رۆژی نیشتیمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانە .. زیاتر لە 300 گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق هەڵدراوەتەوە

#گۆڕی بەکۆمەڵ#ئەنفال#جینۆساید#سەماوە
7 مانگ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • ئەمڕۆ رۆژی نیشتیمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانە لەعێراق، بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە 300 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و هێشتا دەیان گۆڕی دیکە ماون و کاریان لەسەر نەکراوە.
Primary Asset

سبەی

ئەمڕۆ رۆژی نیشتیمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانە لەعێراق، بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە 300 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و هێشتا دەیان گۆڕی دیکە ماون و کاریان لەسەر نەکراوە.

بەبڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2007، رۆژی 16ـی ئایاری هەموو ساڵێک وەک رۆژی نیشتیمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق ناسێنراوە، هەروەک بەپێی یاسای پشووە فەرمییەکانی عێراق ژمارە 12ی ساڵی 2024 کە رۆژی 22ـی ئایاری 2024 لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەنگی لەسەر دراوە و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە، بەپێی ماددەی 1، یەکەم: بڕگەی ل، رۆژی 16ـی ئازار، ساڵیادی تاوانەکانی رژێمی بەعسی روخاو لە (کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە، ئەنفال، گۆڕە بەکۆمەڵەکان، راپەڕینی شەعبانییە و کوشتنی زانایان و حیزبەکان) پشووی فەرمییە لە سەرتاسەری عێراقدا.

314 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە

زەرغام مەحمود حسێنی بەڕێوەبەری فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەر بە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق ئاشکرای کرد: تائێستا 314 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدارونەتەوە کە 160 گۆڕیان دەگەڕێتەوە بۆ قوربانیانی دەستی رژێمی بەعس و 154 گۆڕیش قوربانیانی دەستی گروپە تیرۆریستییەکان و بەتایبەتی داعشە و زۆرینەشیان ئێزدییەکانن.

قوربانیانی ئەنفال

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە 80%ـی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق قوربانیەکانی پرۆسەی ئەنفالن کە لەسەردەستی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 1988 ئەنجامدراوە، تائێستا 57 گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوەکان لە 17 ناوچەی جیاواز هەڵدراونەتەوە و روفاتی 3659 قوربانی دەرهێنراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ مۆنۆمێنتەکانی ئەنفال لە چەمچەماڵ و گەرمیان و ناوچەکانی دیکە، پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و دەرهێنانەوەی روفاتەکانیان بەردەوامە.

گۆڕەبەکۆمەڵەکەی تەل ئەلشێخیە

رۆژی 13ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆرەبەکۆمەڵەکان لە 14ـی کانونی یەکەمی 2024 بە چاودێری رێکخراوی (ICMP) نێودەوڵەتی دەستیان کردووە بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە تەل ئەلشێخیە لە بیابانەکانی سەماوە کە بە شێوەیەکی زانستیانە رووفاتەکان هەڵدەگیرێتەوە.

ئاماژەیان بەوەکردووە؛ لە رۆژی دەستبەکاربونیانەوە تا رۆژی 12ـی کانوونی دووەمی 2025، 105 رووفات هەڵگیراوەتەوە و 115 بەڵگەش دۆزراونەتەوە.

بەوتەی تیمەکە؛ بەڵگەنامە دۆزراوەکان زۆربەیان هیچ نوسین و خەتێکی لەسەر نەماوە، تەنها ژمارەکانیان دیارن.

پشکنینی (دی ئێن ئەی)

تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق ئاشکرای کردووە؛ دوای هەڵگرتنەوەی سەرجەم روفاتەکان دەست دەکرێت بە رێکارەکانی دیکە، وەک بەدواداچوون بۆ ژمارەی سەر ناسنامەکان تا بزانرێت سەر بە چی ناوچەکەیە، دواتر بەبێ پشکنینی (دی ئێن ئەی) هیچ رووفاتێک رادەست ناکرێتەوە، تا ئەوکاتەی بەتەواوی ئەنجامی پشکنینەکە یەکلایی نەکرێتەوە رووفاتەکە سەر بە چی خێزان و بنەماڵەیەکە.

د.فاتح سەنگاوی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، دوای سەردانی بۆ بیابانەکانی سەماوە و بینینی پڕۆسەی دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی قوربانیانی ئەنفال، لەگۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:  لەو ناوچەیە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا سێ گۆری تریش دۆزراونەتەوە، لەئێستادا سەرقاڵی هەڵدانەوەی گۆڕی دووەمن، کە نزیکەی 150 روفاتی تێدایە، لەناو گۆڕەکەدا لانی کەم 100 منداڵی بچوکی تێدایە، بەشێکیان چاویان بەستراوەتەوە و شوێنەواری گوللـەیان پێوەیە، بەشێکیشیان دیارە زیندە بەچاڵکراون".

دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵنەدراونەتەوە

بەڕێوەبەری فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئاشکرای کردووە، زیاتر لە 80 ناوچەی دیکە هەیە تائێستا هەڵنەدراونەتەوە، کە چەندین گۆڕی بە کۆمەڵیان تێدایە، وەک ئەوەی لە ناوچەی تەل ئەلشێخیەی سەماوە بینرا، کە زیاتر لە 10 گۆڕی بە کۆمەڵی تێدابوو، تەنها سێ دانەیاتن هەڵدراونەتەوە تائێستا.

ئاماژەی بەوەکردووە؛ پڕۆسەی هەڵدانەوە و هەڵکۆڵینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان روبەڕووی چەندین لەمپەر و کێشە دەبێتەوە، کەمی کارمەندی تایبەتمەند و شارەزا و کەمی تەرخانکراوی دارایی، بۆیە ناچارن پەنا بۆ رێکخراوە جیهانییەکان ببەن بۆ ئەوەی پاڵپشتییان بکات، ئەوەش بەپێی یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی