
سبەى
گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی بوونەتە مەترسی بۆ سەر دارستانەکانی ئەمازۆن کە بە سییەکانی زەوی ناسراوە. بەجۆرێک پێشبینی دەکرێت لە 75 ساڵی داهاتوودا، دارستانەکانی ئەو ناوچەیە بکەونە ژێر هەڕەشەی لەناوچوونەوە.
لە توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری Nature بڵاوکراوەتەوە، زانایانی بواری ژینگە ئەو مەترسیەیان خستووەتەڕوو، کە ناوچەی ئەمازۆن نزیکدەبێتەوە لەوەی پێی دەڵێن کەشوهەوای زۆر گەرم و وشک و ناجێگیر، کە لە دەوروبەی ساڵی 2100دا دەبێتەهۆی لەناوچوونی بەربڵاوی دارستانەکانی ئەمازۆن.
لە توێژینەوەکەدا هۆشداری دراوە لە دەردانی زیاتری گازی گەرمەخانەیی، کە تا کۆتایی ئەم سەدەیە رۆژە زۆر گەرمەکانی ناوچەی ئەمازۆن بۆ 150 رۆژ بەرزدەکاتەوە، دۆخێک زانایان دەڵێن بەلایەنی کەمەوە 10 ملیۆن ساڵە رووی نەداوە. ئاماژەش بەوە کراوە، رۆژە زۆر گەرمەکان لە دارستانەکانی ئەمازۆندا تەنانەت دەگاتە مانگەکانی لوتکەی بارانبارینەکان، وەکو ئازار و نیسان و ئایار.
جێف چەمبەرز توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە و مامۆستا لە زانکۆی کالیفۆرنیا دەڵێت، کاتێک کەشوهەوا زۆر گەرم و وشکەکان روودەدەن، مەترسییەکان بۆ سەر دارستانەکانی ئەمازۆن دەبێتە راستییەک کە ناتوانین پشتگوێی بخەین. چونکە لەو کاتەدا کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەگاتە سییەکانی زەوی، کە رۆڵی هەیە لە کەمکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گۆڕینی بۆ ئۆکسجین.
چاودێریکردنی ئەمازۆن
لە توێژینەوەکەدا پشت بە زانیاری و داتای زیاتر لە 30ساڵ بەستراوە و لەو ماوەیەدا زانایان چاودێری پلەی گەرمی، شێ، شێی خاکی ئەمازۆنیان لە باکوری ماوناس لە ناوەڕاستی بەرازیل کردووە.
زانایان لە چاودێریکردنی بەردەوامی ئەمازۆن زانیارییەکیان بۆ ئاشکرا بووە، ئەویش ئەوەیە کاتێک شێی خاک بۆ نزیکەی یەک لەسەر سێی ئاستی ئاسایی خۆی دادەبەزێت، کاریگەری لەسەر میکانیزمی پاراستنی ئاو لە گەڵاکاندا و توانای هەڵمژینی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە زۆرێک لە دارەکاندا دروستدەکات.
گرنگی دارستانەکانی ئەمازۆن
دارستانەکانی ئەمازۆن ئیکۆسیستمێکی گرنگی زەویە، بەو پێیەی ریژەیەکی زۆر دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ ئۆکسجین دەگۆڕن. بەڵام گۆڕانە بەردەوامەکانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی و وشکەساڵی، ئەو کارکردنە سروشتییەی دارستانەکانی ئەمازۆنی تێکداوە.
هاوکات زانایان هۆشداریان داوە لەوەی ئەوەی لە ئەمازۆن روودەدات، دەتوانێت بە ئاسانی کاریگەری لەسەر دارستانەکانی دیکەش هەبێت. بەتایبەتی دارستانەکانی رۆژئاوای ئەفریقا و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما رووبەڕووی مەترسی هاوشێوە دەبنەوە.
