کۆمسیۆن
سبەی
وەك ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دامەزراندنی كارمەندانی سەر سندوق لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە دەستپێدەكات.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاوی كردەوە: ئەمشەو لینكی داواكاری ئۆنلاین بۆ دامەزراندنی كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدان بڵاودەكرێتەوە و هاوڵاتیان دەتوانن ناوی خۆیان بۆ چاودێری سندووقەكانی دەنگدان تۆمار بكەن.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو كەسانەی خواستی پێشكەشكردنیان هەیە تا چاودێری لاپەڕەكانی كۆمسیۆن بكەن و دەتوانن دوای ئەكتیڤبوونی لینكەكە ناوی خۆیان تۆمار بكەن.
بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
بەپێی نوێترین ئاماری كۆمسیۆن كە دەست سبەی كەوتووە، تا ئێستا 21 ملیۆن و 24 هەزار و 66 دەنگدەر تۆمارەكانیان نوێكردووەتەوە، لەكۆی زیاتر لە 29 ملیۆن كەس كە مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوو.
پڕۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدان، لە 25 ی ئازارەوە دەستیپێكردووە و تا 15 ی حوزەیران بەردەوام دەبێت، دوای ئەوەی بۆ ماوەی مانگێك وادەكە درێژكرایەوە.
هەڵبژاردنی ئەمجارە، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمی یەك بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاكانە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوكرا، لە كاتێكدا دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بەپێی سیستمی فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری كرا.
بەگوێرەی ئاماری كۆمسیۆن، ژمارەی ئەو لایەنانەی خواستی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان دەربڕیوە، 118 لایەنە. ئەوەش زیاترە لە ژمارەی حزبەكان (لە دەرەوەی هاوپەیمانی) لە ساڵی 2021 كە 109 حزب بوون، هەرچەندە هەڵبژاردن بە سیستمی فرە بازنەیی بەڕێوەچوو.
هەروەها كۆمسیۆن دەڵێت، 25 هاوپەیمانی خواستی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان دەربڕیوە، 11 هاوپەیمانی تریش هێشتا چاوەڕێی پەسەندكردن، لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنی پێشوو، 21 هاوپەیمانی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەكاندا كردبوو.