سبەی
وەزارەتی نەوتی عێراق داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات پابەندی دەستور و یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت، جەخت دەکاتەوە کە نەوتی هەرێمی کوردستان بە قاچاخ دەبرێتە دەرەوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (5ـی حوزەیرانی 2025) وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا بڵاوی کردەوە: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی دەستور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسا بەرکارەکان، بەتایبەتی یاسای بودجەی گشتی بێت، کە حکومەتی هەرێم پابەند دەکات بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، بە ئامانج هناردەکردن و گەڕاندنەوەی داهاتەکەی بۆ خەزێنەی گشتی، پێشتریش بە فەرمی داوایان لە حکومەتی هەرێم کردوە و شاندیان ناردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
وەزارەتی نەوت داوا دەکات، بە پەلە و راستەوخۆ و بەپێی هەمواری یاسای بودجەی گشتی کە بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێم پەسەند کراوە، نەوتی کێڵگەکانی رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکات.
هۆشداریی داوە لەوەی، کە رادەستنەکردنی نەوت زیانێکی گەورەی دارایی لە عێراق داوە و زیانی لە سومعەی نێودەوڵەتی عێراق و پابەندییە نەوتییەکانی داوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێم بە دەستور و یاسا، دووجار زیانی گەورەی لە هەناردەی نەوتی خەزێنەی گشتی داوە، یەکەم رادەستنەکردن و هەناردەکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم و سودوەرگرتن لە داهاتەکەی و زیانی دووەمیش بەر وەزارەتی نەوتی کەوتووە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمی کێڵگەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێم، ئەویش بەهۆی پابەندبوونی عێراق بە پشکی دیاریکراوی لە رێکخراوی ئۆپیک، کە بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پشکی عێراق ئەژمار دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی بە سەرپێچی بەرهەمدەهێنرێن.
وەزارەتی نەوت رایگەیاندووە: بەوردی چاودێریی ئەو زانیارییانە دەکەن کە دەری دەخات نەوتی هەرێمی کوردستان بە قاچاخ دەچێتە دەرەوە و حکومەتی هەرێم بەپرسیارێتی یاسایی ئەو دۆسیەیە لە خۆدەگرێت، بە مافی خۆیشیانی دەزانن رێکاری یاسایی لەوبارەیەوە بگرنەبەر.
بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق لە کاتێکدایە، کە بۆ مانگی ئایاری 2025، وەزارەتی دارایی عێراق ئامادە نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بە هۆی ئەوەی سەرجەم شایستە داراییەکانی بودجەی ساڵانی 2023-2024-2025ی هەرێمی ناردووە، لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەنییە داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەستی حکومەتی فیدراڵ بکات.