هاکان فیدان: ئارامیمان بەرامبەر هەسەدە کۆتایی دێت

#هەسەدە#تورکیا#سوریا#تێکەڵبوون#رێککەوتنی 10ـی ئادار
10 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وەزیری دەرەوەی تورکیا هیوای خواست دانوستانەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە ئاشتیانە بگاتە ئەنجام و رایگەیاند: نامانەوێت گەڕانەوەی چالاکییە سەربازییەکان ببینین، بەڵام ئارامی و دانبەخۆداگرتنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرەو کۆتایی دەچێت.
Primary Asset

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا

سبەی

وەزیری دەرەوەی تورکیا هیوای خواست دانوستانەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە ئاشتیانە بگاتە ئەنجام و رایگەیاند: نامانەوێت گەڕانەوەی چالاکییە سەربازییەکان ببینین، بەڵام ئارامی و دانبەخۆداگرتنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرەو کۆتایی دەچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ـی کانوونی یەکەمی 2025) هاکات فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی تەرەتە رایگەیاند: دەمانەوێت و هیواخوازین دانوستانەکانی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سوریا بە گفتوگۆ و بەشێوەیەکی ئاشتی بەڕێوەبچێت، نامانەوێت و ناخوازین جارێکی دیکە پەنا ببرێتەوە بەر رێگەچارە سەربازییەکان، بەڵام پێویستە هەسەدە ئەوە بزانێت کە ئارامی و دانبەخۆداگرتنی لایەن پەیوەندیدارەکان بەرەو کۆتایی دەچێت.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەو وادەیەی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆک کاتی سوریا دانرابوو کە کۆتایی ئەمساڵە بەرەو کۆتایی دەچێت و تائێستا هەنگاوی کردەیی نەنراوە بۆ جێبەجێکردنی.

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی رۆژئاوای کوردستان، سوپای تورکیا سەرقاڵی کۆکردنەوەی هێزە لەسەر سنورەکانی رۆژئاوای کوردستان و لە چەند رۆژی رابردوودا هێزێکی نوێی سەربازیی بردووەتە ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی.

هاوکات لەگەڵ جوڵەکانی تورکیا، ژمارەیەک گروپی چەکداری سوریی سەر بە تورکیا خەریکی کۆکردنەوەی هێزن لەناوچەکانی سەر سنوری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و بەرامبەر هێزەکانی هەسەدە لەسەر سنور، لە چەند رۆژی رابردووشدا لە نزیک بەنداوی تشرین پێکدادانی سەربازی سەریهەڵدایەوە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا: هیچ ئۆپەراسیۆنێکی نوێ بۆ سەر هەسەدە ئەنجام نادەین

رۆژی هەینی رابردوو، زەکی ئاکتورک، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند: بە ووردی چاودێری دۆخی باکوری سوریا دەکەین، بەڵام هیچ ئامادەکارییەکمان نییە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی سەربازی نوێ، نا سەقامگیری سوریا خزمەتی لایەنەکانی دەرەوە دەکات و ئێمەش نامانەوێت دۆخەکە ناسەقامگیر بێت.

ووتیشی: "ژمارەیەک وڵات هەن هانی هەسەدە دەدەن چەک دانەنێت و تێکەڵی سوپای سوریا نەبێت، بۆ ئەوەی ناسەقامگیری لەو وڵاتە بەردەوام بێت، هەسەدەش کات دەکوژێت و هەوڵ دەدات لەوبارەیەوە هیچ ئەنجامێک بەدەستنەهێنرێت."

ئاکتورک رەخنەی لە هەسەدە گرت بەوەی بەردەوامە لە چالاکییە سەربازییەکانی لە بری ئەوەی تێکەڵی سوپای سوریا بێت، ئەوەش زیان لەو هەوڵانە دەگەیەنێت کە لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا دەدرێت.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا جەختی کردەوە، پێویستە تێکەڵکردنەکە بەشێوەی تاک بێت، نەک بەشێوەی یەکەی سەربازی سەربەخۆ.

هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی تورکیا

پێشتریش یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند: قۆناغی گواستنەوەی ناوچەکە پێویستی بەوەیە رۆڵی سەرجەم گروپە چەکدارەکان کۆتایی پێبهێنرێت لە سەروی هەمویانەوە پارتی کرێکارانی کوردستان، یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی سوریای دیموکرات.

بەوتەی گولەر، ژمارەیەک لێدوان و شیکردنەوەی نێودەوڵەتی، ئەوە نیشان دەدەن کە هەوڵ هەیە هەسەدە وەک ئامرازێکی دووبارە دابەشکاری و هاوسەنگی جیۆسیاسی بەکاربهێنرێت، هۆشدارییدا ئەوە هەڕەشە نییە تەنها بۆ سەر سوریا، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ تورکیاش.

پەلەکردن لە تێکەڵبوون بە سوپای سوریا

وەزیری بەرگری تورکیا پێیوایە، بەدیهێنانی سوریایەکی دوور لە گروپە چەکدارەکان، مەرجی سەرەکییە بۆ سەقامگیری ئەو وڵاتە، بەهەمانشێوە یارمەتیدەرە بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر، بۆ ئەوەش پێویستە پەلە بکرێت لە تێکەڵکردنی سەرجەم گروپە چەکدارەکان بە سوپای نیشتیمانی سەر بە دەوڵەت.

وەزیری بەرگری تورکیا داوای لە هەسەدە کرد وەڵامی داخوازییە ناوخۆییەکان بداتەوە بۆ تێکەڵبوون و دوور لە دەستوەردانی دەرەکی کە ئاڕاستەی پرۆسەکە دەگۆڕێت.

یەشار گولەر ئاشکرای کرد، ئەنقەرە بەردەوامە لە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ دیمەشق و بەغداد لەسەر ئەو دۆسیەیە، رێگە بە هیچ گروپێکی چەکداری نادەن لە ژێر هەر ناوچەیەکدا بێت، چونکە هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و سەقامگیری ناوچەکە.

ووتیشی: "چاودێریی سەرجەم پێشهاتەکان دەکەن لەسەر زەوی و رێکاری پێویست دەگرنەبەر، ئەوەش پێویست بە هیچ پرۆسەیەکی سەربازی نوێ نییە."

هەسەدە ئامادەیە بۆ تێکەڵبوون بە سوپای سوریا

ئەو لێدوانانە لە کاتێکدایە، لیستى ناوى فەرماندەکانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) رادەستى هاوپەیمانان کراوە بەمەبەستى وەرگرتنى پۆست و بەرپرسیارێتى لەئەگەرى تێکەڵکردنى هەسەدە لەگەڵ سوپاى سوریا، زۆینەشیان لە فەرماندەکانى ریزى یەکەم پێکدێن لەناویاندا مەزڵوم عەبدی و سیپان حەمۆ.

ئەبو عومەر ئیدلیبى فەرماندەى لیواى باکورى هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى عەرەبییە ئاماژەى بەوەدا، رێککەوتنێکى زارەکى لە نێوان سەرۆکى سوريا و جەنەڕاڵ مەزڵومدا هەیە کە تێیدا رەزامەندی دەربڕدراوە لەسەر تێکەڵکردن و یەکخستنى هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سێ فیرقە و سێ لیوادا لەناو وەزارەتی بەرگریی سوریا.

وتیشى: "لیژنەیەکى هەسەدە ناوەکانی پێشکەش بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە کە پێکهاتوون لە 70 ناوی فەرماندەی ریزى یەکەم لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، لیستەکە ئێستا لای وەزارەتی بەرگری لەسەر مێزى دانوستانە."

ئیدلیبى جەختیکردەوە، ئەو فەرماندانە لەریزى یەکەمن، لەناویاندا مەزڵوم عەبدی فەرماندەى گشتى هەسەدە و سیپان حەمۆ ئەندامی فەرماندەیی هه‌سه‌ده‌، بەتایبەت ئەوانەى سوریین.

لیستەکە ناوى ئەو فەرماندانەى هەسەدە لە خۆ دەگرێت کە بەشداریان لەشەڕى دژى داعش کردووە.

هەسەدە دەبێتە سێ فیرقەی سەربازی

بەشێک لە ئەو کەسانە فەرماندەکانى ئەو سێ فیرقە سەربازییە دەبن کە تێکەڵى سوپاى سوریا دەبن و پێکدێن لە فیرقەى جەزیرە، فورات و دێرەزوور.

لیستەکە هەروەها ناوى فەرماندەکانى سێ لیواى تایبەتى سەر بە فەرماندەیی ئەرکانى سوپا لە خۆدەگرێت و 30%ـى ئەو فەرماندانە دەبنە بەشێک لە دەستەى ئەرکانى سوریا.

یەکێک لەو لیوایانە تایبەت دەبێت بە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و بەهەماهەنگى لەگەڵ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کاردەکات لەسەرتاسەرى خاکى سوریا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی