
سبەی
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاشكرایكردووە، پرۆسەیەكی دابەزینی ئاسمانییان لەناو خاكی سوریا بە هەماهەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە بۆ دەستگیركردنی سێ داواكراو، دوو داواكراویان دەستگیركردووە كە عێراقی بوون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: بە رێنمایی و سەرپەرشتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و لە رێگەی ئۆپەراسیۆنێكی تایبەت لەلایەن شانەی هەواڵگری هەڵۆكان لە دەزگای هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆ، هێزێكی ئاسمانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی سوریا و بە پاڵپشتی تەكنیكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، توانی بە سەركەوتویی ئۆپەراسیۆنێكی دابەزینی ئاسمانی ئەنجامبدات.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەشڵێت: دوو ئامانجی گرنگ لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا دەستگیركران، كە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە داواكرابوون.
هەر بەپێی راگەیەندراوی شانەی ئەمنیی عێراق: ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنە تایبەتانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە توانای وڵاتان بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییە سنور بەزێنەكان بەهێزدەكات و بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان دەپارێزێت.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقیەكان، دابەزینە ئاسمانییەكە بە هاوكاری هێزەكانی ئەمەریكا بووە و لە دووری 60 كیلۆمەتر لە باشوری حەسەكە بووە، لەنزیك سنوری عێراق و سوریا.
هەر وەك میدیای عێراقی ئاماژەی پێداوە، لە بنەڕەتدا پرۆسەكە بۆ دەستگیركردنی سێ داواكراوی داعش بووە، كە دوانیان رەگەزنامەی عێراقییان هەیە، یەكێكیان بە "ئەبو مازن" ناسراوە، بەڵام هێزەكانی عێراق تەنها توانیویانە دوانیان دەستگیر بكەن و داواكراوی سێیەمیان لەو شوێنە نەبووە كە ئۆپەراسیۆنەكەی تێدا ئەنجامدراوە.
وەك سەرچاوە ئەمنییەكان ئاماژەیان پێداوە، پرۆسەكە بەبێ هیچ قوربانییەكی سوپای عێراق ئەنجامدراوە و فڕۆكەیەكی جۆری "شینۆك" ی ئەمەریكی نزیكی نیو كاتژمێر لە ناوچەكە نیشتۆتەوە.
چاوەڕوان دەكرێت لەبارەی پرۆسەكەوە هەریەك لە حكومەتی عێراق و سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش روونكردنەوەی زیاتر بدەن.
لە دوای رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد لە سوریا، ئەمە یەكەمجارە سوپای عێراق پرۆسەیەكی هاوبەش لە نێو خاكی سوریا ئەنجام بدات.
