
وێنەی دەریاچەکە
سبەی
بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و شەپۆلی باران بارین، لە رووداوێکی ژینگەیی دەگمەندا، دەریاچەیەک لە ئەمەریکا دوای هەزاران ساڵ بوژایەوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی لۆس ئەنجلس تایمز، لە دیمەنێکی ناوازەدا دەریاچەیەک لە بیابانی مۆهاڤی، کە بە دەریاچەی مانلی ناسراوە، دوای هەزاران ساڵ بوژاوەتەوە، لە کاتێکدا ئەو ناوچەیە یەکێکە لە گەرمترین شوێنەکانی جیهان.
رۆژنامەی لۆس ئەنجلس بڵاویکردۆتەوە: دەریاچەکە لە ناوچەیەکە بەهۆی وشکی و گەرمییەکەوە بە دۆڵی مەرگ ناسراوە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و شەپۆلی بارانبارینەکان دروستبووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا بەهۆی پلە بەرزەکانی گەرما لە ناوچەکەدا، دەریاچەکە نەمێنێت.
لە دووری دەریاچەکە بە چەند کیلۆمەترێک، هۆتێلێکی گەشتیاری بوونی هەیە، کە بوژانەوەی دەریاچەکە گەشتیارانی بۆ هۆتێلەکە زیاتر کردووە.
کارمەندێکی هۆتێلەکە بە رۆژنامەکەی وتووە، دۆڵی مەرگ بۆ خۆی شوێنێکی گەشتیارییە، بەڵام دەریاچەکە، کە لە ماوەیەکی نزیکدا وشک دەبێتەوە، ژمارەی گەشتیارانی زیاتر کردووە.
ئەو کارمەندەی هۆتێلەکە وتوویەتی، هیچ کات دەریاچە لەو شوێنەدا بوونی نەبووە، بەڵام بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەکانی مانگی رابردوو لەو شوێنەدا دروستبووە.
لە بەشێکی راپۆرتەکەی لۆس ئەنجلس تایمز باسی میژووی دەریاچەی مانلی کراوە، کە لە نێوان 128 هەزار بۆ 186 هەزار ساڵ لەمەوبەر بوونی هەبووە، بەڵام بەهۆی وشکەساڵی و بە بیابانبوونی ناوچەکە نەماوە و لەناوچووە. بوژانەوەشی ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کاتییە، پرسیاری سەبارەت بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا وروژاندووە.
دۆڵی مەرگ کە یەکێکە لە گەرمترین شوێنەکانی سەر زەوی، نزمترین خاڵە لە ئەمەریکای باکور، بەجۆرێک 200 پێ لە ئاستی دەریا نزمترە.
