پەرلەمانی تورکیا
سبەی
ئەمڕۆ سێشەممە سێی حوزەیرانی 2025، سەرۆکی گەڕی دووەمی خولی 28ی پەرلەمانی تورکیا دیاری دەکرێت، ئەمەیش لە کاتێکدایە بڕیارە پەرلەمان ببێتە شوێنی چارەسەرکردنی پرسی کورد و لە ڕێگای هەموارکردنەوەی یاساکان و نووسینەوەی دەستورێکی نوێ، زەمینە بۆ ئەمە بڕەخسێندرێت.
بۆ سەرۆکایەتیکردنی پەرلەمانی تورکیا، پێنج کەس دەکەونە کێبڕکێ. جارێکی دیکە ئاک پارتی نومان کورتوڵموش'ی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەمان پۆست کاندید دەکاتەوە. جەهەپەش پەرلەمانتار ئوغور بایراکتوتان، دەم پارتی پەرلەمانتار عوسمان جەنگیز چاندار، ئیی پارتی پەرلەمانتار موستەفا جیهان پاچاجی و پارتی ڕێگای نوێش، پەرلەمانتار مەهمەت کارامان'ی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە.
ئەگەر لە دەنگدانی یەکەمدا هەر کاندیدێک توانی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، دەبێت بە سەرۆکی پەرلەمان و ئەگەر لە دەنگدانی یەکەمدا ئەو ڕێژەیە بەدەست نەهات، لە دەنگدانی دووەمدا کێ زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان بە دەست بهێنێت دەبێت بە سەرۆکی پەرلەمان.
بەڵام ئەگەر هیچ کاندیدێک نەیتوانی زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان بەدەست بهێنێت، لە دەنگدانی سێیەمدا دوو لەو کاندیدانەی زۆرترین دەنگ بە دەست دەهێنن دەکەونەوە کێبڕکێ.
لە دەنگدانی چوارەمدا کێ لەو دوو کاندیدە زۆرترین دەنگ بە دەست بهێنێت، ئەو بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.
پەرلەمانی تورکیا لە 23ی نیسانی 1920ەوە دامەزرێندراوە و تاکوو ئێستا 30 سەرۆکی گۆڕیوە.
یەکەم سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا موستەفا کەمال ئەتاتورک بووە.
موستەفا عەبدوڵهاکیل ڕەندا بۆ ماوەی 11 ساڵ و بۆ درێژترین ماوە لەو پۆستەدا ماوەتەوە. ناوبراو لە 1935ەوە تاکوو 1946 بەبێ پچڕان سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بووە.
کەمترین ماوەیش عیسمەت سەزگین سەرۆکی پەرلەمان بووە و تەنیا بۆ ماوەی دوو مانگ و یەک هەفتە (لە 18ی تشرینی یەکەمی 1995ەوە تاوەکو 24ی کانوونی یەکەمی 1995) لەو پۆستەدا ماوەتەوە.