كەجەكە: دەبێت ئۆجەلان ببێتە دانوستانكاری سەرەكیی پرۆسەی ئاشتی

#پەکەکە#ئۆجەلان#کەجەکە#تورکیا
7 مانگ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" كە بە باڵی سیاسی پەكەكە ناسراوە، بە ئاژانسی رۆژنامەوانی فەرەنسی راگەیاندووە "چاوەڕوانی ئەوە لە دەوڵەتی توركیا دەكەین گۆڕانكاری لە دۆخی زیندانیی ئیمراڵی بكات، هەروەها دۆخێكی ئازاد بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بخولقێنێت كە بتوانێت سەركردایەتی پرۆسەی دانوستان بكات".
Primary Asset

عەبدوڵڵا ئۆجەلان

سبەی

كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" داوا دەكات "گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان سوك بكرێت". هەروەها "ببێتە دانوستانكاری سەرەكیی پەكەكە لە دۆخێكدا ئەگەر گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ توركیا دەستیپێكرد". ئەمەش دوای ئەنجامی كۆنگرەی 12 ی پەكەكە كە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەكدانانی راگەیاند.

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" كە بە باڵی سیاسی پەكەكە ناسراوە، بە ئاژانسی رۆژنامەوانی فەرەنسی راگەیاندووە "چاوەڕوانی ئەوە لە دەوڵەتی توركیا دەكەین گۆڕانكاری لە دۆخی زیندانیی ئیمراڵی بكات، هەروەها دۆخێكی ئازاد بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بخولقێنێت كە بتوانێت سەركردایەتی پرۆسەی دانوستان بكات".

وتەبێژی كەجەكە وتیشی "پەكەكە جددیەتی لە ئاشتی پیشانداوە، بەڵام تائێستا توركیا هیچ گرەنتییەكی پیشان نەداوە و هیچ هەنگاوێكیشی نەناوە بۆ ئاسانكاری پرۆسەكە، جگە لەوەی بەردەوامە لە هێرشەكانی بۆسەر پێگەكانی پەكەكە".

زاگرۆس هیوا رەتیشیكردەوە پەكەكە دەستبەرداری گەریلاكانی ببێت و رێگە بدات بچنە دەرەوەی توركیا و وتی "ئاشتی راستەقینە بەمانای تێكەڵبوون دێت نەك دوورخستنەوە، ئەگەر دەوڵەتی توركیا بە راستی ئاشتی دەوێت، پێویستە لەسەری دەست بە گۆڕانكاری یاسایی بكات، كە پێویستە بۆ تێكەڵبوونەوەی ئەندامانی پەكەكە بە كۆمەڵگەی دیموكراتی".

لە 12 ی ئەم مانگە پارتی كرێكارانی كوردستان ئەنجامی كۆنگرەی 12 ی ئاشكراكرد، كە دوو بڕیاری چارەنوسسازی تێدا درا، ئەوانیش چەكدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبەیە، ئەمەش لەژێر رۆشنایی ئەو بانگەوازەی ئۆجەلان لە شوباتی ئەمساڵ بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەكدانانی پەكەكە بڵاویكردەوە، بەوەش ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت كۆتایی بە زیاتر لە چوار دەیە شەڕی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا دێت.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەساڵی 1999 ەوە لە زیندانی ئیمراڵی لە توركیا دەستبەسەرە، لە كۆتایی ساڵی رابردوو دەوڵەت باخچەلی داوایكرد ئازاد بكرێت و بچێتە پەرلەمانی توركیا و پەكەكە هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەوە نەكرا و لەبری ئەوە ئۆجەلان لە 27 ی شوباتی ئەمساڵ لە ئیمرالییەوە بانگەوازێكی بڵاوكردەوە و داوای هەڵوەشاندنەوە و چەكدانانی پەكەكەی كرد، دواتریش پەكەكە پابەندبوونی بە بڕیارەكەوە راگەیاند.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی