هەماهەنگى هەولێر و بەغداد؛ هەڵوێستێکى نوێ لە ئەمەریکاوە لەبارەى گرێبەستەکانى هەرێم

#ئەمەریکا#عێراق#هەرێمى کوردستان#غاز
7 مانگ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • ئەو هەڵوێستەى ئەمەریکا لەکاتێکدایە، وەزارەتى نەوتى عێراق لەسەر گرێبەستى غازى حکومەتى هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە دادگایەکى بەغداد سکاڵاى لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمارکردووە.
Primary Asset

سبەى

وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا هانى هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان دەدات هەماهەنگى بکەن بۆ بەرهەمهێنانى غاز، لەکاتێکدا گرێبەستەکانى ئەم دواییەى هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان ناکۆکى لەنێوان هەردوولا دروستکردووە.

تامى بروس وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا رۆژى 27ى ئایار لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا سەرەڕاى جەختکردنەوەى پشتیوانى ئەمەریکا بۆ گرێبەستەکانى وزەى نێوان کۆمپانیا ئەمەریکییەکان و حکومەتى هەرێم، هانى هەولێر و بەغدادیدا پێکەوە کاربکەن بۆ فراوانکردنى بەرهەمهێنانى غاز.

وتیشى "ئەم جۆرە لە هاوبەشى ئابورى سودى دەبێت بۆ هەردوو گەلى عێراق و ئەمەریکا، هەروەها یارمەتى عێراق دەدات بەرەو سەربەخۆیی لەبوارى وزە".

تامى بروس جەختیکردەوە، کۆمپانیا ئەمەریکییەکان ملیارەها دۆلار وەبەرهێنانیان لە کەرتى وزەى هەرێمى کوردستان کردووە هیوادارن وەبەرهێنانى زیاتر لەو بارەیەوە لەسەرتاسەرى عێراق ببینن.

ئەو هەڵوێستەى ئەمەریکا لەکاتێکدایە، وەزارەتى نەوتى عێراق لەسەر گرێبەستى غازى حکومەتى هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە دادگایەکى بەغداد سکاڵاى لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمارکردووە.

ئاژانسى رۆیتەرز رۆژى دووشەممە لەزارى سێ سەرچاوەى عێراقییەوە بڵاویکردەوە، وەزارەتى نەوت سکاڵایەکى یاسایی دژى حکومەتى هەرێم تۆمارکردووە، بەهۆى واژۆکردنى گرێبەستى غاز لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکى ئەمەریکى.

بەوتەى سەرچاوەکان، ئەو سکاڵایە بەربەست لەبەردەم هەوڵەکانى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم دروستدەکات، سەرەڕاى فشارەکانى ئیدارەى ئەمەریکا لەو بارەیەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 19ی ئایار واژۆكردنی گرێبەستی وزەی لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمەریكی راگەیاند، بەمەبەستی پەرەپێدانی چەند كێڵگەیەكی گازی سروشتی و نەوت بەبەهای 110 ملیار دۆلار، ئەوەش ناڕەزایی بەغدادى بەدواى خۆیدا هێنا.

گرێبەستەكان تایبەتن بە كێڵگەكانی تۆپخانە و كوردەمیر لە سنوری گەرمیان لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و كۆمپانیای وێسترین زاگرۆس، كێڵگەی غازی میران لە سنوری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ كۆمپانیای میران ئینێرجی كە لە كۆمپانیای ئێچ كەی ئێن و گرووپی ئۆنێكس پێكهاتووە.

لەدواى واژۆکردنى گرێبەستەکانەوە، وەزارەتى نەوتى عێراق لەزیاد لە راگەیەنراوێکدا جەختى لەسەر نادەستورى بوونى گرێبەستەکان کردووەتەوە، بەرپرسانى هەرێمیش جەختدەکەنەوە کە گرێبەستەکانیان یاسایی و دەستورین.

لەبەرانبەردا، مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕى فۆکس نیوزى ئەمەریکى جەختیکردەوە، لە دەستوردا ماف لە هەرێمى کوردستان دراوە کە گرێبەست واژۆ بکات، بە تایبەت لە بوارەکانی پەرەپێدان و فراوانکردنی کەرتی وزە.

وتیشى ئەو دوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکەى گرێبەستیان لەگەڵدا کردوون ماوەی 15 ساڵە لە ناوچەکە کار دەکەن.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رۆژی سێشەممە 20ی ئایار لە رونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردبوو، ئەو دوو ڕێككەوتننامەیەی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ئەمەریكی HKN و WesternZagros واژۆكراون، ڕێككەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵكو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاكانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ كێشەیەكی یاساییان نییە و تەنیا كۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەكان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێكارە یاسایی وگرێبەستییەكانی هاتوو لە ڕێكەوتننامەكان.

جەختیشیكردبووەوە، ئامانج لەو ڕێككەوتننامە و  گرێبەستانە، پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادكردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینكردنی سووتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە ئامانجی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەكانی عێراق .

ژێرخانى کەرتى غاز

یەدەگى غازی سروشتی هەرێمی کوردستان بە 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) دەخەمڵێنرێت، کە دەکاتە لە 3% ی تێکڕای یەدەگی جیهان. ئەمەش رۆڵێکی گرنگ دەدات بە پێگەی کوردستان لە بازاڕە هەرێمیەکانی غازدا، ئەوەش بەپێی پێگەى فەرمى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان.

لە ساڵی 2003ەوە، بڕێکی زۆر لە دۆزینەوەکانی غاز ئەنجامدراوە و توانای بەرهەمهێنانی غازیش سەلمێنراوە. لە کاتێکدا چالاکیەکانی بەدواداگەڕان لە چڕ بوونەوەدان.

لە هەرێمى کوردستان 10 کێڵگەى غاز بوونیان هەیە کە بریتین لە، کۆرمۆر، چەمچەماڵ، میران، کوردەمیر، تۆپخانە، پەڵکانە، تازە، بنەباوێ، خورمەڵە، دهۆک.

لەو کێڵگانە تا ئێستا تەنها دوانیان غاز بەرهەمدەهێنن کە پێکهاتوون لە، کۆرمۆر 525 ملیۆن پێ سێجا و خورمەڵە 130 ملیۆن پێ سێجا واتە پێکەوە 655 ملیۆن پێ سێجا بەرهەمیان هەیە.

هەرێمى کوردستان لە رێگەى گرێبەستە نوێیەکانەوە چاوى لەوەیە بەرهەمهێنانى غاز بۆ یەک ملیۆن مەتر پێ سێجا بەرزبکاتەوە، بۆ ئەوەى بتوانێت ئاستى بەرهەمهێنانى کارەبا بگەیەنێتە زیاتر لە هەشت هەزار مێگاوات، کە بەهۆى کەمى بەرهەمهێنانى غازەوە کە بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بەکاردەهێنرێت، لە ئێستادا نزیکەی 4500 مێگاوات بەرهەمدەهێنرێت.

سەرەڕاى ئەوە هەرێمى کوردستان چاوى لە فرۆشتنى غازە ئەگەر بڕى بەرهەم لە پێداویستى ناوخۆیی زیاتر بوو.

حکومەتى هەرێمى کوردستان نۆ ساڵ لەمەوبەر پلانى هەبوو کە ئاستى بەرهەمهێنانى غاز بە جۆرێک بەرزبکاتەوە کە بتوانێت هەناردەى تورکیاى بکات، کە گەورەترین بەکاربەری غازە لە ناوچەکەدا. 

وەزارەتى سامانە سروشتییەکان ساڵى 2013 ئاماژەى بەوەکردبوو، چاوەڕواندەکرێت یەکەم هەناردەی غاز لە 2016 دا ئەنجام بدرێت، ئەمەش سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ تورکیا دەستەبەر دەکات. هەروەها، کوردستان چاوی بڕیوەتە ئەوروپاش کە پێویستی بە سەرچاوەیەکی دابینکردنی مسۆگەر و متمانەپێکراو و هەمەچەشنی غازە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی