دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
سبەی
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی هەموو گرەوێکیان لەسەر ترەمپ بوو، بەڵام وا دەردەکەوێت ترەمپ وەڵامدانەوەیەکی وەهای بۆیان نییە کە لە ئاستی پێشبینی بەرپرسانی ئیسرائیلدا بێت.
بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری ئەتڵانتیک-ی ئەمەریکی، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و هاوپەیمانە نزیکەکانی لە حکومەتەکەیدا، زۆر دڵخۆش بوون بە سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دوای نزیکەی پێنج مانگ لە دەستبەکاربوونی، دەرکەوتووە ترەمپ ئەو فریشە رزگارکەرە نییە بۆ ئیسرائیل و نەتەنیاهۆ.
لەکاتی سەرکەوتنی ترەمپ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "گەورەترین سەرکەوتنی مێژووە"، نەتەنیاهۆ و هاوپەیمانەکانی دڵنیابوون لەوەی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، واتە پشتیوانی بێ مەرجی ئیدارەی ترەمپ لە حکومەتەکەی نەتەنیاهۆ.
دوای پێنج مانگ لە دەستبەکاربوونی لە کۆشکی سپی، دەرکەوت نەتەنیاهۆ و هاوپەیمانەکانی هەڵە بوون سەبارەت بە خەیاڵەکانیان دەربارەی پشتیوانی و سیاسەتەکانی ترەمپ بۆ ئیسرائیل و کەرتی غەززە.
ئەندێشەکانی نەتەنیاهۆ، ئەو کاتە دەستی بە هەرەسهێنان کرد کاتێک ترەمپ بەبێ راوێژکردن و بەشداریپێکردنی ئیسرائیل، دانوستانە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ ئێران دەستپێکرد و بەدوای رێککەوتنەوەیە، هەروەها تاک لایەنە ئاگربەستی لەگەڵ حوسییەکان کرد بەبێ مەرجی راگرتنی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل، هەروەها ئازادکردنی ئێدان ئەلێکساندەری هاوڵاتیی ئەمەریکی بەبێ ئاگاداری ئیسرائیل.
دواین بزمار لە ئەندێشەکانی نەتەنیاهۆ، هاتنی ترەمپ بوو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ سەردانیکردنی ئیسرائیل.
وەک لە راپۆرتەکەی ئەتڵانتیک هاتووە: هەموو ئەو کردارانەی ترەمپ چاوەڕوانکراو بووە، چونکە ترەمپ بەناوبانگە بە هەبوونی کەسایەتییەکی جیوەیی (بەپێی بارودۆخ دەگۆڕێت) و مامەڵەکار کە تەنها دڵسۆزە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی.
ئەوەی سەکردایەتی ئیسرائیلی بەهەڵەدا برد، جیاوازی خولی یەکەمی ترەمپە لەگەڵ خولی دووەمیدا. لە خولی یەکەمیدا، چونکە یەکەم خولی سەرۆکایەتی ناوبراو بوو، پێویستی بە شەرعەیەتی نێودەوڵەتی یان دۆستی نێودەوڵەتی هەبوو، ئیسرائیل ئەوەی پێبەخشی، بەڵام ئێستا کە خوولی دووەمی سەرۆکایەتییەتی، ترەمپ پێویستی بە ئیسرائیل نییە، بەڵکو بەهۆی جەنگی غەززەوە ئیسرائیل پێویستی بە ترەمپە.
هەموو ئەو هۆکارانە وای کردووە، هەردوو ئەفسانەکەی نەتەنیاهۆ تێکبشکێ، کە خۆی دەبینییەوە لە وێناکردنی خۆی وەک "پارێزەری ئیسرائیل"، هەروەها بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە سەردەمی حوکمڕانی ئەودا ئاسایشی ئیسرائیل نەکەوتووەتە مەترسییەوە، بەڵام هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس، ئەو ئەفسانەی تێکشکاند کە ساڵانێک بوو نەتەنیاهۆ بۆ خۆی دروست کردبوو.
ئەفسانەی دووەم کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێگەی خۆی بەهێزتر دەکرد بەرامبەر نەیارە ناوخۆییەکانی، زیرەکی و دۆستایەتی ناوبراو بوو لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی دیکە. لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی 2019، بە پۆستەرێکی گەورە کە وێنەی ناوبراو بوو لەگەڵ هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا و نارێندا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان، بەڵام ئەو ئەفسانەیەشی تێکشکاوە، چونکە ناوبراو تا رادەیەکی زۆر پەراوێزخراوە، تەنانەت ترەمپی نزیکترین هاوپەیمانی ئامادە نەبوو سەردانی ئیسرائیل بکات.
بەپێی راپۆرتەکەی گۆڤاری ئەتڵانتیک، ئیسرائیل وەک وڵاتانی کەنداو ناتوانێت، فڕۆکەی گرانبەها و وەبەرهێنانی ترلیۆن دۆلاری پێشکەش بە ئەمەریکا بکات، ترەمپ کە بە دوای قازانجی ترلیۆنیدا دەگەڕێت، ئیسرائیل و نەتەنیاهۆ نابنە کەرەستەیەک کە پێویستی پێیەتی.
بەڵام لە کۆتاییدا وەک سیاسیی و سەرکردەیەکی بە ئەزموون، نەتەنیاهۆ رەنگە توانای ئەوەی هەبێت ترەمپ بە پشتیوانیکردنی بێ مەرج رازی بکات، چونکە پسپۆڕە لە پیشاندانی سەرکەوتن و پێشکەوتن بە پاشەکشە و شکست.