
سبەى
یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق نزیکدەبێتەوە، لە کاتێکدا وڵاتەکە لە چەقبەستوییەکی سیاسیدایە، بەجۆرێک هێزە سووننەکان، لەسەر کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان رێکنەکەوتوون. لە ناو پێکهاتەی کوردیشدا کاندیدى سەرۆکی کۆمار یەکلایی نەکراوەتەوە، هاوکات گفتوگۆی شیعەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران بەردەوامە.
29ی ئەم مانگە بۆ یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانى عێراق دیاریکراوە. بەڵام هێشتا سوننەکان نەیانتوانیوە لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنەکە رێکبکەون. سیناریۆیەک کە دۆخی بنبەستی ساڵی 2022 بیردەخاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە تا ئێستا کورد کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوەی سەبارەت بە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار نەکردووە. لەناو ماڵی شیعەشدا قەیرانێکی ئاڵۆزتر لە ئارادایە. هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان پێویستی بە هەڵبژاردنی هەردوو جێگرەکەی لە یەک کاتدا هەیە. کە یەکێکیان شایستەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگییە. هاوپەیمانێتییەکە تا ئێستا هەنگاوێکی کردەیی نەناوە بۆ کاندیدکردنی سەرۆک وەزیران، کە بەدابەشکردنی پۆستە باڵاکانی دیکەوە بەستراوەتەوە، لە نێویاندا جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان.
سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن، تێپەڕاندنی هەر ناوێک بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەبێ رەزامەندی هەردوو چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە کوردییەکان بەدی نایەت. بەتایبەتی کە پارتی دیموکراتی کوردستان ڤیتۆی لەسەر حەلبوسی داناوە و نایەوێت پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان وەربگرێتەوە، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى مەداى عێراقى.
سیناریۆ ئاشناکان
محەمەد حەلبوسی لە کۆتایی ساڵی 2023 لە پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دوورخرایەوە و ئەو پۆستە بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک بە بەتاڵی مایەوە، ئەویش بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆیییەکانی سووننە و دەستێوەردانەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، پێش ئەوەی دواجار لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2024 لەلایەن مەحمود مەشهەدانییەوە پڕبکرێتەوە.
دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 هاوپەیمانی سێ قۆڵی، کە پێکهاتبوو لە رەوتی سەدری بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، هاوپەیمانی تەقەدم و پارتی دیموکراتی کوردستان. سەرکەوتوو بوو لە دانانی حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمان.
پێش ئەو دانیشتنەی پەرلەمان، کە تێیدا حەلبوسی بەسەرۆکی ئەنجومەنەکە دیاریکرا، گۆڕەپانی سیاسی عێراق ئاڵۆزییەکى سیاسی بەخۆیەوە بینی، کاتێک مەحمود مەشهەدانی کە وەکو بەتەمەنترین ئەندام پەرلەمان دانیشتنەکەی بەرێوەدەبرد، هێرشی کردە سەر پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر و وتی پەلاماریان داوە. بەڵام دواتر لە لێدوانەکەی پاشگەزبووە و دانی بەوەدانا، کە رووداوەکە هەرگیز رووی نەداوە و بۆ پەکخستنی دانیشتنەکە ئەو قسەیەی هەڵبەستووە.
بە وتەی چاودێران، ئەم هەڵوێستە لە رووی سیاسییەوە خزمەتی بە مەشهەدانی کرد، بەو پێیەی دوای سێ ساڵ بە پاڵپشتی راستەوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان گەڕایەوە.
ماوەی دەستوریی
چوارچێوەی هەماهەنگی کە مانگی رابردوو خۆى وەک گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانى راگەیاند، پێویستە بە زووترین کات بڕیار لەسەر ناوی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بدات. کە بەپێی نەریتی سیاسی، هەردوو پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەبێت لە نێوان پێکهاتەی شیعە و کورددا دابەش بکرێن.
بەڵام پێناچێت هەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان جیا بێت لە پرسی سەرۆکایەتی حکومەت. لە کاتێکدا ناوی ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار وەک کاندیدێکی بەهێز بۆ ئەو پۆستە بڵاودەبێتەوە.
دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی لە هەمان خولدا، دەستوور ماوەیەکی بە پەرلەمان داوە، کە لە 30 رۆژ زیاتر نەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بەپێی مادەی 72، بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ (220 پەرلەمانتار) هەڵدەبژێردرێت.
بەڵام تا ئێستا هێزە سەرەکییە کوردییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، نزیک نەبوونەتەوە لە رێککەوتن و گفتوگۆکانیان هیچ ئەنجامێکی روونی لێنەکەوتووەتەوە. سەرەڕای دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانیان لەسەر ئەو پرسە، کە پرۆسەی سیاسی عێراقی پێوە بەستراوەتەوە.
گفتوگۆ دەربارەی جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان
ئیحسان شەمەری سەرۆکی سەنتەری هزری عێراقی پێی وایە ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی سوننە بە بەراورد لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنە کوردییەکان، پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، هێزەکانی پێکهاتەی سووننە ئەو راستییە دەزانن، کە پێگەی سەرۆکی پەرلەمان شایستە سەرەتاییەکەیە و چارەسەرکردنی خێرای بووەتە پێویستییەکی سیاسی.
دەشڵێت "گەیشتن بە تەنها دوو ناو، بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە ناو پێکهاتەی سووننەدا، ئاماژەیە بۆ ئەگەری هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لە خولی یەکەمدا". بەڵام کێشەی راستەقینە، لە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەماندا کۆدەبێتەوە کە شایستەییەکی شیعەکانە، لە کاتێکدا رەنگە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دیسانەوە ببێتەوە بە بەشی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک ئەوەی لە خولی پێشوودا روویدا.
شەمەری هۆشداری دەدات لەوەی کە شکستی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆتاییهێنان بە دیاریکردنی کاندیدی پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، دەبێتەهۆی دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی. پێشبینیش دەکات لە دانیشتنی یەکەمدا سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.
