سبەی
سەرۆک وەزیرانی عێراق بە پێویستی دەزانێت پابەندییە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی چارەسەر بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوەوە و تیایدا جەختکرایەوە لەسەر دابینکردنی پێداویستی و داواکارییەکان و بەدواداچوونی کاروبارەکانیان لەسەرتاسەری عێراق.
بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سودانی، بەپێویست زانراوە چارەسەری ریشەیی لە چوارچێوەی دەستور و یاساکاندا بۆ پابەندییە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت، وەک ئەوەی لە مادەکانی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵیدا هاتووە، هەروەک جەخت لەسەر گرنگی دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز کراوەتەوە.
نوسینگەی سودانی بڵاوی کردوەتەوە کە ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتوو، سەقامگیریی ئاسایش و کۆمەڵگەیان بە پێویست زانییوە، هەوڵەکانی حکومەتیان بە گرنگ زانیووە لە دۆسەیی خزمەتگوزاریی و چاکسازی و کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان لە سەرتاسەری وڵاتدا.
سەردان و کۆبونەوەی لایەن و فراکسیۆنەکانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ لای محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، رۆژی 28ـی ئایاری 2025، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بە نوسراوی فەرمی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردەوە کە چیتر ئامادەنییە مووچەی مانگی ئایار و مانگەکانی دواتر بۆ ساڵی 2025 بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەهۆی ئەوەی سەرجەم شایستە داراییەکانی ساڵانی 2023-2024-2025 بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە.