
سبەى
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هێزە سیاسییەکان هێشتا لە دانوستانێکی قورسدان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ئەمەش لەکاتێکدایە فشارەکانی ئەمەریکا بۆ دوورخستنەوەی گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران لە حکومەتی داهاتوودا چڕتربوونەتەوە. ئەویش بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس.
ئەمەریکا چی دەوێت؟
لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن لە ساڵی 2003دا، ئەمەریکا پارێزگاری لە هەژموونی سیاسی و ئەمنی خۆی لە عێراقدا کردووە. لە هەمانکاتدا ئێران لەناو دیمەنە سیاسییەکەدا ون نەبووە و هەژموونێکی هاوتەریبی لە عێراق دامەزراندووە. لە کاتێکدا ساڵانێکی زۆرە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان لە بەغداد، هەوڵی هاوسەنگکردنی هەژموون و کاریگەری هەردوولا دەدەن.
لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت نوێ لەدوای هەڵبژاردنەکانی مانگی رابردوو، واشنتۆن مەرجەکانی خۆی خستەڕوو. بەپێی وتەی بەرپرسان و دیپلۆماتکارانی عێراقی لە بەغداد، ئەو مەرجانە بریتین لە بەشداریپێنەکردنی گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران لە حکومەتی نوێ و کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوە و داماڵینیان لە چەک.
بەرپرسێکی ئەمەریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە "سەرکردەکانی عێراق بە تەواوی ئاگادارن لەوەی کە چی هاوبەشییە ستراتیژیەکەی ئەمەریکا و عێراق بەهێزدەکات". ئاماژەی بەوەشکردووە واشنتۆن "بەردەوام دەبێت لە قسەکردن بە روونی لەسەر پێویستی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران".
داواکارییەکەی واشنتۆن لەگەڵ راستییەکی سیاسی ئاڵۆزدا بەریەکدەکەون، چونکە هەندێک گروپی چەکدار سەرکەوتنی گەورەیان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە و بەشێکن لە زۆرینەی پەرلەمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی.
لەسەر دواین گۆڕانکارییەکانیش بەرپرسێکی عێراقی رایگەیاند: ئەمەریکا دەیەوێت دڵنیاببێتەوە لەوەی گروپە چەکدارییەکان لە حکومەتی نوێدا شوێنیان نابێتەوە و واشنتۆن داوای داماڵینی چەکی گروپەکانی کردووە".
فشارەکانی واشنتۆن هاوتەریبە لەگەڵ پۆستەکانی مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە عێراق. کە دوو بژاردەی بۆ وڵاتەکە دیاریکردووە، یان "دۆزینەوەی شوێنی شایستەی خۆی وەکو دەوڵەتێکی سەقامگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا". یان " رووبەڕووبوونەوەی داڕمانی ئابوری و گێژاوی سیاسی و گۆشەگیری نێودەوڵەتی".
گروپە سزادراوەکان کامانەن؟
ئەمەریکا چەند گروپێکی چەکداری عێراقی بە رێکخراوی "تیرۆریستی" دەستنیشان کردووە، هەرچەندە سەر بە هێزەکانی حەشدى شەعبین، کە ئەوانیش بەشێکن لە هێزە چەکدارەکانی عێراق. ئەم گروپانە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، چەندین جار داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایان لە عێراق کردووە، جگە لە هێرشی پچڕ پچڕ لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا.
کاریگەری سیاسی و دارایی ئەم گروپانە بە تێپەڕبوونی کات گەشەی کردووە، تا ئاستێک لە ئێستادا دوورخستنەوەیان لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت ئاڵۆز بووە.
عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی لە دیارترین ئەو گروپانەیە، کە لە هەڵبژاردنی رابردوودا 27 کورسی بەدەستهێناوە. کەتیبەکانی حیزبوڵڵا یەکێکی دیکەیە لە گروپە چەکدارە گەورەکان و باڵی سیاسی گروپەکە خاوەنی شەش کورسی پەرلەمانییە.
هەروەها لە لیستەکەدا کەتەئیبەکانی سەید شوهەدا و کاتیبەکانی ئیمام عەلی و ئەنسارئەڵڵا ئەوفیا لەخۆدەگرێت، کە سەرجەمیان ژمارەیەکی جیاواز لە کورسییەکانی پەرلەمانیان دەستەبەر کردووە.
بەرپرسێکی پێشووی عێراق دەڵێت، رەنگە ئەمەریکا لە کۆتایدا لە داواکاری بەشداری پێنەکردنی گروپەکان لە حکومەتی نوێ پاشەکشە بکات، بەڵام خۆی لە مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو وەزارەتانە دەپارێزێت، کە رەنگە بۆ گروپەکان تەرخان بکرێن.
چی لە مەترسیدایە؟
عێراق رووبەڕووی ئاستەنگی ئابووری بەرچاو دەبێتەوە ئەگەر وەڵامی ئەرێنی بۆ مەرجەکانی واشنتۆن نەبێت، لەکاتێکدا بەغداد هەوڵدەدات وەبەرهێنانی بیانی بە تایبەتی لە کەرتی نەوتدا فراوانتر بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەق کە گروپەکەی لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادایە، رایگەیاندووە: لە بەرژەوەندی عێراقدایە، کە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بەشێوەیەکی دروست وەبەرهێنان لە وڵاتەکەدا بکەن، بەتایبەتی لە کەرتی وزەدا.
چی لە چاوەڕوانی گروپەکاندایە؟
لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023، عێراق تاڕادەیەک بێبەش بووە لە پەرەسەندنی ناوچەیی. بە پێچەوانەی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئێران، عێراق نەبووەتە ئامانجی راستەوخۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، بەڵام چەندین سەرچاوە ئاماژە بە هۆشدارییەکان دەکەن سەبارەت بە ئەگەری هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی وڵاتەکە.
لەگەڵ کەمبوونەوەی ئامادەیی سەربازی ئەمریکاش بەپێی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، نیگەرانییەکان لە هەڵکشاندان، ئەمەش پرسیار لەسەر داهاتووی ئەمنی و سیاسی لە عێراق دروستدەکات.
