو، هەندێک گروپ هەن لەناو تورکیا کێشەکانی سوریا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن و دەیانەوێت پشێوی دروست بکەن و پرۆسەکە پەکبخەن، کەسانێک هەن لەناو تورکیادا نایانەوێت دانوستانەکان بەردەوام بێت، ئەوەندەی دەبینین لە ئێستادا پرۆسەکە لەلایەن تاکەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، یەکێکیان شەرعە و ئەوی دیکەیان شەیبانییە. ئەوان پەیوەندی دەرەکییان هەیە و نایانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەن.
"کورت و پوخت تورکیا رێگرە"
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی رێککەوتنی 10ـی ئادار شاندەکانمان ئامادەن، چونکە بە تەنها بابەتی بەرگری ناگرێتەوە، بەڵکو لایەنی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری، ژن و گەنجانیش لە خۆ دەگرێت، بەڵام لایەنی بەرانبەر تەنها جەخت لەسەر لایەنی سەربازی دەکەنەوە.
ووتیشی: "کورت و پوخت تورکیا رێگرە لە بەرکاربوونی رێککەوتنی 10ـی ئادار، قسەی سەر زمان و بن زمانی تورکیا بچووکردنەوەی هەسەدەیە، هەسەدە لەگەڵ دیمەشقدا گەیشتە ئاستێک لە رێککەوتن، بەڵام تورکیا و دیمەشق رێگرن لە کردەیبوونی رێککەوتنەکە.
بەوتەی حەسۆ: "هاکان فیدان هەڕەشە لە ئیدارەکەمان دەکات، وتەبێژی ئاکەپە هەمانشێوە. ئەم دۆخە لە سوودی گرووپە توندڕە و نەژادپەرستەکانە. لە دژی ئێرادەمان دەوەستنەوە و پەرە بە گوتاری رقئامێز دەدەن، تورکیا دەستوەردان دەکات، بەڕاستی بەم شێوەیە هاوپەیمانی درووست نابێت."
ئەنەکەسە: رژێمی سوریا نایەوێت کیشەی کورد چارەسەر بکات
هەر لەوبارەیەوە محەمەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) کە هاوسەرۆکی شاندنی دانوستانی کوردە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق رایگەیاند: شاندی دانوستانی کورد لە کۆنگرەی یەکێتی ریزەکانی کورد (کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان) پێکهێنراوە. شاندەکە نوێنەرایەتی راستەقینەی کورد دەکات لە سوریا، پشتگوێخستن و پەراوێزخستنی لەلایەن دیمەشقەوە بێ بایەخ سەیرکردنی کوردە بۆ پێکهاتەیەکی سەرەکی گەلی سوریا.
سەرۆکی ئەنەکەسە، ئاماژەی بەوەکرد شاندی هاوبەشی کورد تەنها نوێنەرایەتی گەلی کورد دەکات و ووتیشی: "تێکەڵکردنی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سوریا، بابەتی تەکنیکین کە کێشەی سوریا بە گشتی چارەسەر ناکەن، کار بۆ چارەسەرکردنی گرنگترین کێشەکان ناکەن، کە پرسی گەلی کوردە."
ئاماژەی بەوەکرد، تائێستا دانوستان لەسەر داواکاری و مافەکانی کورد لەگەڵ دیمەشق دەستیپێنەکردووە، ئێمە لای خۆمانەوە دەستی دانوستان و گفتوگۆ و کۆبونەوەمان درێژکردووە، بەڵام رژێمی ئێستا تائێستا بایەخێکی ئەوتۆی بەو پرسە نەداوە.
رێککەوتنی شەرع و کۆبانی
رۆژی (10ـی ئاداری 2025) مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆکى قۆناغی راگوزەری سوریا رێککەوتنێکى هەشت خاڵیان واژۆکرد، تایبەتە بە تێکەڵکردنى دامەزراوەکانى ئیدارەى خۆسەر لەگەڵ حکومەتى دیمەشق، راگەیاندنى ئاگربەست و پاراستنی مافەکانى کورد لە دەستوردا.
بەپێی میدیاکانى رۆژئاواى کوردستان، هەلیکۆپتەرێکى ئەمەریکى وەفدى هێزەکانى سوریاى دیموکراتى بەسەرۆکایەتى مەزڵوم عەبدى لە دەوروبەرى حومسەوە بەرەو فڕۆکەخانەیەکى سەربازى لە نزیک دیمەشق گواستووەتەوە بۆ واژۆکردنى رێککەوتنەکە.
نێوەندگیریی ئەمەریکا، فەرەنسا و بەریتانیا
فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ڕێككەوتنەكە بە نێوەندگیری ئەمەریكا ئەنجامداروە و لایەنێكی چالاكە لەو ڕێككەوتنەدا".
پێگەی مۆنیتۆری ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سوریا چەند جارێک لەگەڵ ئەحمەد شەرع و بەرپرسانی حکومەتی کاتی، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە کۆبوەتەوە و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ قایلکردنی هەسەدە بۆ تێکەڵبوونی بە سوپای سوریا، بەڵام تائێستا هەوڵەکانی ئاکامێکی ئەوەتۆیان نەبووە.
لە دوایین سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ ئەمەریکا و کۆبونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی دیکە کۆشکی سپی جەختی لەسەر جێبجێکردنی رێککەوتنەکە کردەوە.
پێشتریش فەرەنسا و بەریتانیا بەشداریی کۆبونەوەکانی شاندنی دانوستانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی کاتی سوریایان کردووە و داوایان کردووە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە. بەڵام تائێستا هەنگاوی کردەیی نەنراوە بۆ جێبەجێکردنیان.


