دیالۆگى ئۆجەلان و تورکیا؛ پەیامێکى هاوبەش لە قەرەیلان و جەمیل بایکەوە

یەک مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
Primary Asset

سبەى

جەمیل بایک و هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە و موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە رایانگەیاند، دیالۆگى عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا درێژەى هەیە و ئەوان بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ کردووە.

ئەو وتانەى قەرەیلان و جەمیل بایک رۆژى شەممە لە پەیامێکى هاوبەشدا هات کە ئاڕاستەى کۆنگرەی نائاسایی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) یان کرد کە لەهۆڵەندا بەڕێوەدەچێت.

لە پەیامەکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە، عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی بەناوی تەڤگەرەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا لە دیالۆگدایە. ئەم پرۆسەیە هێشتا درێژەی هەیە. "ئامانجی ئێمەیش لەم پرۆسەیەدا بۆ ئەوەیە لە ڕێگەی دیالۆگەوە بۆ پرسی کورد ڕێگەی چارەسەری بدۆزینەوە. وەک تەڤگەر لەوباوەڕەداین لەم قۆناغەدا لە هەموو شتێک زیاتر بەرپرسیارێتی خۆمان بەجێ گەیاندووە. ئێستا کاتی لایەنەکەی دیکەیە. بەو هیوایەین لایەنی بەرانبەریش ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بگەین بە دەرنجامێک".

دەشڵێن "بانگەوازی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ و پێشکەوتنەکانی دواتر، ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستاندا کردووە و هەروەها بناغەی یەكێتی لە نێوان کورداندا بەهێز کرد".

قەرەیلان و جەمیل بایک جەختیان کردووەتەوە، ڕۆڵ و ئەرک لە دامەزراندنی کەنەکەدا لەم پرۆسەیەدا زۆر زیاتر بووە. کوردان هێشتا بەتەواوەتی یەکێتی خۆیان بونیاد نەناوە. پێویستە کەنەکە لەم ڕووەوە زۆرتر هەوڵبدات و لە چوارچێوەیەکی کاریگەردا بتوانێت کۆنفرانسێکی نەتەوەیی ڕێکبخات.

دەشڵێن "لە ماوەکانی داهاتوودا، وەک ئەندامی تەڤگەر و هاوکات وەک ئەندامی کەنەکە درێژە بە خەباتەکانمان دەدەین بۆ یەکێتی نەتەوەیی کوردان و ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆمان جێبەجێی دەکەین".

رۆژانى 5-7 ى ئایارى 2025، پارتى کرێکارانى کوردستان پەکەکە لە قەندیل کۆنگرەى 12 هەمینى بەست لەسەر بنەماى بانگەوازى عەبدوڵا ئۆجەلان و بڕیاریدا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتایهێنان بە خەباتى چەکداری.

قەرەیلان: گۆڕانکاریی یاسایی بەرانبەر چەکدانان


موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا قسەیکرد و باسی لەوەکرد کۆتایهێنان بە تێکۆشانی چەکداری کۆتایی نییە، بەڵکو دەستپێکی سەردەمێکی نوێیە، ئەوەش بەپێی میدیاکانى پەکەکە.

وتیشى "کۆنگرەی ١٢هەمینی پەکەکە کۆنگرەیەکی ئاسایی نییە. ساتێکی زۆر گرنگ و مێژووییە لە مێژووی تێکۆشانماندا. دەوڵەت باخچەلی بەناوی دەوڵەتەوە، یان بەناوی باڵێکی دەوڵەتەوە ئەم بانگەوازەی کردوە. گوتیان لە بەرانبەر ئەو مەترسیانەی ئێستا لەسەر تورکیا هەیە، پێویستە ئاشتی ناوخۆیی خۆمان دروست بکەین. بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ی شوبات بانگەوازێکی مێژووییە و بانگەوازێکە بۆ پەرەپێدانی سەردەمێکی نوێ".

"ئەم کۆنگرەیە دەبێت بڕیاری مێژوویی وەربگرێت. بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەدات. لانی کەم لە سەرەتادا باوەڕمان بەم شێوەیە. بۆ قۆناغی داهاتوو قۆناغی چەکدانان بەم شێوەیە بە دی دێت، پێویستی بە گۆڕانکارییەکی یاسایی باوەڕدار هەیە".

قەرەیلان جەختیکردەوە، پێش هەموو شتێک پێویستە زیهنیەتی نکۆڵیکردن بگۆڕدرێت، یاساکانیش هەموویان دوژمنانەن. یاساکانی ئێستا زۆربەیان بوونی گەلی کورد ڕەتدەکەنەوە. هەربۆیە تەنها لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی لایەنی دەوڵەت، لەسەر ئاستی یاسایی و دادپەروەرییدا، ئەم تەڤگەر دەتوانێت چەکدانان جێبەجێ بکات. ئەگەر نا ئەمە زۆر سەخت دەبێت.

"ئێمە باوەڕ دەکەین کە ستراتیژیی شەڕی چەکداری کۆتایی پێبهێنین، بەڵام ئەگەر دەوڵەت ئەمە قبوڵ نەکات، بۆ ئەو گۆڕانکارییە یاساییانەی پێویستە، لە چوارچێوەی ئازادی ڕێبەرێیەتی، لە چوارچێوەی کۆتایی هێنان بە شەڕ، کۆتایی هێنان بە دوژمنایەتی، کەسێک کە باوەڕی پێبکات، ئەمە بە دی نایەت"، قەرەیلان وایوت.

جەمیل بایک: بە جۆشوخرۆشەوە بڕیارەکان وەردەگرم

جەمیل بایک یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە کۆنگرەکەدا هەڵوێستی خۆی دەربارەی بڕیاری کۆنگرەکە دەربڕی و هەڵسەنگاندنی بۆ بڕیارەکان کرد.

وتیشى "کۆنگرەمان بەست و گەیاندمان بە ئەنجام. لەم کۆنگرەیەدا بڕیاردرا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتایهێنان بە تێکۆشانی چەکداری. وەک دامەزرێنەرێکی ئەم تەڤگەرە بە جۆشوخرۆشەوە بڕیارەکان وەردەگرم. چونکە زۆر بەباشی ڕێبەر ئاپۆ دەناسم. هەر هەنگاوێک کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە، بۆ گەلەکەمان، بۆ تەڤگەرەکەمان، بۆ مرۆڤایەتی نابێتی، بە سەرکەوتن ئەنجام گیر بووە".

"وەک چۆن بە ناسینی ڕێبەر ئاپۆ ئاشنای خۆم بوو و بەمشێوە درێژەم بە هەنگاوی خۆمدا، گەر جارێکی دیکەش بێمە دنیاوە، دیسانەوە ڕێبەر ئاپۆ بە بنەما دەگرمەوە."، جەمیل بایک وایوت.
 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی