وەزارەتی خوێندنی باڵا سیستمی وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان دەگۆرێت

#خوێندن#وەزارەتی خوێندنی باڵا#کوردستان
9 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە: لە ساڵی داهاتوو واتە ساڵی خوێندنی (2025-2026) بەدواوە بڕیاری ئەژماركردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەكانی (كوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێتەوە. واتە ئەو قوتابی و خوێندكارانەی لە ساڵی داهاتوو بە دواوە لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەبن، وانەی زمانی كوردی و عەرەبی وەك سەرجەم وانەكانی دیكە لە سیستمی وەرگرتن ئەژمار دەكرێت.
Primary Asset

چەند قوتابییەک

سبەی

لە ساڵی داهاتوو بە دواوە بڕیاری ئەژماركردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەكانی (كوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێتەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "لەهەمان ئەو ماوەیەدا وەزارەت كار دەكات بۆ گۆڕینی سیستەمی ناوەندی وەرگرتن، لە ڕێگەی هێنانەكایەی تاقیكردنەوەیەكی ستانداردی نیشتمانی بۆ وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان".

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە: لە ساڵی داهاتوو واتە ساڵی خوێندنی (2025-2026) بەدواوە بڕیاری ئەژماركردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەكانی (كوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێتەوە. واتە ئەو قوتابی و خوێندكارانەی لە ساڵی داهاتوو بە دواوە لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەبن، وانەی زمانی كوردی و عەرەبی وەك سەرجەم وانەكانی دیكە لە سیستمی وەرگرتن ئەژمار دەكرێت. 

لە نوسراوێكیشدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەكات ئاگاداری سەرجەم خوێندكاران و قوتابیان بكرێت بەمەبەستی ئاگاداربون لەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا.

جێگەی ئاماژەیە بڕیاری هەڵوەشانەوەی ئارەزومەندانەی وانەكانی (كوردی و عەرەبی) لە پۆلی دوانزەی ئامادەیی، لە كۆبونەوەی ژمارە (7)ی ساڵی (2022)ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەرچوو.

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری هەژماركردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەكانی(كوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێنێتەوە و بڕیارەكەش لەسەر ئەو خوێندكارانە جێبەجێدەكرێت كە لەساڵی خوێندنی (2025 - 2026) دەگەنە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی. لەهەمان ئەو ماوەیەدا وەزارەت كار دەكات بۆ گۆڕینی سیستەمی ناوەندی وەرگرتن، لە ڕێگەی هێنانەكایەی تاقیكردنەوەیەكی ستانداردی نیشتمانی بۆ وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان.

بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، رۆژی دوشەممە ڕێكەوتی 31ی تشرینی یەكەمی 2022، بەسەرپەرشتی ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كۆبونەوەی ژمارە (7)ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ئامادەبونی بریكاری وەزارەت و سەرۆك زانكۆكانی كوردستان و ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی بەڕێوەچوو.

لە خاڵی یەكەمی بەرنامەی كاری كۆبونەوەكە، كە بە ئامادەبونی نوێنەرانی دەرچوانی ساڵی ڕابردوی 12ی ئامادەیی بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە زیادكردنی كورسی خوێندنی پارالێل لە كۆلێژەكانی كۆمەڵەی پزیشكی، بۆ ئەم پرسە ئەنجومەنی وەزارەت دوای تاوتوێكردنی ورد و گفتوگۆی چڕو وەرگرتنی وتەی هەریەك لە نوێنەری خوێندكاران و قوتابیان، بڕیاردرا لە ڕێگەی لێژنەیەكی تایبەتمەند لەو زانكۆیانەی كۆلێژی پزیشكییان هەیە ئەم بابەتە دیراسە بكرێت و دواتر پێشنیازەكانیان بۆ ئەنجومەنی وەزارەت بەرزدەكرێتەوە.

خاڵی دووەمی بەرنامەی كاری كۆبونەوەكە تایبەت بوو بە یەكخستن و ڕێكخستنی كرێی خوێندنی پارالێل لە زانكۆكانی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی وەزارەت كار بۆ یەكخستنی كرێی خوێندنی بەشە هاوشێوەكان لەسەرجەم زانكۆكاندا دەكەن.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پاڵپشت بەدیدگاو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری ئەژماركردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەكانی (كوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام كاتی جێبەجێكردنی بڕیاری هەڵوەشانەوە لەسەر ئەو قوتابی و خوێندكارانە جێبەجێدەكرێت كە لە ساڵی خوێندنی (2025-2026)دا لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەبن، واتە لەو ساڵەوە وانەی زمانی كوردی و عەرەبی لەقۆناغی دوانزەی ئامادەیی وەك سەرجەم وانەكانی دیكە لە سیستمی وەرگرتن ئەژمار دەكرێت.

لەهەمان ئەو ماوەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كار دەكات بۆ گۆڕینی سیستمی ناوەندی وەرگرتن، لە ڕێگەی هێنانەكایەی تاقیكردنەوەیەكی ستانداردی نیشتمانی بۆ وەرگرتن لەزانكۆ و پەیمانگەكان، كە تیایدا ڕەچاوی خولیاو ئارەزو و توانای داهێنان و بیركردنەوەی ڕەخنەگرانەو ئاراستەی پیشەیی خوێندكاران و قوتابیان بكرێت و زانكۆكانیش بەشداربن لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرچوانی ئامادەیی لەسەر بنەما و پرەنسیپەكانی خوێندنی پەیوەندیدار (Relevant Education).

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی