
هێزێکی هەسەدە
سبەی
پێش وادەی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری ئەمساڵ لە کۆتایی ئەم مانگەدا، گفتوگۆکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سوپای سوریا چڕتربونەتەوە.
پێنج سەرچاوە دووپاتیانکردۆتەوە حکومەتی دیمەشق پێشنیازێکی نوێی خستووەتەڕوو، کە تێیدا هەسەدە لە چەند فیرقە و لیوایەکدا رێکبخرێتەوە، بەو مەرجەی خاکەکەی بە رووی یەکەکانی سوپای سوریادا بکاتەوە و دەستبەرداری هەندێک پێکهاتەی فەرماندەیی بێت.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، لە کۆبوونەوەکانی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سوپای سوریا، بەرپرسە کورد، ئەمەریکی و سورییەکان هەوڵەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆکانی ئەو پرسە گرنگەی ئێستای سوریا چڕکردۆتەوە.
بە وتەی چەند سەرچاوەیەک بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، سەرەڕای ئەوەی بێ هیوایی باڵی بەسەر کۆبوونەوەکاندا کێشاوە و ئاسۆی رێککەوتنی گشتگیر لە کاتی دیاریکراودا بەدوور دەزانرێت، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوەوە گفتوگۆکان خێراتر بوون و کاریگەرترن بەراورد بە گفتوگۆکانی پێشوو، ئەویش بەهۆی نزیکبوونەوە لە وادەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیان، کە تا کۆتایی ئەم مانگەیە.
هاوکات پێنج سەرچاوەکە ئاشکرایان کردووە، دیمەشق پێشنیازێکی نوێی پێشکەشی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە، کە ناوچەیەکی بەرفراوانی باکوری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان بەدەستەوەیە و لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندایە.
سەبارەت بە پێشنیازەکە بەرپرسێکی سوری و ئەمەریکی و سێ بەرپرسی کورد رایانگەیاندووە: حکومەتی دیمەشق بەراورد بە پێشووتر ئێستا کراوەترە بەڕووی چارەسەرکردنی کێشەکەدا، بەجۆرێک بەڵێی کردووە بۆ ئەوەی هەسەدە 50 هەزار ئەندامەکەی لە چەند فیرقە و لیوایەکدا رێکبخاتەوە، بەو مەرجەی خاکەکەی بەڕووی یەکەکانی دیکەی سوپای سوریادا بکاتەوە و دەستبەرداری هەندێک لە پێکهاتەی فەرماندەیی ببێت.
هێشتا روون نەبۆتەوە کە ئایا پێشنیازەکە بەچی دەگات، سەرچاوەکانیش دەرفەتی گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمەلایەنە لە دواین رۆژەکانی پێش کۆتایی هاتنی وادەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەدی ناکەن، دەڵێن "گفتوگۆی زیاتر پێویستە".
