دوو مەرج و دوو پێشنیاز؛ کێشەى مووچە لەنێوان هەرێم و بەغداد بەکوێ دەگات؟

#عێراق#هەرێم#مووچە
2 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رۆژى شەممە لە لێدوانێکیدا بۆ سبەى پێشبینیکرد، هەرێم و بەغداد لەسەر پرسی مووچەى فەرمانبەران بگەنە رێککەوتن و پێش جەژن بەغداد مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بنێرێت.
Primary Asset

حکومەتى عێراق بۆ ئەمساڵ مووچەى چوار مانگى فەرمانبەرانى رەوانەى هەرێمى کوردستان کردووە

سبەى

لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق پێشبینى دەکات پێش جەژنى قوربان بەغداد مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بنێرێت و دوو پێشنیازیش بۆ چارەسەرى کێشەکە دەخاتەڕوو، لەکاتێکدا محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق بە دوو مەرج ئامادەیە مووچە رەوانە بکات.

بڕیارەکەى تەیف سامى وەزیرى دارایی عێراق لە رۆژى 28 ى ئایار بۆ راگرتنى ناردنى پارەى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان، کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێناوە و کێشەکانى هەرێم و بەغدادى لەسەر ئەو پرسە قوڵکردەوە و چارەنووسى مووچەى بە نادیارى هێشتووەتەوە.

جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رۆژى شەممە لە لێدوانێکیدا بۆ سبەى پێشبینیکرد، هەرێم و بەغداد لەسەر پرسی مووچەى فەرمانبەران بگەنە رێککەوتن و پێش جەژن بەغداد مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بنێرێت.

هەروەها پێشنیازیکرد هەردوولا هەوڵبدەن یەکەمجار لەرووى یاساییەوە چارەسەرى پرسەکە بکەن، بەو پێیەى وەزیرى دارایی عێراق پرسەکە بە یاسایی دادەنێت و هەردوولا ئامارى جیاجیان خستووەتەڕوو، ئەگەر ئەوەش نەکرا پەنا ببەنە بەر چارەسەرى سیاسی.

پێشیوایە، لە ئێستادا ئەو پرسە تا ڕادەیەک لەدەستى پەرلەمان نەماوە و روویەکى سیاسی وەرگرتووە، تێکەڵ بە پرسی هەڵبژاردنیش بووە.

پاساوى وەزارەتى دارایی عێراق بۆ راگرتنى ناردنى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە هەرێم بەپێی بودجەى سێ ساڵە، زیاتر لە پشکى خۆى وەرگرتووە، بەڵام هەرێمى کوردستان ئەوە رەتدەکاتەوە.

لەگەڵ زیادبوونى فشارى ناوخۆیی و دەرەکى لەسەر ئەو پرسە، محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران ئامادەیی نیشانداوە بە مەرج مووچەى مانگى ئایارى فەرمانبەران خەرج بکات، ئەوەش بەپێی میدیا عێراقییەکان.

مەرجەکانى سودانى بریتین لەوەى پارەى مووچە وەک قەرز بنێرێت، لەگەڵ پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەش نێوان هەرێم و بەغداد بۆ چارەسەرى ریشەیی کێشەى مووچە بۆ مانگەکانى داهاتوو.

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى دارایی عێراق، تەرخانكراوی دارایی هەرێم بەڕێژەى 12.67 لەیاسای بودجەی سێ ساڵی كۆتایی هاتووە، بەو پێیەى بڕى 13 ترلیۆن و 547 ملیار دینارى رادەستکراوە لەکۆى خەرجى کردەیی. لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان لەکۆى 19.9 ترلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوت لە ساڵى 2023 ەوە تا مانگى نیسانى ئەمساڵ، تەنها 598.5 ملیار دینارى رادەستى بەغداد کردووە.

بەڵام وەزارەتى دارایی هەرێم، رێكارەكانی عێراق بۆ دەستنیشانكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە خەرجی بەكاربردن بە دژى دەستور ناودەبات و دەڵێت، لە كۆی نزیكەی 13 تریلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دینارى پشکى هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025، بەغداد بڕی 4 تریلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دیناری ناردووە، ئەوەی كە لە ئەستۆی عێراق ماوەتەوە، 9 تریلیۆن و 110 ملیار و 961 ملیۆن و 835 هەزار دینارە.

حکومەتى عێراق بۆ ئەمساڵ مووچەى چوار مانگى فەرمانبەرانى رەوانەى هەرێمى کوردستان کردووە، ئەوەش بە پێی رێککەوتنى نێوانیان کە سەرەتاى ئەمساڵ راگەیەنرا، ساڵى رابردوو مووچەى مانگى 12 ى فەرمانبەران دابەشنەکرا و هەریەکە لە هەرێم و بەغداد یەکتریان بە هۆکارى دابەشنەکردنى تۆمەتبارکرد.

لەگەڵ سەرهەڵدانەوەى کێشەى مووچە لە نێوان هەرێم و بەغداد و نادیارى چارەنوسى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم، وەزارەتى دارایی عێراق سبەینێ یەکی حوزەیران دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی خانەنشینی شارستانی و سەربازی دەکات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی