ئەمەریکا سزای بەسەر ئەو کەشتییانەدا سەپاند کە بە نهێنی بازرگانی بە نەوتی ئێرانەوە دەکەن

#ئێران#ئەمەریکا#کەشتی#نەوت#قاچاخ
8 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • لەچوارچێوەی پلانی زۆرترین فشار لەسەر ئێران، ئەمەریکا سزای بەسەر ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەدا سەپاند، کە بە پرۆسەیەکی نهێنی نەوتی ئێران دەگوازنەوە. هاوکات چەند بازرگانێکی خستە لیستی رەشی سزاکانیەوە، کە بەشداریان کردووە لە ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە.
Primary Asset

سبەی

لەچوارچێوەی پلانی زۆرترین فشار لەسەر ئێران، ئەمەریکا سزای بەسەر ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەدا سەپاند، کە بە پرۆسەیەکی نهێنی نەوتی ئێران دەگوازنەوە. هاوکات چەند بازرگانێکی خستە لیستی رەشی سزاکانیەوە، کە بەشداریان کردووە لە ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە. 

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا رایگەیاند:سزایان بەسەر ژمارەیەک کەشتی بارهەڵگردا سەپاندووە، کە لە پرۆسەیەکی نهێنیدا نەوتی ئێران دەگوازنەوە، واتە بەشدارن لە قاچاخچێتی کردن بە نەوتی ئەو وڵاتەوە، لە کاتێکدا واشنتن سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی دارایی بەتەواوەتی لە ئێران کەمکردۆتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ناوی چەند بازرگان و کۆمپانیایەکی میسری و ئیماراتی و هیندی و چەند وڵاتێکی دیکەی ئاشکراکردووە، کە ئاسانکارییان کردووە بۆ بەنهێنی فرۆشتنی نەوتی ئێران.

وەزارەتەکە راشیگەیاندووە: ئەمەریکا رێگەی بەدەستهێنانی دارایی لە ئێران دەگرێت، چونکە رژێمی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە، بەکاریدەهێنێت بۆ پشتیوانیکردنی تیرۆر و چالاکییە نایاساییەکانی دیکە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکادا ئەوەش هاتووە، سزایان بەسەر 29 کەشتی بارهەڵگردا سەپاندووە، کە تێوەگلاون لە گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی ئێران بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار.

هاوکات سزاکانی ئەمەریکا، تۆڕی کۆمپانیا و کەشتییەکانی حاتەم سەید فەرید ئیبراهیم سەقەری گرتۆتەوە، کە بازرگانێکی میسریە. هەروەها چەند کۆمپانیایەکی ئیمارات، هیندستان، دوورگەکانی مارشاڵ و پەنەما لە لیستەکەدان.

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەشدا باس لەوە کراوە، سزادانەکان توانای ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە رێگەی ساختەکاری و قاچاخچێتیەوە سنورداردەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دووپاتیکردۆتەوە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە "گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پلانی زۆرترین فشار لەسەر رژێمی ئێران". لە کاتێکدا واشنتن درێغی ناکات لە بەکارهێنانی هەموو ئامرازە بەردەستەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسانەی، کە ئاسانکاری بۆ بازرگانی نایاسایی نەوتی ئێران دەکەن. ئەویش بە پێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی