سبەی
چوار ژن لە نێجیریا لە داهێنانێکی پەرجووئاسادا سیستەمێکیان داهێناوە کە بە ڕێگای کارۆشیکاری میز دەگۆڕێت بۆ هایدرۆجین و کارەبای لێ بەرهەم دەهێندرێت.
پێگەى Ecoticias بڵاویکردووەتەوە، ئەو تیمە چەندین ساڵە هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی کارەبا لە میز بەرهەم بهێندرێت و لەم ڕێگەیەوە کێشەی پچڕانی تەزووی کارەبا لە نێجیریا چارەسەر بکرێت.
لە میانی ئەو پرۆسەیەدا سەرەتا هایدرۆجین لە خانەی کارۆشیکاری میز جیا دەکرێتەوە، دواتر بە فلتەری ئاودا تێدەپەڕێندرێت و وشک دەکرێتەوە. پاشان لە هایدرۆجینی پوختی بەدەست هێندراوەوە کە وەک سووتەمەنیی داینەمۆی دەمەوانەی یەک ئاراستە بەکار دەهێندرێت، کارەبا بەرهەم دەهێندرێت.
لە ڕێگای ئەم سیستەمە سادەیە و ئێجگار کاریگەرەوە، دەتواندرێت لە یەک لیتر میز نزیکەی بۆ ماوەی شەش کاتژمێر بەبێ پچڕان کارەبا بەرهەم بهێندرێت.
پسپۆڕان ئەم داهێنانە بە ئێجگار گرنگ لە قەڵەم دەدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجی بەرهەمهێنانی وزەی پاک و چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا بە هۆی کەمی سەرچاوەکانەوە.