شاندی رۆژئاوای کوردستان و دیمەشق لەسەر چوار خاڵ رێککەوتن

#ئیدارەی خۆسەر#دیمەشق#شاندی هاوبەش#رێککەوتن
2 ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • شاندی رۆژئاوای کوردستان و دیمەشق لەسەر چوار خاڵی سەرەکی رێککەوتن، پەیوەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی خوێندن لە پێشینەی کارەکانیانن.
Primary Asset

سبەی

شاندی رۆژئاوای کوردستان و دیمەشق لەسەر چوار خاڵی سەرەکی رێککەوتن، پەیوەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی خوێندن لە پێشینەی کارەکانیانن.

ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە دیمەشق لەگەڵ شاندێکی حکومەتی کاتی سوریا کۆبونەوە، بۆ هەماهەنگی و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی کراوە تەوەری سەرەکیی کۆبونەوەکان بوون.

بەپێی بەیاننامەی هاوبەشی هەردولا، یەکەم دانیشتن لە نێوان شاندی نوێنەرایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و لیژنەی ناوەندی کە ئەرکی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی پێسپێردراوە، لە کەشێکی ئەرێنی و بنیاتنەردا بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا کۆمەڵێک بابەتی جێی نیگەرانی هەردوولایان تاوتوێ کرد و ڕێککەوتن لەسەر

1- پێکهێنانی لیژنە لاوەکییە تایبەتمەندەکان بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئازار، کە لە نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات،  ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر ئیمزا کراوە.

2- کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە تاقیکردنەوە و ناوەندەکانی تاقیکردنەوە، بە شێوەیەک کە مافی خوێندکاران و پرۆسەی خوێندن مسۆگەر بکات.

3- لێکۆڵینەوە لە میکانیزمەکان بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و چارەسەرکردنی ئەو بەربەستانەی کە رێگریی لەم گەڕانەوەیە دەکەن.

4- چالاککردنەوەی دۆسیەی تایبەت بە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود، و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری و ئاشتی مەدەنی بکات.

هەردوو لایەن پابەندبوونی خۆیان بە گفتوگۆی بنیاتنەر و بەردەوامی هاوکاری بە شێوەیەک دووپاتکردەوە کە پاڵپشتی لە یەکێتی و سەروەری سوریا بکات، خواستەکانی گەلی سوریا بۆ ئاسایش و سەقامگیریی بەدیبهێنێت.

هەروەها رێککەوتن کرا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دانیشتنێکی دیکە ئەنجام بدرێت بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی خاڵە ڕێککەوتووەکان.

شاندەکەی ئیدارەی خۆسەر پێکهاتبوون، لە فەوزە یوسف ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) و عەبد مەهباش هاوسەرۆکی پارتی سوریای ئایندە، سەنحەریب بەرسوم هاوسەرۆکی پارتی سریانی، ئەحمەد یوسف هاوسەرۆکی دەستەی دارایی ئیدارەی خۆسەر، سۆزدار حاجی ئەندامی سەرکردایەتی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) مریەم ئیبراهیم هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی ئیدارەی خۆسەر، یاسر سلێمان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی گەلی دیموکراتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.

شاندی دیمەشقیش لە ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەتی دەرەوە، ئاسایشی ناوخۆ، بەرپرسی دۆسیەی عەفرین لە حکومەتی سوریا، وەزیری کاروباری مەدەنی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی