سبەی
ئەحمەد تورک، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و سەرۆکی قەییوم لەجێدانراوی شارەوانیی گەورەشاری مێردین بە ئاماژەدان بەوەی پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای سزاکان، لە ئاست خواستەکانی کورددا نییە، دەڵێت: "خوازیارین مانگی ئۆکتۆبەر دەستپێکی ئەم پرۆسەیە بێت کە هیوامان پێیە".
ئەحمەد تورک ئەمڕۆ ویەکشەممە یەکی حوزەیرانی 2025 لە میانی بەشداریکردن لە پانێڵێک بە ناوی "مافی هیوا و ئاشتی" کە لەلایەن هۆبەی مێردین'ی کۆمەڵەی ئازادی بۆ یاساناسان ڕێکخرابوو، لەبارەی ئەو پرۆسە نوێیەوە دوا کە بە دەستپێشخەری دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە دەستی پێ کردووە.
ئەحمەد تورک بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە دوای ئەو دەستورەی لە 1924 پەسەند کرا، کۆماری تورکیا کرا بە دەوڵەتێکی نەتەوەیی و ئامانجی دەوڵەتیش تواندنەوە و سڕینەوەی پێکهاتە نەتەوەیییەکانی دیکە بوو، ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کورد لە دژی ئەو سیاسەتانەی دەوڵەت بوەستێتەوە و بە پێچەوانەی پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکە، توانەوە و پاکتاوبوونی ڕەت کردەوە.
بەبێ دیموکراتیزەبوونی تورکیا، پرسی کورد چارەسەر ناکرێت
ئەحمەد تورک بە ئاماژەدان بەوەی وەک ئەوەی ئۆجەلان سەرنجی خستووەتە سەر بەبێ هێنانەدی دیموکراسی، پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتی چارەسەر ناکرێت و دەڵێت: "دەولەت باخچەلی بە خوێندنەوە بۆ دۆخی نوێی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم دەستپێشخەرییەی کرد و هێنانەدی برایەتی نێوان کورد و تورک بە پێویستییەکی حەتمی دەزانێت".
نایشارێتەوە کە هێشتا کێشەی دروستبوونی متمانەیان لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەیە و هەرچەند لەو باوەڕەدان پرۆسەکە بەردەوام دەبێت، بەڵام بە دەمەوەنەهاتنی بەرەی دەسەڵات بۆ داواکارییەکانی کورد بە تایبەت بەر لە هاتنی جەژنی قوربان، ئەوانی نیگەران کردووە.
هیچ داواکارییەکی ئێمە جێگیر نەکراوە
لەبارەی پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسای پەیوەندیدار بە هەموارکردنەوەی یاسای سزاکان کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر فراکسیۆنی ئاک پارتی ڕەوانەی پەرلەمانی کرد و دواتر بە دەنگی پەرلەمانتارانی ئاک پارتیی دەسەڵاتدار و مەهەپەی هاوپەیمانی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمان تێپەڕێندرا و قۆناغی داهاتوو لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت، ئەحمەد تورک دەڵێت: "پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای سزاکان، لە ئاست خواستەکانی ئێمەدا نییە و هیچ یەک لە داواکارییەکانی ئێمەی تێدا جێگیر نەکراوە. خوازیارین مانگی ئۆکتۆبەر دەستپێکی ئەم پرۆسەیە بێت کە هیوامان پێیە".
ئەگەر تورکیا بە دەم داواکارییەکانی کوردەوە نێیەت، ئەوا خۆی زەرەر دەکات
هەرچەند ئەحمەد تورک ئاماژە بەوە دەدات کە داواکاریی جیدی کورد بۆ ئاشتی و بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە، کارتی دەستی کوردی بە هێز کردووە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەمە بە هەنگاوێکی مێژوویی لەقەڵەم دەدات؛ هاوکات هۆشداریش دەدات لەوەی ئەگەر تورکیا بە دەم داواکارییەکانی کوردەوە نەیات، ئەوا خۆی زیان دەکات.
جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ هێزێک ناتوانێت کورد هیوابڕاو بکات، باس لەوە دەکات بە دونیابینی ئۆجەلان، دەگەنە ئامانج و سەرکەوتن.
تەنانەت ناکرێت بیر لە چەکدانانی هەسەدەش بکرێتەوە
لەبارەی ئەگەری چەکدانانی هەسەدەیش ئەحمەد تورک سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی لە کاتێکدا بۆشایی ئەمنی هەیە و 55 هەزار ئەندامی داعش لە کەمپی هۆلن و هیچ هێزێکی دەوڵەت لە رۆژئاوا نییە، چۆن دەکرێت تەنانەت بیر لەوەیش بکرێتەوە کە کورد چەک دابنێت و دەڵێت: "هێشتا هەڕەشەی داعش ماوە و چەکدانانی کورد بەو واتایە دێت هەزاران ئەندامی داعش دیسان چالاک ببنەوە و سوریا خەڵتانی خوێن بکرێت".