ئەردۆغان گەشبینە بە چەکدانانی پەکەکە و نیگەرانیشە لە هەسەدە

#ڕەجەب تەیب ئەردۆغان#هەسەدە#پەکەکە
2 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی یەکەمجارە هەنگاوی هێندە گرنگ ببڕن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ڕایگەیاند: "دەبینین هەسەدە یاری بە کاتەوە دەکات بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای نوێی سوریا و لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین".
Primary Asset

سبەی

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، هەسەدە تۆمەتباردەکات بەوەى یاری بە کاتەوە دەکات لە پڕۆسەى تێکەڵبوونى لەگەڵ سوپای نوێی سوریا و دەڵێت بەڵام پێناچێت کێشە بۆ پڕۆسەى چەکدانانى پەکەکە دروستبێت، وەزارەتى بەرگرى تورکیاش دەڵێت، هەڵوێستیان لەبارەی هەسەدە نەگۆڕاوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی ئایاری 2025 لە کاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجانەوە بۆ تورکیا؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی پێشهاتەکانەوە دوا و وەڵامی پرسیاری میدیاکارانی دایەوە.

ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت بە هەموو جۆرێک یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سوریا بپارێزرێت و دەڵێت: "هەرچەند ئێمە بە ئەرێنی پێشوازیمان لە لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی نوێی سوریا و هەسەدە کرد. بەڵام دەبینین هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) یاری بە کاتەوە دەکات و پێویستە واز لەوە بهێنێت. لە نزیکەوە چاودێری کارکردن بە بڕیارەکان دەکەین و گرنگ ئەوەیە هەر بە قسە نەمێننەوە و بەپێی ڕێکەوتی دیاریکراو جێبەجێ بکرێن. لە کۆبوونەوەکەشمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرکۆماری کاتی سوریا باسمان لەوە کرد".

ئەمە یەکەمجارە ئەردۆغان هەسەدە بە ناوی خۆیەوە ناو بهێنێت و پێشتر بەردەوام پێی دەگوت "ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/یەپەگە".

ئەردۆغان گەشبینە بەو پرۆسە نوێی بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە کە پەکەکە بە کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری و تورکیا بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات و دەڵێت: "سوپاس بۆ خوا پێناچێت کێشە دروست ببێت. پێشهاتەکان باشن و هەنگاوی گرنگ دەنرێن. وێڕای چەند دەنگێکی نەشاز، بە گشتی پەیامەکان باش و بونیادنەرانەن. بێگومان لەگەڵ هەر قۆناغێکی نوێ لەگەڵ زیادبوونی هیواکانمان، ئەرکی سەرشانیشمان زیاتر دەبێت".

ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە ڕێگە بەوانە نادەن کە دەیانەوێت پرۆسەکە لەبار بەرن و دەڵێت: "ئامانجمان ڕوونە ڕزگاربوونە لە تیرۆر کە چەندەها ساڵە بە زیانی تورکیا شکاوەتەوە و بووەتە هۆی زیانێکی زۆری مرۆیی و ئابوری و دڵی دوژمنانی تورکیای خۆش کردووە".

سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە هەنگاوی هێندە گرنگیان بڕیوون بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، پێشتر هەرگیز نەگەیشتوونەتە ئەم قۆناغە و دەڵێت: "خوا یار بێت دەگەینە ئامانجەکەمان کە تورکیای بێ تیرۆرە. هەرچی بیکەن لە پێناو وڵاتەکەمان و ئاسودەیی و ئارامی گەلەکەمانە. نەچووینەتە ناو هیچ سەودا و مامەڵەیەک، تا گەلەکەمان هەراسان بکات. ئێمە متمانەمان بە گەلەکەمان و هێزی برایەتیی نێوانمانە".

وەزارەتی بەرگریی تورکیا: هەڵوێستمان لەبارەی هەسەدە نەگۆڕاوە

ئەو وتانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە جەختکردنەوە لەوەی کە پێویستە لە سوریا چەک تەنیا بە دەست سوپای نوێی سوریاوە بێت، ڕایگەیاند: "لەپێناو هێنانەدی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بە وردی چاودێری پرۆسەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئیدارەی نوێی سوریا و هەسەدە دەکەین".

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و بۆ یەکەمجار لەبری بەکارهێنانی دەستەواژەی "ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە"، ڕاستەوخۆ ناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەهێنێت و بە "ڕێکخراوی تیرۆریستی" ناوی دەبات.

هەروەها جەختدەکاتەوە هەڵوێستیان لەبارەی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای نوێی سوریا نەگۆڕاوە و جەخت لەوە دەکاتەوە ڕێگە نادرێت لە میانی هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی سوریا ناوەندێتی حکومەت نەهێڵدرێت و هەوڵی جوداخوازی بدرێت. 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا بیری خستووەتەوە یەکەی هەماهەنگیی هاوبەشی تورکیا، سوریا و ئوردن لە 19ی ئایارەوە دەستبەکار بووە و دەشڵێت: "لەپێناو هێنانەدی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بە وردی چاودێری پرۆسەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئیدارەی نوێی سوریا و هەسەدە دەکەین".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە تورکیا پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکات ببێتە هۆی هێنانەدی ئاشتی و ئارامی، بە مەرجێک پرۆسەکە ڕوون و گشتگیر بێت و نیگەرانییە ئەمنییە ڕەواکانی هەموو لایەک بە هەند وەربگرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی