
بێ ئەنجامى دانوستانەکانى یەکێتى و پارتى هەرێمى کوردستانى خستووەتە بەردەم قۆناغێکى نوێوە
سبەى
کۆمیتەى ناوەندى پارتى دیموکراتى کوردستان کۆدەبێتەوە، بەمەبەستى دانانى “ستراتیژێکى نوێ” بۆ گفتوگۆکانى پێکهێنانى حکومەت، لەکاتێکدا یەکێتى نیشتمانى کوردستان جەختدەکاتەوە سازش لەسەر وەرەقەى دانوستان و هیچ یەکێک لەو پۆستانە ناکات کە بەپشکى خۆى دادەنێت.
کۆبوونەوەکەى کۆمیتەى ناوەندى پارتى بەسەرپەرشتى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى بەڕێوەدەچێت، ئەوەش بەپێی میدیاکانى پارتى، کە چاوەڕواندەکرێت بڕیارى “یەکلاکەرەوەى” تێدا بدرێت لەبارەى گفتوگۆکانى پێکهێنانى هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغداد، دانانى ستراتیژێکى نوێ بۆ دانوستانەکان لەگەڵ یەکێتى و لایەنەکانى دیکە.
کۆبوونەوەکە دواى دوو رۆژ دێت لە شکستى گەڕى نوێی دانوستانەکانى پارتى و یەکێتى بۆ تاوتوێکردنى پرسی پێکهێنانى کابینەى نوێ لە هەرێم و پۆستەکانى کورد لە بەغداد، کە یەکەم گەڕى دەستپێکردنەوەى دانوستانەکانیان بوو لە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، لە دۆخێکدا کە پارتى بە "قۆناغێکى نوێ" ناوى دەبات، لەکاتێکدا یەکێتى جەخت لە داواکارییەکانى پێشووى دەکاتەوە.
بەپێچەوانەى کۆبوونەوەکانى پێشوویانەوە، دواى کۆبوونەوەکە هیچ راگەیەنراوێک بڵاونەکرایەوە، لە ئاماژەیەکدا بۆ بێ ئەنجامى کۆبوونەوەکە، کە تێیدا هەردوو حیزب سوربوون لەسەر داواکارییەکانى پێشوویان.
کاروان گەزنەیی وتەبێژى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان رۆژى پێنج شەممە بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند، "کۆبوونەوەکە خراپ نەبوو زەمینەسازى بوو بۆ قۆناغى داهاتوو، ئێمە دوو حزبى جیاوازین و روئیاى جیاوازمان هەیە".
وتیشى گفتوگۆکان لەبارەى دیدگاى حوکمڕانى هاوبەش و دابەشکردنى پۆستەکانە، تەنها پۆستێک گرێکوێرە نییە و یەکێتى دەیەوێت هاوبەشێکى راستەقینە بێت لە کابینەى نوێدا.
گەزنەیی باسى لەوەشکرد، وەرەقەیەکى دانوستانیان پێشکەشکردووە و سازیش لەسەر هیچ خاڵێک و پۆستێک ناکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، وتەبێژى یەکێتى، سازشکردنى پارتى و یەکێتى بۆ یەکترى بە پێویست زانى، ئەوەش بە ئامانجى "یەک دەنگی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانى هەرێمى کوردستان لەبەغداد ".
بێ ئەنجامى گەڕى نوێی دانوستانەکانى یەکێتى و پارتى هەرێمى کوردستانى خستووەتە بەردەم قۆناغێکى نوێوە، لەگەڵ ئەگەرى دەستبردنى پارتى بۆ پلانى (بی) و پێکهێنانى حکومەت و کاراکردنەوەى پەرلەمان بەبێ یەکێتى، یان بژاردەى دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەى خولى شەشەمى پەرلەمان.
پێشتر پارتی و یەكێتی 20 جار لەبارەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، لەکاتێکدا ماوەى دواکەوتنى کابینەى نوێی حکومەتى هەرێم ژمارەى پێوانەیی شکاندووە و دواى زیاتر لە ساڵێک لە هەڵبژاردن هێشتا وادەى پێکهێنانى نادیارە.
بێ ئەنجامى کۆبوونەوەکانى پارتى و یەکێتى لەکاتێکدایە، ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمارى داهاتووى عێراق زیاتر بووە، هەردوولا پۆستەکە بە مافى خۆیان دادەنێن.
وتەبێژى یەکێتى جەختیکردەوە، دواى رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى هەردوو حکومەتى هەرێم و عێراق، کاندیدى خۆیان بۆ ئەو پۆستە دیارى دەکەن.
ئەوە لەکاتێکدایە، فوئاد حسێن ئەندامى مەکتەبى سیاسی پارتى رۆژى سێشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى "حەدەس" ئاماژەى بەوەدابوو، پارتی پێشنیازی کردووە کە پێویستە کاندیدێکى پارتی پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، لەکاتێکدا یەکێتى پۆستەکە بە مافى خۆى دادەنێت.
جەختیشیکردبووەوە، ئەو پۆستە مافى یەکێتى نییە، چونکە د.لەتیف رەشید سەرۆکی ئێستا کە ئەندامی یەکێتی بوو لە کێبڕکێکى بوون بەسەرۆک کۆمار رکابەری یەکێتی کرد و سەرکەوتنی بەدەستهێنا بە پشتیوانى پارتی.
