
سزاکانى بەریتانیا بلۆککردنى سەروەت و سامان و قەدەغەکردنی هاتووچۆ لەخۆدەگرن و چوار فەرماندەى سەربازى و سێ گروپى چەکداریی لەخۆدەگرێت
سبەى
بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک فەرماندەى سەربازى و گروپى چەکداریی سوریادا سەپاند، بەهۆی تێوەگلانیان لە توندوتیژی دژی خەڵکی سڤیل لە سوریا لە مانگی ئازاری رابردوودا.
سزاکان بلۆککردنى سەروەت و سامان و قەدەغەکردنی هاتووچۆ لەخۆدەگرن و چوار فەرماندەى سەربازى و سێ گروپى چەکداریی لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دوو کەس کە پاڵپشتی داراییان پێشکەش بە رژێمی ئەسەد کردووە.
سزاکانی بەریتانیا محەمەد جاسم (ئەبو عەمشە) فەرماندەی فیرقەی ٢٥ی ئێستای سوپای سوریا و فەرماندەی فیرقەی سوڵتان سلێمان شا و هەروەها سەیفەدین بولاد فەرماندەی لیوای ٧٦ و فیرقەی حەمزەی کردووەتە ئامانج.
هەروەها سزاکان فیرقەی سوڵتان موراد و فیرقەی سوڵتان سلێمان شا و فیرقەی حەمزەى گرتووەتەوە، لەگەڵ چەند کەسێک کە یارمەتى داراییان پێشکەشى رژێمى ئەسەد کردووە.
ئیڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، "لێپرسینەوە و دادپەروەری بۆ هەموو سورییەکان زۆر گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی یەکلاییکردنەوەی سیاسەتى سەرکەوتوو و بەردەوام لە سوریا".
وتیشى "هەر بۆیە سزا بەسەر ژمارەیەک کەس و ڕێکخراو ڕادەگەیەنم بەهۆی تێوەگلانیان لە کردەوەی ترسناک و توندوتیژی دژی خەڵکی مەدەنی لە سوریا. ئەم سزایانە پەیامێکی روون دەنێرن بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە هەوڵدەدەن داهاتووی ئارام و خۆشگوزەرانی سوورییەکان تێکبدەن".

لەکاتێکدا بەریتانیا هەندێک سزاکانی سەر سوریای سووک کردوە بۆ پاڵپشتی لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی سوریا لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەنگاو بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە هەوڵی تێکدانی ئاشتی لەو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختیکردەوە، بەریتانیا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی سوریا بۆ پشتیوانیکردن لە بوژانەوەی ئابوری وڵاتەکە و گەیشتن بە سوریایەک کە مافى سەرجەم هاوڵاتییانى وڵاتەکە بپارێزێت.
بەریتانیا جەختدەکاتەوە ڕێوشوێنەکانی حکومەت ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە تێوەگلاون لە توندوتیژییەکانی ناوچەی کەناراوی سوریا لە مانگی ئازاردا، هەروەها ئەو توندوتیژیانەی لەکاتی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا ئەنجامدراون.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ پێشوازی لە بڕیارەکەى بەریتانیا کرد بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ژمارەیەک کەس و ڕێکخراوی پەیوەست بە کردەوەی توندوتیژی و پێشێلکاری بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچە جیاجیاکانى سوریا.


